YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
18
نیسان

"پارتی دەزانێـت كاتی سەربەخۆییه‌.. پێویستە پشتگیری لە سەرۆك بكرێت و بگەینه‌ ئامانج"

Written by 
Published in هه‌واڵ

پڕۆفیسۆری مێژوو و مامۆستای زانكۆ (د. سەلام خۆشناو)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیماننامەی سایكس پیكۆ، ئەمڕۆ (٢٩) ڕۆژ ماوە تا (١٠٠) ساڵی بەسەردا تێپەڕ بێت، چونكە ڕێككەوتننامەكە لە (١٦/٥/١٩١٦) لەلایەن فەڕەنسا و بەڕیتانیاوە مۆر كرا و بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو وڵاتانەی لە ژێر ڕكێفی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون وەك وڵاتی (شام، لوبنان، ئوردن، فەڵەستین و عێراق) دابەش كران، بە گوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی ئەوسا كرا، ئەو میللەتانەی لەوێ بوون، بە بێ ڕەزامەندیی خۆیان هەریەكە و بوونە خاوەنی دەوڵەتێك. بۆ نموونە سنووری سووریا كە دروست كرا، كوردی كردە دوو بەش لە نێوان سووریا و عێراقدا، چونكە ئێمە لە هەردوولا دەژیاین. ئەو پەیماننامەیە زیانێكی گەورە بوو بۆ میللەتی كورد، دواتریش پەیماننامەی (سیڤەر) مۆر كرا لە ساڵی (١٩٢١) كە بەپێی ئەو پەیماننامەیە، دەبووایە كورد دوو ساڵ (حوكمی زاتی) وەربگرێـت و پاشان كورد دەیتوانی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بەڵام لە دوای ئەوە، پەیماننامەی (لۆزان) لە ساڵی (١٩٢٣) جارێكی تر كوردی تووشی نەهامەتی كرد و پەیماننامەی (سیڤەر)ـی ڕەت كردەوە."

 

(خۆشناو) گوتیشی: "ئێستا داعش هاتووە بۆ ئەو ناوچانە، بەداخەوە داعش پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن گوایە دەڵێن ئێمە پەیماننامەی سایكس پیكۆمان رەت كردەوە و، پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی خەلافەت دەكات، وەك خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بەرانبەر بەوەی ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ نەما، گەر تەماشای واقیعی سیاسیی لە سەدەی بیستدا بكەین، واتا سەدەی ڕابردوو، زۆر لە سیاسییەكان ئەوانەی كە شارەزان لە جیۆپۆلۆتیك، ئەوانەی ڕاوێژكارن لە ئاساییشی نەتەوەیی لە ئەمەریكا و لە وڵاتانی ئەورووپا، پێشنیازی جیاجیایان كردووە بۆ حكوومەتەكانی خۆیان؛ زۆر پێشنیاز هەیە لەمانە دووانیان زۆر گرینگ بوون، یەكیان ئەوەی (برینجونستی) ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا بوو كە لە ساڵی(١٩٨٠) نەخشەیەكی پێشكەش كرد تاكو كێشە لە رَۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكرێ، بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ دەست لە ئیشی عێراق وەربدا، ئەوە سەری نەگرت، بەڵام لە ساڵی(١٩٩٣) یەكێك لە مامۆستا گەورە یەهودییەكان، كە مامۆستایە لە زانكۆیەكی ئەمەریكا، زۆر بە ڕاشكاوی نەخشەیەكی دروست كرد و پێشكەشی كۆنگرێسی كرد كە ناوی لەو پڕۆژەیە نابوو (ڕزگاركەری ئەمەریكا بۆ كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، ئەو هەروەها،چەندین جۆر نەخشەی دانابوو، یەكێك لەو نەخشانەی كە ئەو مامۆستایە دایناوە، تێیدا دەڵێت: كوردستان دەبێـت بە دەوڵەت، هەروەها توونس، دارفۆر، ئەمازیغییەكان لە مەغریب و شیعەكان و سوننەكان لە عێراق، دەوڵەتی خۆیان دەبێت."

 

ئەو شارەزایەی بواری مێژوو، دەربارەی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆیی، گوتی: "هەرێمی كوردستان ویستوویەتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سعوودیا و توركیا باش بكات، بۆیە سعوودیا توانی لە هەولێر كۆنسووڵخانەی خۆی بكاتەوە. هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆیی، زۆر گرینگن و سەرنجی دەوڵەتانی بۆ لای هەرێمی كوردستان ڕاكێشاوە، لەم چاوپێكەوتنەدا كە ئەم ڕۆژانە لە كەناڵی جەزیرە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كرا، سەرۆك ئاشكرای كرد كە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا دژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی نین، بەڵام سیاسەتی ئەمەریكا زۆر جار هەستان و دابەزینی هەیە (جۆ بایدن) پێش چەند رَۆژێك دەیگوت عێڕاق دەبێ بە سێ دەوڵەت وەك (كورد، شیعە و سوننە)، بەڵام بەو دواییە جارێكی تر و لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت، دەبێت ئێمە پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكەین، ئەوەیش بە بڕوای من بۆ ئەوەیە تاكو پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ جێبەجێ دەكرێت".

 

 

دەشڵێت: "ئێمە تەنیا پێویستمان بەوەیە لە ناوماڵی كوردیدا یەك بین و هیچ كەسێك كۆسپ و تەگەرە بۆ هەوڵەكانی (جەنابی سەرۆك) دروست نەكات، هەوڵدان بۆ سەربەخۆییش، سەروەرییەكی گەورەیە بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان و، لە مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا، هەمیشە درووشمەكان گونجاو بوون، بۆیە پارتی باش دەزانێـت كە ئێستا كاتی ئەوەیە سەربەخۆیی ڕابگەیێنرێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان و گشت هاووڵاتیان پشتگیری لەو هەوڵەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بكەن و، بگەین بە ئامانجی خۆمان."

Read 356 times
Rate this item
(0 votes)