YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
27
ئەیلول

داواكاری مامۆستایان له‌سه‌ر سه‌ره‌، به‌ڵام

Written by 
Published in ووتار

 

 

فارس قادر فەقێ عەولا
لەم یەك دوو هەفتەیەدا لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین گوایە مقۆمقۆیەك هەیە وا دەبێ و وا دەكرێت و وای لێدێت، دیارە هەروەك مەسەلەكە گوتەنی (هیچ دوكەڵێك بێ ئاگر نییە) دیارە ئەم ئاگرەی دانراوە دایبگیرسێنن ئاگركەرەكان سەری فتیلەكە و شوێن و سەرچاوەكەی دیارە، دەكرێت بڵێین هەمان شوێنی پێشترن كە سەرچاوەی ئاگرە خۆسووتێنەكان بوونە، بە داخەوە كە دەڵێم ئەویش لە سنووری (زۆنی سەوزە) یان ناوچەی سەوزە. دیارە قینلەدڵان وەك ماری سڕ چاوەڕوانی دەرفەتێكن وەك چۆن مار بە تیشكی خۆر بە جوڵە دەكەوێت و خۆی كەشفدەكات و ژەهری خۆی دەڕێژێت، ئەم قینلەدڵانەش، دیارە هەمووكات لە كەمیندان و هەر كەسێ بڵێت سەرم دێشێت، تۆزێك هیلاكم، لێی دێنە دەست و خۆیان دەكەن بە خاوەنی و دەڵێن وا دەمرێت، رێگای گۆڕستان بە خەڵك و میللەت نیشاندەدەن.
هەروەك پیشەیان دیارە ئەم جارەشیان دەیانەوێت داوا و داخوازییە رەواكانی مامۆستایانی بەڕێز و شەقام بەلاڕێدا ببەن، دیارە هەر لە ئێستاوە باسی دەكەن و كاریان بۆ كردووە كە چۆن دەیسوتێنن و چۆن تێكیدەدەن. هەروەك پێشتر لە خۆپیشاندانی هێمنانە بۆ سووتاندنی بارەگەكانی پارتی دوای هەوڵدان بۆ گواستنەوەی فەوزا و گێرەشێوێنی بۆ بەردەم پەرلەمان لە هەولێر و دواتریش هەوڵی كودەتاكردن لە ناوپەرلەمان هەنگاو بە هەنگاو، گەر بێنینیەوە یادی خۆمان تا وایان لێهات داواكاری جەماوەریان شێواند و رێڕەوی داوا رەواكانییان گۆڕی بۆ مەرامی گلاوی خۆیان.
ئەوە بوو دڵسۆزان و خاوەن پەیامانی ئەم بیرۆكە كە لە جەماوەرە بێلایەن و دڵسۆزەكان بوون. بە ناچاری گەڕانەوە دواوە بۆ ئەوەی خوێنڕشتن لە ناوچەكانی تری كوردستان نەگرێتەوە، زۆر بە دڵسۆزی و گیانێكی نیشتیمانپەروەرانە گۆڕەپانەكەیان چۆلكرد كە تەنیا داخ لە دڵ و بازرگانەكانی جەنگ و كاوڵكارەكان بە تەنیا مانەوە كە دواتر ئەوانیش ناچاربوون بگەڕێنەوە مۆڵگە تاریك و بارەگە ترسناكەكانیان بە شەرمەزاری و خۆبزركردن و چوونە دەرەوە لە وڵات بە بیانووی نەخۆشی و هۆكاری جۆراوجۆر.
