YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
18
تەمموز

بەیان سامی: پرۆتۆكۆڵەکەی هەولێر-واشنتۆن هەنگاوی زۆر گەورەتری بە دواوە دەبێ

Written by 
Published in هه‌واڵ

-نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا دەڵێ پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمەریكا زۆر كار دەکاتە سەر سیاسەت و پێگەی هەرێمی كوردستان و ئەم پرۆتۆكۆڵە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و ئەگەری هەیە هەنگاوی زۆر گەورەتریشی بەدواوە بێت؛  "سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی زۆر بەهێزی لە سەرگرتنی پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمەریكا هەبوو."

12ی ئەم مانگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئێلیزا سلۆتكین یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و یادداشتی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا و جەخت لە هاوبەشی و پتەوكردنی دۆستایەتییەكی پتەو لە نێوان هەولێر و واشنتندا كرایەوە.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی ئەم پرۆتۆكۆڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەمێژە كاری بۆ دەكرێت و دەمێكە سەركردایەتیی سیاسی كورد خەریكی وەدیهێنانی ئەم پرۆتۆكۆڵەن.

پێوەست بەم بابەتە لە دیدارێكدا (بەیان سامی عەبدولرەحمان) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پرۆتۆكۆڵە لە ئەنجامی ئەم پەیوەندییە قوڵ و گەرم و توندەی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی هەرێم و گەلی كورد و حكوومەت و گەلی ئەمەریكادا هاتە ئاراوە. لە مانگی یەكی ئەمساڵدا (د.فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێم هاتنە واشنتۆن و لە كۆبوونەوەكاندا بۆ یەكەم جار بە ئاشكرا بە بەرپرسانی ئەمریكامان ڕاگەیاند ڕەوشی ئابووری هەرێم خراپە و لەوانەیە كاریگەری لەسەر هێزی پێشمەرگە هەبێت. خۆ ئێمە پلانی چاكسازیمان دەست پێكردبوو، مووچەش دابەش دەكرا، بەڵام جار جار مووچەی پێشمەرگە دوا دەكەوت. لە ناوخۆی هەرێمیشدا بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا وتووێژ دەكرا؛ لە مانگی چواریشدا (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت و (كەریم سنجاری) وەزیری ناوخۆ و (فەلاح مستەفا) هاتنەوە واشنتۆن و هەمان داوای جارانیان بە بەرپرسانی ئەمەریكا گەیاند و داوای یارمەتی ئابووریمان كرد، چونكە دووای بەرنامەی چاكسازیەكەش هەر كێشەی مووچەی هێزی پێشمەرگەمان هەبوو و بەغداش هەناردەی نەوتی كەركووكی راگرت، لە لایەكی تریشەوە ریژەیەكی زۆری ئاوارەمان لە ئەستۆدایە."

لە هەمووشی گرنگتر (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی زۆر بەهێزی لە سەرگرتنی ئەم پرۆتۆكۆڵەدا بینی و لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونیخدا لە ئەڵمانیا لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا كۆ بووبوویەوە و گفتوگۆی كردبوو، وڵاتی ئەمەریكاش متمانەیەكی زۆری بە توانا و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی هەیە. بۆیە بەرپرسانی ئەمەریكی گەیشتنە ئەو ڕاستیەی كە چۆن لە شەڕی تیرۆردا هاوبەشین، دەبێ لە چارەسەری كێشەكانی هێزی پێشمەرگەیشدا هاوبەش بین."

چاوەڕوان دەكرێت دووای واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمەریكا گۆڕانكارییەکی گەورە لە دۆخی سیاسی و سەربازی و پێگەی هەرێمدا بێتە ئاراوە. لێرەدا (بەیان سامی عەبدولرەحمان) دەڵێت: "یارمەتییەكانی ئەمریكا مادی و لۆجیستیکە، بۆیە كاریگەرییەكی ئەرێنی زۆری لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە دەبێت. لە بواری سیاسیشدا بۆ هەموو جیهان رون بوویەوە كە بەرژەوەندیەكانی هەرێم و ئەمەریكا هاوبەشەو هەردوو لا پێویستمان بە یەكترە. بۆیە ئەم پرۆتۆكۆڵە كاریگەری گەورەی لەسەر سیاسەت و پێگەی هەرێمی كوردستاندا دەبێت."

 

چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمریكا كاردانەوەی زۆری دەبێت. نوێنەری حكوومەتی هەرێمیش لە ئەمەریكا دەڵێت ماددەكانی ئەم پرۆتۆكۆڵە زۆربەی پراكتیكییە و دەری‌دەخەن كە پەیوەندیی ئێمە و ئەمەریكا زۆر بەهێزە، ئەمەش دەكاتە پشتگیرییەكی زۆر گەورە و بەهێز بۆ هەرێم. ئەم پرۆتۆكۆڵە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و ئەگەری هەیە هەنگاوی زۆر گەورەتریشی بە دواوە بێت."

Read 369 times
Rate this item
(0 votes)