YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
05
تشرینی دووەم

نێچیرڤان بارزانی پەیامێك لەبارەی گرتنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی هەدەپەەوە بڵاو دەكاتەوە

Written by 
Published in هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی نیشانده‌دات له‌ده‌ستگیركردنی هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان HDPو ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی ئه‌و پارته‌، پێشیوایه‌ ئه‌وه‌ "بارودۆخی توركیا تووشی ئاڵۆزی ده‌كات".

ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ بارزانی، له‌میانی‌ په‌یامێكیدا دێت، سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنی هاوسه‌رۆكانی پارتی دیمه‌كراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاری ئه‌و پاره‌ته‌ كه‌ دوێنێ هه‌ینی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه‌ ده‌ستگیركران.

نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت "ده‌ستگیركردنی هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكراتی گه‌لان HDPو ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌و پارته‌ یاساییه‌ی توركیا، نیگه‌رانی كردین. له‌وباوه‌ڕه‌داین كه‌ ئه‌وه‌ بارودۆخی توركیا تووشی ئاڵۆزی ده‌كات"، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین هاوسه‌رۆك‌و په‌رله‌مانتارانی HDP ئازاد بكرێن‌و به‌شێوه‌یه‌كی هێمن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكرێت‌و ڕێز له‌ئیراده‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی توركیا بگیرێت كه‌ ئه‌وانیان هه‌ڵبژاردووه‌.

هه‌روه‌ها داوا له‌ HDPه‌یش ده‌كات "وه‌ك پارتێكی یاسایی له‌ توركیا، له‌ چوارچێوه‌ی یاساكانی توركیادا هه‌ڵسوكه‌وت بكات".

دوێنێ پۆلیسی توركیا به‌جیا هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ فیگه‌ن یۆكسه‌كداغ‌و سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش‌و نۆ په‌رله‌مانتاری ئه‌و پارته‌و ده‌ستگیریكردن

هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م داواكاری گشتیی ئامه‌د ئاماده‌بن‌و وته‌ی خۆیان له‌ پڕۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ "تیرۆر" پێشكه‌ش بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئامه‌د ئیدانه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ر دوێنێ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی سڤیل‌و پۆلیس.

"داوا ده‌كه‌ین له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایه‌كدا، ده‌ست به‌ پرۆسه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا، بكرێته‌وه‌"، له‌په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌.

Read 562 times
Rate this item
(0 votes)