YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
18
ئایار

بەریتانیا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

Written by 
Published in هه‌واڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 18 - 5 – 2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە جەنەڕاڵ (تۆم بەیكت) نێردراوی تایبەتیی ئاسایشی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی خۆیان بەرامبەر نەبەردی و قارەمانیەتیی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش نیشان دا و بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی بەریتانیایان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دووپات كردەوە.
هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ ئەوان گرینگە لە نزیكەوە ئاگاداری دواپێشهاتەكانی ڕەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بن و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لە نێوان لایەنەكان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا هەبێت، بەتایبەتی لە شەڕی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵدا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشترین و گەورەترین سەركەوتن بەسەر تیرۆردا بەدەست بهێنرێت، چونكە تیرۆر بۆ سەر هەموو جیهانی ئازاد هەڕەشەیە.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێستا لە قۆناغێكی نوێی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدان و ئازادكردنی شاری مووسڵیش یەكێك لە هەنگاوە هەرە گرینگەكانی ئەو قۆناغەن، بەڵام پێویستە ئۆپەراسیۆنەكە بەپێی پلانێكی ڕێكوپێك و باش بێت و هەموو لایەك لەو پلانەدا ئەرك و بەرپرسیارەتییان دیار بێت، هەنگاوی دواتریش ئەوەیە كە بە جددی دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە چۆن سەقامگیریی بۆ دەڤەرە ئازادكراوەكان بگەڕێنرێتەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوەش كرد كە، شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بۆ هەرێمی كوردستان لە كارە هەرە لەپێشینەكانە، چونكە هەڕەشەی تیرۆر بۆ هەموو لایەكە. بە پێویستیشی زانی بیر لە قۆناغی دوای داعش بكرێتەوە بەتایبەتی لە لایەنی دابینكردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
تاوتووكردنی چەند بابەتێكی دیكەی وەك پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دواپێشهاتەكانی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Read 426 times
Rate this item
(0 votes)