YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
20
تشرینی دووەم

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى ره‌وشى ناوخۆى كوردستانه‌وه‌ په‌يامێكى بڵاو كرده‌وه‌.

Written by 
Published in هه‌واڵ

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك بەڕێزی سیاسی و فەرهەنگی و ئاكادیمی پەیوەندییان پێوە كردووم و دەڵێن ڕای ئێمە و بەشێكی هاووڵاتییانیش ئەوەیە كە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لای منە و دەگوترێ بارزانی دەتوانێ گرفتەكان چارەسەر بكات.

وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان حەز دەكەم قەیران و كێشەكان نەمێنن و كۆتاییان پێ بێت بەڵام هۆكاری گرفت و كێشەكان زۆرن. بەشێكیان دەرەكین و پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناوچەكە بە گشتی، وەكو پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە. بەشێكی تری گرفتەكانیش ناوخۆیین و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم.

ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەكانم بانگهێشت كردووە بۆ كۆبوونەوە بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون. هەروەها داوام كردووە حزبەكان لەگەڵ یەكتر دابنیشن و چارەسەری دۆخەكە بكەن، دیسان دانەنیشتوون و شانیان نەداوەتە بەرپرسیارێتی بارودۆخەكە.

لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم ڕای خۆم لەمبارەیەوە ڕاگەیاندووە. ئێستایش دووپاتی دەكەمەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.

لەبارەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم و پێویستە وڵاتەكەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و كێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسییانەی هاتوونەتە پێش، ئیمكانیات و توانای حكوومەت سنووردار بووە. بەڵام كە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەكان و حكوومەت بفەرموون پێكەوە دابنیشن بە شەفافییەتێكی تەواو دۆخەكە چارەسەر بكەن و هەموو شتێكیش بخەنەڕوو و كۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بهێنرێت.

چاك دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت. ئەو شارەی هەردەم تەحەددای زاڵم و داگیركارانی كردووە و ڕۆڵەكانی ئامادە بوون زیندە بەچاڵ بكرێن بەڵام لەبەرانبەر زەعیم سدیق سەربەرزانە وەستان و ئامادە نەبوون قسە بە هێماكانی گەلی كوردستان بڵێن. ئەوە ڕای منە لەبارەی سلێمانی و خەڵكە سەرەبەرزەكەی، با كەس هەوڵ نەدات خوێندنەوەیەكی تر بەسەر خەڵكی ئەم شارەدا بسەپێنێت.

 

مسعود بارزانی

20ـ 11ـ 2016

 

 

Read 473 times
Rate this item
(0 votes)