YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
29
ئەیلول

لە كەس قبووڵ ناكەین مافەكانمان زەوت بكات

Written by 
Published in ووتار

 

 

فارس قادر فەقێ عەولا*

ئەم دەستەواژەیەم لە شاشەی كەناڵی رووداو لە بەرواری 9/9/2016 بەرچاوكەوت، گوایە ئەمە قسەی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە، بەراستی قسەیەكی جوانە و دەستخۆشی لێدەكەم، هەر واشە، مرۆڤ ئەگەر نەیتوانی بەرگری لە مافەكانی خۆی بكات، كەواتە هیچی بۆ خانەوادە و بگرە بۆ نیشتمانەكەشی پێ ناكرێت و دەتوانین بڵێین هیچی بۆ مافخوراو و لێقەوماوێكیش پێناكرێت. تا ئێرە من زۆر لەگەڵ قسەكانی بەڕێزیاندام، بەڵام پرسیارێك هەیە، ئایا جەنابیشیان هەر وەك من و كەسانی تر بەو مێشكە ساردە وەریانگرتووە، یان مەبەستی شتێكی ترە؟ ئەمەش ئینشائەلڵا وا نییە، تەنها مەبەست لەو دەستەواژەیە هەر هێندەیە و بەس! بەڵام ئەگەر بمبوورێت و لێم قبووڵبكات وای بە باشدەزانم قسەكانی بگۆڕێت و هەروەك بارزانیی نەمر فەرموویەتی: نە غەدر لە كەس دەكەین و نە غەدریش لە كەس قبووڵ دەكەین. من بە نەوشیروان مستەفا دەڵێم گەر مەبەستی وایە؟ دەڵێم بەشەكەی تریش كە مافی خەڵكە لە بیرمەكە، بەڵێ دەستخۆش و لێمەگەڕێ كەسیش مافت بخوات.
ئەمەش شتێكی سروشتییە مرۆڤ دەبێت هۆشیار بێت بۆ پاراستنی مافەكانی خۆی و مافی كەسیش نەخوات، ئەمەشیان زەروورە، وایە قسەیەكی رەوایە پێغەمبەری ئیسلامیش محەممەد (د.خ) فەرموویەتی (لا یۆمن أحدكم حتی یحب ڵاخیه ما یحب لنفسه) كەواتە كەستان ئیماندار نابن تا ئەوەی پێتانخۆشە بۆ خۆتان و هەمان شتیشتان پێ خۆش نەبێت بۆ براكانتان، كەواتە گەر خۆت مافی خۆت ویست و ئینكاری بەرامبەرەكەی خۆت كرد لە موسڵماندا تۆ ئیماندارنی گەر ئیمانداریش نەبووی دەچیتە خانەی دژە ئیمان، كەواتە بێدین و مونافق. بۆیە خۆزگە دەخوازم بەرێزت و هەموو سیاسەتمەدار و رووناكبیر و شرۆڤەوان و سەركردە و برا گەورە و دەمراستەكان، كاتی خوێندنەوەی ئایەتەكان ئایەتەكانیان وەك خۆی بە تەواوی دەخوێندەوە وەك خوای گەورە دەفەرمووێ (لا تقربوا الصلاە) مانایەكی زۆر پێچەوانە دەدات كە پێچەوانەی مەبەستەكەیە، گەر بەشی دووەم و تەواوكەرەكەی نەخوێنییەوە كە دەفەرمووێ‌ (وأنتم سكاری) كەواتە ئایەتە بە ماناو بە سوود و بە نرخەكە، دەبێ هەمووی بخوێندرێتەوە و شەرم نەكەین و خیانەت لەگەڵ خوا نەكەین دەبێ بڵێین (ولا تقربوا الصلاە وانتم سكاری).
ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر دەبێ بڵێین ئایەتێكی تریش هەیە لەگەڵ تێپەڕینی كات ئەم ئایتەی لادا بە یەكجاری تەواو مەجالی شیكردنەوەی نەدا كە دەفەرمووێ‌ (حرمە اللە الخمرە) كەواتە تەواو حەرامە بە هەموو شێوەێك وانتم سكاری نەما. منیش پێموایە ئێمە كە دەڵێین لە كەس قبووڵ ناكەین، رەنگە وەك تهدید بخوێندرێتەوە، رەنگە بۆ ئەمرۆی كورد جوان نەبێت، ناشرین بێت گەر بیكەین (لە كەس قبووڵ نەكەین مافەكانمان زەوت بكات و مافی كەسیش زەوت ناكەین) بەراستی جوانترە و جەنابیشت جوانتر دەبیت،  بۆیە دەڵێم ئومێد دەخوازم هیچ مەبەستێكت نەبێ‌ت لە تەواونەكردنی بەشی دووەم، هیوادارم دڵت وابێ‌ تەنها لەسەر زمان لە بیر كرابێت.
ئەم نموونەیەم هەر بۆ بە بیرهێنانەوە بوو، چونكە قورئان لە واقیعدا جوانە، گەر بە ناشیرینی نەیخوێنیتەوە، هەموو گرفتەكانی چارەسەر كردووە، منیش مەبەستموایە، ماموستایانی بەرێزی ئاینی ئیسلام و زانایانی بواری ئایینی، دەتوانن جوانییەكەی نیشانبدەن و هەندێ‌جار نەزان و نەفامەكان دەتوانن لەگەڵ داوای لێبووردن لە خوای خۆم ناشیرینی بكەن هەرچەندە قورئان بە كەس ناشیرین نابێت كە لەگەڵ ئەوەی زۆر بێ روحم ئایەتەكان بە پێچەوانە و بە كەموكوڕی دەخوێننەوە، بۆ كەسانی ساویلكە و بێ ئاگا و نەخوێندەوار، بۆیە بە هەڵە خوێندنەوەی وانەی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری باش نییە، گەر بە قەدەر غەدركردنی نەبێت لە قورئان پێموایە هیچی كەمتر نییە، چونكە غەدرە لە كۆمەڵگە، بۆیە بە باشی نازانم هەموو سات و كاتێك بە تایبەتی بۆ كاتی ئێستامان وەك كەموكوڕی لە خوێندەنەوەی ئایەتەكە دەیبینم لەبەر ئەوە پێت دەڵێم هیوادارم مەبەستت خێر بێت و هەرچەندە دەبا زووتربا، بەڵام هەر باشە بگەڕێیتەوە بۆ قسەی خێر، ئەگەرچی بەر لە جەنابیشت پارتی و بارزانی گوتویانە (نە غەدر لە كەس دەكەین و نە غەدریش لە كەس قبووڵ دەكەین) گەر سەیر بكەین پێش جەنابت پێشتر گوتوویانە و لەوەش زیاتر و گرنگتر لە گوتن جوانتر و باشتر بە عەدالەت تر گوتراوە، بەشی یەكەمی قسەكان پارتی دەڵێ (غەدر لە كەس ناكەین) لە بەشی دووەمی دەڵێ (لە كەس قبووڵ ناكەین) ئەمەش حیكمەتی خۆی هەیە، چونكە ئەوەی غەدر لە خەڵك بكات نە بۆ خۆی نە بۆ كەس هیچی پێ ناكرێت، بە تەئكید دیفاعیشی پێ لە خۆی ناكرێ‌ جا هیوادارم لەناو دڵەوە هەمووی قبووڵ بكەیت، بڕوا بكە هەردوو لای بابەتەكە قبووڵ بكەیت پێموایە (پێت دەڵێم هیچ شتێك نامینێت لەو وڵاتەدا پێی بڵێن كێشە یان گرفت) تۆش تاكێكی جوانتر دەبیت بە جوانی تۆش هەموومان جوانتر دەبین، چونكە كورد وەك جەستەیەكە، گەر بەشێكی نەخۆش بێت، هەمووی نەخۆشە، هیوادارم نەخۆشیمان نەمینێت، عەرەب گوتەنی (العقل السلیم فی الجسم السلیم) كەواتە (عەقلی ساغ لە لاشەی ساغە) هیوادارم جەنابیشتان وەك جەستەی مرۆڤ تەماشای بابەتەكە بكەیت، جلی جوان لاشەی نەخوش عیلاج ناكات، با جل و جەستەمان وەك یەك جوان بكەین، چیتر دەست غەلەتی خۆمان نەدەین, دەتوانین خەڵك فریوبدەین، بەس گرنگ ئەوەیە لە ناخەوە بڕوا بە خۆمان بكەین (خۆمان بڕوامان بە قسەی خۆمان نەبێت چۆن خەڵك بڕوامان پێدەكات) با دڵەكان خاوێن بكەینەوە، مافی خۆمان و مافی كەسانی تریش بدەین، دڵنابە لە كۆتاییدا هەر راستی سەردەكەوێت، گەمەی سیاسی و نا تەندروست لەگەڵ زەمەن تەواو دەبێت، زۆرمان بینیوە، ئەوەی ماوەش دەی بینین لە كۆتاییدا نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدان و بۆ راستی و راستگۆیی و برایەتی.
