YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
31
کانونی دووەم

كاكەمین نەجاڕ‮ ‬بۆ‮ ‬خەبات‮:‬هەر كاتێك‮ ‬یەكێتی‮ ‬و پارتی‮ ‬لە‮ ‬یەكتر دووركەوتبنەوە بارودۆخەكە خراپ بووە

Written by 
Published in هه‌واڵ

دەربارەی ئەو دەرهاویشتە سیاسیانەی كە ئێستا گەرموگوڕیان هەیە لە زەمینەی شانۆی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، هەروەها ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی كە مەزەندە دەكرێت لە داهاتوودا بێنە سەر ستەیجی ئەو شانۆ سیاسییە، رۆژنامەی خەبات بە باشی زانی چەند پرسیارێك لە هەمبەر ئەم باس و خواسە گەرمانە بخاتە بەردەم كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر.
كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بە كوێ گەیشتوون؟

كاكەمین نەجاڕ: بڕیارە ئەمجارەش پارتی لەگەڵ یەكێـتی كۆببێتەوە، لە دانیشتی پێشووش گفتوگۆی باشمان كرد لەسەر تەوەرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەیامەكەی سەرۆك بارزانی و كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوانە هەر هەمووی باس كران و گفتۆگۆیان لەسەر كرا، بەڵام یەكێتی رایانگەیاند كە هەفتەیەكی تر دادەنیشین، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوان دەكەین بۆ ئەوەی دووبارە بەیەكەوە دانیشینەوەو دەست بە گفتۆگۆ بكەینەوە.
هۆكارەكانی لێك نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە ئێستادا چییە؟

كاكەمین نەجاڕ: مەسەلە هۆكار نییە، مەسەلە زەروورییەتە، تا یەكێتی و پارتی لە یەك نزیك ببنەوە بارودۆخ باش دەبێت و هەر كاتێكیش لە یەكتر دووركەوتبنەوە بارودۆخەكە خراپ بووە. بە پێی جوگرافیا و پێگەی ئەو دوو حزبە و هێزی پێشمەرگە وا دەخوازێت ئەو دوو حزبە هەر لە یەك نزیك بن بۆ ئەوەی ڕەوشی كوردستان ئارام بێت، بۆ شەڕی داعش هەر پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی بوون شەڕی داعشیان كرد، جا لێك نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبە زەروورەتە.
ئایا لە داهاتوودا پارتی بەرنامەی بۆ حزبەكانی تر چییە؟

كاكەمین نەجاