YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
20
کانونی دووەم

بارزانی له‌ داڤۆسه‌وه‌: زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان ھەبێت

Written by 
Published in هه‌واڵ

(مه‌سعوود بارزانی) له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا بایه‌خی زیاتر به‌ دۆزی كورد بدات و هاوكاریی زیاتری كوردستان بكات. دووپاتیشی كرده‌وه‌، هه‌رگیز واز له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناهێنن.

(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاند، 2016 ساڵی سه‌ركه‌وتنی كوردستان بوو و له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانیشه‌وه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، هه‌رگیز واز له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناهێنن.

(سه‌رۆك بارزانی) هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی جیهان كرد و رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یری خه‌باتی كورد ده‌كه‌ن و وڵاتانی جیهانیش ئامادەن ھاوكاریی گەلی كورد بكەن.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی دژی داعش و ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، (سه‌رۆك بارزانى) رایگه‌یاند، تێكشكانی داعش لە مووسڵ مانای لەناوچوونی یەكجارەكیی داعش نییە و، شه‌ڕ له‌ دژی ئه‌و رێكخراوه‌ درێژخایەن دەبێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڤۆسه‌وه‌ راشیگه‌یاند، له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ و گوتی: "ده‌كرێ له‌گه‌ڵ به‌غدا دوو دراوسێی باش بین" و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ ناتوانن كاتێكی دیاریكراو بۆ سەربەخۆیی دەستنیشان بكەن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رایگه‌یاند، هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر سەربازییە.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاند، ھێشتا كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەھاتووە و دووپاتی كرده‌وه‌، ھەموو ھەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەدەن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌وانان له‌ داڤۆس، له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، زۆر گرینگه‌ پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنیان هه‌بێت.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئومێد هه‌یه‌ گفتوگۆكان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و دەبێ تەواوی لایەنەكانی كوردستان بەشداری رێككەوتن بن.

(سه‌رۆك بارزانی) وێڕای ئه‌وه‌ی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، ھەموو ھەوڵێك دەدەن قەیرانی دارایی چارەسەر بكەن و راشیگه‌یاند، ئێستا رەوشەكە لەبارە بۆ چارەكردنی قەیرانەكان.

(سه‌رۆك بارزانی) تێڕوانینی تایبه‌تی خۆی بۆ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، رەنگە ئیدارەی نوێی ئەمریكا ھاوكاریی زیاتری كوردستان بكات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به‌ ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان، رایگه‌یاند ئیرھابێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە و "گەشبین نیم بە داھاتووی رۆژئاوای كوردستان".

له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی نوێی رووسیا و توركیایشه‌وه‌، بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی هاوبه‌ش له‌ سووریا، (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاند، رێككەوتنەكە نییە و له‌ باره‌ی داهاتوو سووریایش، گوتی: "زۆر رەشبینم بە داھاتووی سووریا".

سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌گه‌ له‌ ناوچه‌ تازه‌ئازادكراوه‌كان، (سه‌رۆك بارزانی) دووپاتی كرده‌وه‌، پێشمەرگە لە شوێنە ناوچە تازە رزگاركراوەكان ناكشێتەوە.

 

بۆ پرسی شنگال و بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌، رایگه‌یاند، رێگە نادەن پەكەكە چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەر شنگال بسەپێنێت.

Read 277 times
Rate this item
(0 votes)