YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
17
نیسان

ساڵیادی كۆچی دوایی شەهید محەمەد باقر حەكیم

Written by 
Published in ووتار

فازڵ میرانی

ساڵیادی كۆچی دوایی شەهید محەمەد باقر حەكیم كە ئەم ساڵە پێ دەنێتە 13ـەمین ساڵیادی كە لە 1ی رەجەبی ساڵی كۆچی بوو، یادگاریەكی خوێناویە، بۆ كەسێك كە هەمیشە بە شۆڕشگێڕ و تێكۆشەر ناسرابوو، ئەو یەكێك بوو لە ئیمامی مەرجەعیەكانی ئایەتولڵای عوزما موحسین ئەلحەكیم (قدس الله سره)، هەمیشەش بە هێمایەكی جیهاد و تێكۆشانمان ناساندبوو لە دژی زوڵم و ستەم لە هەر شوێنێك بووبێت بە تایبەتی لە عێراق. 
ئێمە هەردەم بە (ابو صادق، باوكی سادق) بانگمان دەكرد لەبەر ئەوەی یەكێك لە كوڕەكانی ناوی سادق بوو بەڵام هۆكارێكی دیكەی ئەو نازناوەشی ئەوە بوو كە شەهید هەمیشە كەسێكی راستگۆ بوو (صادق = راستگۆ)، هەمیشەش جێگەی باوەڕ و متمانەی ئێمە بوو. شتێكی وا ئاسان نییە بتوانم بە چەند وشەیەك سیفەت و خەسڵەتەكانی یەكێك لە پیاوە گەورەكانی عێراق بكەم، مەبەستیشم لێرە هەموو عێراقە بە عەرەب و كورد، سوننە و شیعە، مەسیحی و توركمان، ئێزدی و سابیئەی مەندائی و كاكەیی، واتا عێراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە. هەمیشە دیدارەكانم لەگەڵ شەهیدی میحراب لە یادمە بەتایبەتی كاتێك كە لەگەڵ شەهید ئیدریس بارزانی و بەڕێز مسعود بارزانی لە یەكێ لە بارەگاكانی پارتیمان لە ئازەربایجانی غەربی و ئورومیە پێشوازیمان لێ دەكرد، جارێكیان پاسەوانەكانی شەهید ویستیان رێ و شوێنە ئەمنیەكان توند بكەن ئەو بە پێكەنینەوە پێی گوتن: هیچ نیگەران مەبن من لە نێو كەسوكاری خۆم دام، من وا هەست دەكەم كە لە نێو بارەگای خۆم دام و خانەوادەی بارزانی و خەڵكی بارزان وەكو خانەوادەی حەكیم وان، من لە نێو خوشك و براكانی خۆم دام. 
من ئاوا شەهید حەكیمم بینی بۆیە هەر چییەكی لەسەر بنووسرێت هێشتا كەمە، بەداخەوەش كەسانێكی زۆر ویستیان لە رۆڵی شەهید كەم بكەنەوە و كەسانێكیش لە تێكۆشانی بەردەوام دان بۆ نیشاندانی رۆڵی راستەقینەی بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا باوكی سادق خۆی بە حیكمەت و سەركردایەتی خۆی و پەرۆشی بۆ یەكبونی عێراق رۆڵی خۆی سەلماند. 
لە ساڵی 1986 و لە كۆنگرەی سەرخستنی گەلی عێراق كە لە تاران گرێدرا، شەهید بە خێرایی ترپەی دڵ دەجوڵایەوە و بووە بنەمایەك كە هەموو كەس و لایەنێك لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی پشتیان پێ دەبەست، ئەم سیفەتانەشی لەو كۆنفڕانسەی تاران زیاتر بە دەركەوت، لەو كۆنگرەیەدا ئایەتولڵا محەمەد شەمسەددین مەرجەعی ئایینی لوبنان و شەهید ئیدریس بارزانی تیایدا ئامادە بوون، باوكی سادق لەو كۆنگرەیەدا پەرۆشی كۆكردنەوەی عێراقیان بوو لە دژی رژێمی لە گۆڕنراوی سەددام و ببوە ئەڵقەی پۆڵایینی گەیەنەری نێوان پرسی كورد و پرسی عێراقی بە گشتی بەو پێیەی هەردوو پرس لە دژایەتیكردنی رژێم هاوبەش بوون. 
لەو كاتەش كە هەندێك بیر و بۆچوون لە هەندێ بوار و دەستەواژەدا جیاواز بوون بە تایبەتی لە بارەی (خەبات و جیهاد، ئیسلامی یان عیلمانی)، ئەو كات شەهیدی میحراب بە قەڵەم و هزری خۆیەوە هاتە پێش وئێمە و ئەو ئەڵقەیەكی سیاسیمان پێكهێنا و لە كۆتاییدا ئەو سەركەوتوو بوو لە دەركردنی بەیانێك هەمووانی رازی كرد. لە كاتی گرێدان كۆنگرەی سەڵاحەددینیش و ئامادەكاری بۆ ئەو كۆنگرەیە كە خوالێخۆشبوو باوكی عەمار (عەبدولعەزیز حەكیم) نوێنەرایەتی ئەوی دەكرد، راسپاردەكانی بۆ ئێمە وەكو بۆن و بەرامی عەتر وابوو هاوكات وەكو چرایەك بوو بۆ رێگای راست و خوالێخۆشبوو عەبدولعەزیز حەكیم بەوپەڕی ئەمانەتەوە بۆمانی گواستەوە. 
