YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
15
تشرینی یەکەم

سەرۆک بارزانی: ئازادکردنی مووسڵ ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە.. ئامادەکاریی تەواو بۆ دەستپێکی ئۆپەراسیۆن کراوە

Written by 
Published in هه‌واڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامیدا بۆ رای گشتیی، رایگەیاند کە، ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و، هەولێر و بەغدایش رێککەوتن کە کۆمیتەیەکی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی مووسڵ.


پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەیەكی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی موسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە. لەو ڕێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە. هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش.

هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی مووسڵ.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری مووسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.

 

مەسعوود بارزانی
15ـی 10ـی 2016

Read 557 times
Rate this item
(0 votes)