YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
15
ئاب

سەرۆک بارزانی لەپەیامیدا بۆ ساڵیادی پارتی: بە هەموو توانایەك جەخت لە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆییەكەی دەكەینەوە

Written by 
Published in هه‌واڵ

 (سەرۆک بارزانی) لە پەیامیدا بەبۆنەی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، یادی حەفتاساڵەی دامەزراندنی پارتی بە دەرفەت دەزانم خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە بە هەموو توانایەك جەخت لە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆییەكەی دەكەینەوە. بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە نەهامەتییەكان ڕزگاری بێت و پێ بنێتە ناو بووژانەوە و پێشكەوتن ئەوە جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە و، لەوەدا پێشمەرگە زیاتر لە هەر كەس و لایەنێك مافی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان بدات چونكە بە خوێن و گیانی خۆی كوردستان دەپارێزێت.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی پارتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم.

مێژووی حەفتاساڵەی خەباتی پارتی بەشێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستانە و پڕە لە هەوراز و نشێو و، پارتی بەشدارێكی سەرەكی لە سەركەوتن و دەستكەوتەكان بووە و خۆیشی بە بەرپرس زانیوە لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا. دوای حەفتا ساڵ پەیام و ئەرك و ئامانجی پارتی لە هەموو كاتێك بەهێزترە و بە بەرچاوڕوونییەكی زیاترەوە لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی وەك ئامرازێك بووە لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە ماف و داواكارییەكانی و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان پاراستووە.

هەر لەم سۆنگەییشەوە بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و هەستیاریی دۆخەكە و ئەو دەرفەت و تەحەدیاتەی لەبەردەم گەلی كوردستانن،  پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆیە و لەوەدا ویست و داواكاریی خەڵك بە مەرجەع دەزانێت و پابەندی بەدیهێنانی ئاواتی گەلی كوردستان و سەروەری و سەربەخۆییە.
پێویستە ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەموو بارودۆخێكدا كار بەو بەها و پڕەنسیپانە بكەن كە پارتی لەسەری دامەزراوە و بارزانیی نەمر ڕابەرایەتیی كردووە. ڕێبازی بارزانیی نەمر ڕێبازی پێكەوەژیان و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمە و، مانەوە و بەهێزبوونی پارتی لەو ڕێبازە و بەها و ئامانجەكانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

یادی حەفتاساڵەی دامەزراندنی پارتی بە دەرفەت دەزانم خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە بە هەموو توانایەك جەخت لە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆییەكەی دەكەینەوە. بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە نەهامەتییەكان ڕزگاری بێت و پێ بنێتە ناو بووژانەوە و پێشكەوتن ئەوە جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە و، لەوەدا پێشمەرگە زیاتر لە هەر كەس و لایەنێك مافی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان بدات چونكە بە خوێن و گیانی خۆی كوردستان دەپارێزێت. پەیامی سەربەخۆیی گەلی كوردستان پەیامی ئاشتی و كۆتایهێنان بە شەڕ و كارەساتەكانە. سەربەخۆیی كوردستان هیچ كاتێك بە مانای هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەك، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبێتە فاكتەری سەقامگیری و پێكەوەژیان و برایەتیی گەلان لە ناوچەكەدا.

لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ كۆتایهێنان بە قەیرانی سیاسی لە ئارادایە هیوادارم لایەنەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە هەستیاریی قۆناغەكە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكدا ببینن و كار بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە بكەن و كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنرێت و هەموو لایەك لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی و داواكارییەكانی گەل بن.
لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی كوردستان و جەماوەری پارتی بكەم كە خۆڕاگرانە تەحەمولی كێشەكانیان كردووە و لە شەڕی تیرۆریستاندا بە گیان و بە ماڵیان پاڵپشتی پێشمەرگە قارەمانەكان بوونە و ڕۆڵی كاریگەریان لە بەرگری و پاراستنی دەستكەوتەكان هەبووە. داوایش لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لەپێناو سەرخستنی كوردستان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ئەركی خۆیان بزانن و پشت بە خوای گەورە ئەو چاكسازییەی لەناو پارتی ماوەیەكە دەستی پێكردووە ئەنجامی دڵخۆشكەری دەبێت و دەكەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی گەلی كوردستان.

 

مەسعوود بارزانی
15ـی ئابی 2016

Read 309 times
Rate this item
(0 votes)