YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
12
ئایار

له‌ساڵیادی شه‌هید له‌یلا قاسم دا

Written by 
Published in هه‌واڵ

ڕۆژی (12-5-1974) له‌یلا قاسم‌و هاوڕێكانی له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی به‌عس له‌سێداره‌ دران.
له‌گه‌ڵ ئاڵۆزی بارودۆخ‌و به‌رفراوانبونی شه‌ڕی نێوان كورد‌و ڕژێمی به‌عس له‌ساڵی (1974)، دام‌و ده‌زگاكانی ڕژیمی به‌عس زۆر به‌توندی چاودێری جموجوَڵی لاوانی كوردو ڕێكخستنه‌كانیان ده‌كرد.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ڕۆژی (28-4-1974) له‌یلا قاسم‌و چوار له‌هاوڕێكانی (جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، نه‌ریمان فواد مه‌ستی، ئازاد سلێمان، حه‌سه‌ن حه‌مه‌ ڕه‌شید) له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ڕژیمی به‌عسه‌وه‌ له‌شاری به‌غدا ده‌ستگیركران، ده‌ستبه‌جێ ڕژێمی به‌عس له‌ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی خۆیه‌وه‌ له‌یلا قاسم‌و هاوڕێكانی به‌تێكده‌ر‌و گێره‌شێوێن تۆمه‌تبار كرد.

له‌یلا قاسم كه‌ به‌سومبولی شۆڕشگێڕی ناو ده‌برێت له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری ڕژیمی به‌عسدا ڕایگه‌یاند بو، كه‌ به‌شه‌هیدكردنی ئه‌و  هه‌زاران لاوی كورد ڕق ئه‌ستور تر ده‌بن‌و درێژه‌ به‌خه‌بات ده‌ده‌ن، زۆریش خۆشحاڵ ده‌بم كه‌ گیانم فیدای كوردستان ده‌كه‌م.

ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌زیندان نه‌یتوانی له‌یلا قاسم‌و هاوڕێكانی له‌سه‌ر ڕێبازی كوردایه‌تی په‌شیمان بكاته‌وه‌.

دوای ده‌ستگیركردنی له‌یلا قاسم‌و هاوڕێكانی، له‌دادگایه‌كی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ڕژێمی به‌عسدا بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركرا، دوای دوو هه‌فته‌ له‌ده‌ستگیركردنیان له‌ڕۆژی (12-5-1974) له‌یلا قاسم‌و هه‌ر چوار هاوڕێكه‌ی له‌سێداره‌ دران، گه‌یشتنه‌ كاروانی پڕ سه‌روه‌ری شه‌هیدان. 
دواتریش سه‌لام قاسم برای له‌یلا قاسم له‌شاری به‌غدا له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ شه‌هید كرا.

هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم‌و هاوڕێكانی بڵاوبوه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری كرده‌ سه‌ر لاوان‌و ڕۆشنبیرانی كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، به‌سه‌دان گه‌نج ڕویان كرده‌ شاخ بۆ پێشمه‌رگایه‌تی.

(له‌یلا قاسم) له‌ساڵی (1952) له‌خانه‌قین له‌دایك بوه‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی له‌خانه‌قین ته‌واو كردوه‌، ساڵی (1971) له‌به‌شی كۆمه‌ڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌، دواتر له‌ڕێی سه‌لام قاسمی‌ برایه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردوه‌، به‌ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌، له‌نێو قوتابیه‌ كورده‌كانی زانكۆی به‌غدا ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوه‌ له‌جۆشدانی لاوان‌و هۆشیاركردنه‌وه‌و ڕێكخستنیان، كچه‌ خوێندكارێكی چوست‌و چالاكی ڕێكخستنه‌كان بوه‌، هه‌روه‌ها شان به‌شانی قوتابیه‌ كوڕه‌كانی كورد خه‌باتێكی به‌رفراوانی ده‌ستپێكرد بو، به‌رده‌وام بو له‌خه‌باتی ڕێكخستنه‌كان تا ڕۆژی ده‌ستگیر كردن‌و له‌سێداره‌دانی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا

Read 743 times
Rate this item
(2 votes)