ئەمڕۆ زۆر بە روونی هەست بە غیابی شەهیدی میحراب دەكەم، ئەگەرچی ئەو لە نێوانماندا هەمیشە زیندووە، پێشم وایە ئەگەر ئێستا لە ژیاندا بوایە مووسڵ و ئەنبار و فەللوجە نەدەكەوتنە دەستی تیرۆریستان و بێگومان رۆڵێكی جوامێرانەی لەم بوارەدا دەگێڕا، چونكە سوننە هەر وەكو شیعە متمانەیان پێیەوە هەبوو، باوكی سادق لە بیر و هزردا عێراقییەكی نموونەیی بوو و من ئەو شتەم لە بۆچوونەكانیدا بینی و بە هەموو واتای وشەوە كەسێكی نیشتیمان پەروەر بوو و داوای یەكبوونی گەلی عێراقی دەكرد بە هەموو پێكهاتەكانیەوە. 
هیچ زێدەڕۆییەكی تیا نییە كە بڵێین ئێمە لەوپەڕی ئازار داین بە لەدەستدانی ئەم زاتە بەرزە و پێویستیمان پێیەتی ئەگەر چی بە قەدەری خوای گەورە رازین و رۆڵی هەموو خێرخوازانمان لەبەرچاوە كە ژیانی خۆیان لە پێناو خەبات و جیهاد دا فەنا كرد. هەموومان هەست و سۆزمان بۆ ئەو كەسە مەزنە دەجوڵێتەوە، كەس و كاری خۆی، خەڵكی كەربەلا و كوردستان و ئەنبار و نەجەف. 
شەهید باوكی سادق خاوەنی هزرێكی گشتگیر بوو كە ویست و خواستی هەموو خەڵكی عێراق جێگای تیایدا دەبوەوە، ئەوەش ناشارمەوە كە هێڵە سەرەكییەكان و بنەمای فیدراڵیزم لە عێراقدا لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوون و رەزامەندی ئەو لە تاران بەر لە رووخانی رژێم چەسپاندمان و بەر لە گرێدانی كۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە لەندەن لە ساڵی 2002 دا. 
بەڵێ تیرۆر جەستەی شەهیدی لێ بردین بەڵام خوێنی شەهید و یادمانی ئەم زاتە زۆر لەوە گەورەترە كە لەیاد بكرێت، ئەم قوڵاییەش لە خۆشەویستی نێوانمان بارزانیی نەمر و زانا و ئیمامی مەزن شەهید موحسین ئەلحەكیم دایانمەزراند. 
یەكێك لە سیفەتەكانی شەهید ئەوە بوو، خوێندنەوەی بۆ ئایندە هەبوو و ئەمەش بە بۆچوونی من لە ئەنجامی كارلێكی نێوان خودی مرۆڤ و باوەڕی ئەم مرۆڤەوە دروست دەبێت، شەهیدی هەمیشە لەیاد بە حوكمی عەقیدە و ئینتیما و خواپەرستی و پەروەردەی ئایینیەوە، هزری سەركردەیەكی عێراقی هەبوو كە هەموو عێراقیان رێزیان لێ دەنا، ئەو هەڵگری هزری ئایەتولڵای عوزما سەید موحسین حەكیم بوو، مەرجەعیەتی خوالێخۆشبوو و سۆزی ئەو هەمیشە رۆڵێكی گەورەیان لە نزیككردنەوەی عێراقیان بینیوە. 
لێرەدا ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی شەهیدی هەمیشە لە یاد بە تەواوی بناسێنم، شەهید لە ماڵێكی پڕ لە زانست لە دایك بوو و لە هەڕەتی لاوێتیدا چاودێری وەرزی حەج و كاروباری پایتەختی شیعەی دەكرد و دواتر بووە بەشێكی كاریگەر لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و چەندین جار خوای گەورە لە دەستی رەشی تیرۆریستان رزگاری كرد و ئەگەر لەو كاتەوە بكەوتبایەوە دەستی رژێم ئەوا ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی ئەو رۆڵەی ئێستای نەدەبوو و ئەوكات زەرەری ئێمە بۆ ئەو زاتە زیاتر دەبوو خەمەكەشمان قووڵتر دەبوو. باوكی سادق كەسێكی پێگەیشتوو بوو لە بواری سیاسەت و خاوەنی باكگراوندێكی مەزن بوو لە هزری ماڵی (ئال ئەلبەیت) و كار و چالاكی بەردەوامی بۆ ئەوە بوو ئیدارەی ماڵی شیعە بدات و بووە خاوەنی سامانێكی گەورە لە تێگەیشتن و شیكاری و بەردەوام پەرۆشی پرسی خۆی بوو كە باوەڕی تەواوی پێی هەبوو و قسەكانیشی بەخۆڕایی نەبوون و هەوڵەكانیشی بووە هۆكاری ئەوەی لادانی دیكتاتۆر بە هەوڵێكی نێودەوڵەتیەوە بێت. 