ببوورن لە كاتی تەواوبوونی نووسینی ئەم بابەتەم، برادەرێكم هاتە لام، پرسیاری كرد، ویستی بزانێ چیم نووسیوە كە بۆم خوێندەوە گوتی: مەبەستی بەرێز (نەوشیروان موستەفایە) پێموایە لەگەڵ بەغدایە؟ گوتم: نازانم! رەنگە وابێت! بەڵام مەبەست هەر كێ‌ بێت لە بابەتەكە ناگۆڕێت، خۆ ئێمە راستە غەدر لە بەغدا قبووڵ ناكەین، بەڵام گەر مەبەست بەغداش بێت نابێت ئێمەش غەدر لەوان بكەین، بە هەرحاڵ مەبەست هەر كێ‌ بێت گرنگ نییە، هەر كەسێك دەتوانێ بە شێوازێك لێكی بداتەوە، ئومێدەوارم وا بیر بكەینەوە، نە غەدر لە كەس بكەین و نە لە كەسیش قبوول بكەین، جا ئەو كەسە هەر كێ بێت. هەروەها ئەم گفتوگۆیە شتێكی تری هێنا خەیاڵم، كاتی خۆی قوتابی بووم لە زانكۆی (مستنسریە) لە بەغدا، چەند برادەرێكی كوردم هەبوو، بە یەكەوە دادەنیشتین لە نادی كولیج دوو برادەر زۆر لە یەكتر نزیكبوون، یەكێكیان عەرەبی دەزانی ئەوەی تر هیچی نەدەزانی، لەكاتی داواكردنی هەر شتێك ئەوەی عەرەبی نەدەزانی تەماشای دەوی ئەوەی تری دەكرد، چی داوا بكردبا، وەك ئەو داوای دەكرد گەر بیگوتوبا (شای) دەی گوت (انی هم شای) گەر بیگوتوبا شەربت دەی گوت (انی هم شربت) خۆ نەزانینی عەرەبی عەیب و شورەیی نییە، وا باشترە تا تووشی  هەڵە نەبین، لە زمان بڵێین وەك فلان گووتی باشترە تا بە كەم و كوڕی نەیڵێین و ئەگەر وەك ئەویش حەزناكەین دڵمان بۆی ناچێ و مەعیدەمان قبوولی ناكات، با بۆ نەزانینی عەرەبی دڵی خۆمان نەگوشین و مەعیدەشمان ئازار نەدەین، دەكرێت بە ئیشارەت داوا و مەبەست و خواستەكانی دڵ لە موقابیلەكەمانی بكەین یان لێبگەڕێین ئەوانەی لەم كارە دەزانن ئەم كارەمان بۆ بكەن كە دڵ و گەدە و ژیانمان خۆشدەكەن و دەپارێزن.
بۆ دڵنیابوون (مەبەستیشم لە زانینی عەرەبی مانای ئەوە نییە برادەرایەتی (نوری مالكی) بكەن، بیبەین بۆ هەڵەبجە بڵێین قوربان تۆ كە مەعاشی ئێمەت بڕی، شایەنی رێزی و لەسەر گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە پاداشتت دەدینەوە، بۆ ئەوەشم نییە كۆنە رەفیق بەعسی (حەنان فەتلاوی) لە كوردستان دەعوەت بكەین و بڵێین فەرموو نەسیحەتمان بكە، یان نامە بنێرین بۆ عەبادی و بڵێین (نەوتی كەركووك راگرە) عەرەبی زانین تەنها بۆ ئەوە باشە ئاگادار بین بە عەرەبی غەدرمان لێ نەكەن، چونكە ئەوانەی دۆستی ئێوەن بەر لە كورد غەدریان لە عەرەب كردووە، بە هەر زمانێك قسەیان لەگەڵ بكەن یەك ئەنجام بە دەست دێنین ئەویش ژێردەستەیی و نۆكەرییە. هیوادارم قسەی برادەرەكەم راست بێت، ئیوەش لەگەڵ ئەوانتان بێت كە دەڵێیت غەدر لە كەس قبووڵ ناكەین، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە تكایە خوانەخواستە گەر بوون بە دەسەڵاتدار، ئێوەش غەدر لە وان مەكەن و لە میللەتی خۆشتان مەكەن.

* ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگەی هەولێری (پ.د.ك)

 

 

Read 812 times
Rate this item
(0 votes)