ئەوەی من ئێستا دەیبینم هەمان دەرهێنەر و هەمان سیناریۆكار دووپات و سێ پاتی دەكاتەوە و دەیەوێت ئەمجارەش سەر لە میللەت و مامۆستایان بشێوێنن. مامۆستایان و قوتابیان چین و توێژێكی شەرەفمەندی ئەم كۆمەڵگایەن كە تاوانە بۆ مەرامی گلاوی بازرگانە سیاسییەكان كاریان پێبكرێت و سەریان لێ بشێوێندرێت و داوا رەواكانیان لەكەداربكرێت، چونكە داواكاریان رەوایە و پیرۆزە، بەڵام گرەنتی چییە ئەم دڵڕەشانە لە رێڕەوی خۆیان لایان نەدەن بۆ مەرامی خۆیان بە كاریان نەهێنن، چونكە ئەم دڵڕەشانە بە هەردوو شێوە لە كۆتاییدا گاڵتەی خۆیان بە مامۆستایان دەكەن، چ بە كردن یان نەكردن، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە لێیان تێكبدەن و لێنەگەڕێن پەیامەكەیان بگەیەنن. بۆیە دەڵێم بەڕێزینە منیش وەك مامۆستایەك كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پیشە شەرەفمەندیەم هەبووە، دەبێ زۆر حەزەربین و چیتر هزرگەندەڵەكان بۆ مەرامی گلاوی خۆیان بە كارمان نەهێنن، چونكە ئێمە تەجروبەمان لەگەڵ ئەم زاتانە هەیە، تكایە بەرهەم و شەونخوونی و برسیەتی و هیلاكی خۆتان مەكەن بە دیاری بۆ ئەم قینلەدڵانە، دوایی كە لە دەستدەرچوو هەموومان دۆڕاو دەبین بەر لە هەموو كەس مامۆستا و كرێكار و پێشمەرگە و دایكە شەهید و كاسبكار و رەش و رووت ماڵوێران دەبن، بەر لە هەموو كەس خاوەن ماڵ، ماڵوێران دەبێت، ئەم برادەرانەی میوانن لێی دەردەچن وەك پیشەی هەمیشەییان كە لێشیان تێكداین دەچنە ئەوپەڕی سنوور و پێمان پێدەكەنن.
بۆیە دەڵێم تا پێمان پێنەكەنیون با ئێمە بیانگریێنین و سەری فتیلەكە بگرین با ئاگرەكە دانەگیرسێنین، با هەموو سەری مارەكە پان بكەینەوە و داوای مافی مامۆستایانیش بەبێ شەرمی بكەین. ئێمە بە هێمنییەوە جوانین با بە هێمنیش بێینە سەر شەقام، بەڵام گەر گرەنتی ئەوەمان نەبوو هێمن دەبین بەهۆی قینلەدڵ و (تابووری پێنجەم) دەبێ لە سەری راوەستین، ئەم میللەتە توانای هیچ كارەساتێكی تری نەماوە، گەر نەتوانین برینەكان ساڕێژ و چارەسەربكەین با برینی تر دروست نەكەین. چونكە مامۆستا هەر گەورە و رابەر بووە، ئەم وڵاتەش بە خوێنی پێشمەرگە پارێزراوە و بە خامەی مامۆستایانیش نەخش و نیگار كراوە و بە بازووی پالە و كرێكاران بنیاتنراوە، بە حیكمەتی بیرمەند و هۆشمەند و پیاوە زیرەكەكان راگیراوە، با ئاگاداربین ئەم ئەزموونە تەسلیمی دەستی خۆفرۆش و مێژوو رەشەكان نەكەین، با دەست لە ناو دەست هەموومان بە پێشڕەوی مامۆستایان چاكسازی بكەین و داوای مافی هەموو تاكێك بكەین لە سەرووی هەموویانەوە رابەرانی زانست و مامۆستایانی بەڕێز، بەڵام لەگەڵیشیدا پارێزەری دەستكەوتەكان بین و با لە پەنای مامۆستایان دەستكەوتەكان نەدۆڕێنین و دڵی دوژمنان و ئەم قینلەدڵانە خۆش نەكەین.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی

Read 1337 times
Rate this item
(0 votes)