YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
16
ئایار

مەسروور بارزانی: ئەگەر خۆمان ژێردەستی قەبووڵ نەکەین، هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە

Written by 
Published in هه‌واڵ

 بە بۆنەی سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس‌پیکۆدا، (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەکات. دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین، تاکو سەربەخۆ بین. نابێت رێگا بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان ویستی کەسی بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات.

 

دەقی پەیامی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان(مەسروور بارزانی):
ئەمڕۆ سەد ساڵ بەسەر رێککەوتنی سایکس‌پیکۆدا تێدەپەڕێت کە، بۆ بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەتی کورد پڕ بووە لە وێرانکاری و ژێردەستی و نادادپەروەری. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو کاتەوە ئاشتی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە دانانی سنوورەکان و دابەشکردنی ناوچەکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەکانی ئەوسا بووە، بە بێ ڕەچاوکردنی ویستی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان.
لە ئەنجامی ئەم چەوتییە مێژووییە، ناوچەکەمان دووچاری قەیران و شەڕ و وێرانکاریی زۆر بووە و گەلەکەمان قوربانیی زۆری داوە لە پێناو پاراستنی ناسنامەی خۆی.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەک دان بەم هەڵە کارەساتبارە دابنێن. بۆ راستکردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەرییە پێویستە رێگە بە خەڵکی ناوچەکە بدرێت بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن.
هیوادارم چیی دیکە گەلی کوردستان رێگە نەدات لە ژێر هیچ بیانوویەک و هیچ فشارێک، هێز یان لایەنێک یاری بە چارەنووسیان بکات و ئەم دەرفەتەی هاتووەتە پێش لە دەست بچێت. دەبێت گەلەکەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەکات. دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین، تاکو سەربەخۆ بین. نابێت رێگا بدەین یارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی یان ویستی کەسی بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بکات. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قەبووڵ نەکەین هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و رێگە نەدەین هیچ کەس و لایەنێک لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز کە کاتی ئەوە نییە یاخود بارودۆخ گونجاو نییە، هەر بە پاشکۆ بمێنینەوە. کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین.
لەم بۆنەیەدا داوا دەکەین هەموو جیهان و بە تایبەت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێز لە قوربانییەکانی گەلەکەمان و بڕیارەکەی بگرن و ئەم هەڵوێستەی ئێمە بە دەستپێشخەرییەکی ئاشتیانە و چارەسەری بنەڕەتی وەربگرن و بە دۆست و دراوسێی هاوتا و یەکسان یەکتر قەبووڵ بکەین.
  

Read 577 times
Rate this item
(0 votes)