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بگەین كە ئەوانەی لەگەڵ شەهیدی میحراب رۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی دیكتاتۆرییەتدا بینی لە چەندین بیر و هزری جیاوازەوە بوون و خاوەنی هیوایەكی گەورە بوون لە كار و بەوپەڕی شانازیەوە كاری تێكۆشەرانەی خۆیان كرد. ئێمەش بەو پەڕی فەخرەوە لەو كاتەدا كە لە زاخۆوە تا بەسڕا خەباتمان دەكرد بۆ رزگاربوونی وڵاتمان لە چنگی دیكتاتۆریەت، هاوخەباتی ماڵی حەكیم بووین لە ڕووی سیاسی و نیشتیمانیەوە، ئەم خەباتەش نزیك بوونەوەیەكی هزری و روحی دروست كرد و چەندین لایەنی عێراقی رەسەنی بەیەكەوە گرێدا، شەهیدی میحراب كەسێكی عێراقی بوو كاری بۆ ئەوە دەكرد عێراق بە یەك پارچەیی بمێنێتەوە و سەربەخۆیی و سەروەری بمێنێتەوە، بێگومانیش هەر وا دەبێ چونكە ئەو لە ماڵێكی خاوێن و هۆشیارەوە دەرچووە و هەمیشە خۆی بۆ شەهید بوون ئامادە دەكرد و هەموو وێستگەكانی تاراوەگەی ئەو شایەدیەی بۆ دەدەن، ئەو بەردەوام پەرۆشی (سەروەری عێراق، پرسی نیشتیمانی عێراقی، دڵخۆشكردنی عێراقییان و یەكبوونی عێراق) بوو
ئەمڕۆش ئەم قەیرانەی پێیدا تێدەپەڕین پێویستی بە پیاوی وەكو شەهید هەیە كە هەمان هزر و ئیرادەی هەبێت، گەلی عێراق تینووی ئازادی و سەربەخۆییە و هیچ كەسێك بۆی نیە موزایەدە لەسەر نیشتیمان پەروەری ئەم گەلە بكات بەڵام پێویستشی بە سەركردایەتیەكی نیشتیمانی هەیە كە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی بێت و ئەگەر ئەم بڕیارە هاتە دی هەموو لایەنگرانی تایفەگەری و شۆفێنیزم و تیرۆر لەناو دەبەین. 
لە ساڵیادی شەهیدبوونیشی، هەموو بەرپرسیارێتیە نیشتیمانیەكانی ئەو دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هیچ كاتێك ئازاری لە دەستدان و شەهیدبوونی لەیاد نەكەین كە هێشتا چاوی بە دڵخۆشی عێراقیان تێر نەبو بوو. 
لە دوایین قسەكانیشمدا پێم باشە بڵێم، یەكبوونمان لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد و لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەركردە گەورەكانی بزاڤی نیشتیمانی و جیهادی هاو تەمەنی بوون لەوانەش شەهیدی میحراب و براكەی عەزیزی عێراق و پێشی ئەوانیش شەهیدی فیكر محەمەد باقر ئەل سەدر و محەمەد سادق ئەل سەدر و هەموو ئەو سەركردە روناكبیرانە، هیچ ترسێكیان لە دیكتاتۆریەت نەبوو و بزاڤی كوردستانی و پارتیشمان و هەموو عێراقیان، تا ئێستاش پێویستیان بە سەركردایەتی نیشتیمانی لە نموونەی ئەوان هەیە بۆ دەرچوون لە تەگەرەكانی هزری تەسكی حزبی و عێراق لەو گرفتانەی دەربچێت، و دەشمەوێ بەیادی خوێنەری بەڕێزی بهێنمەوە كە نووسینەكەم پشت بە لۆژیك و واقیع دەبەستێت كە دروستكردنی دەوڵەتمان پێ نیشان دەدات لەسەر بنەمایەكی پتە بە هەبوونی پێوەری خودی و بابەتی كە لەگەڵ گەشەسەندن و بەردەومیدا بگونجێت

Read 282 times Last modified on یەک شەممە, 17 نیسان 2016 16:08
Rate this item
(0 votes)