YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
05
حوزەیران

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی فەرەنسی کرد

Written by 
Published in هه‌واڵ

 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 5-6-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە فرانسوا فالۆن سەرۆكوەزیرانی پێشوو و ئەندامی خولی ئێستای پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێكی پەرلەمانتاران و دیپلۆماتكارانی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا فالۆن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان نیشان دا و باسی لە پرۆگرامی سەردانەكەی و بەسەركردنەوەی كەمپی ئاوارە و پەنابەران و بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆر كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر قارەمانێتیی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەتایبەتی ئەوانەی ئەم دواییە كرد.
لای خۆیەوە  سەرۆكوەزیران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی  فالۆن و شاندی یاوەری و سەردانی پێشووی بۆ هەرێمی كوردستان، كاتێك سەرۆكوەزیرانی فەرەنسا بوو دەربڕی و سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەكانی فەرەنسای كرد و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆر بەردەوامە. جەختی لەوەش كردەوە كە بۆ زیاتر هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات.

 

هەر لە دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت فاكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكە و باشترین پەیوەندی لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر هەبێت و كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و پێویستیی هاوكاریكردنیان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقەوە، دۆخی دارایی و سیاسیی هەرێمی كوردستان، كاریگەریییەكانی قەیرانی دارایی و شەڕی دژەتیرۆر لەسەر ڕەوشی هەرێم، ئەو بارگرانییەی بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆرەوە كەوتۆتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دۆخی كرستیانەكان لە عێراق و پەناهێنانیان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی سووریا، خرانە بەر باس.

Read 462 times
Rate this item
(0 votes)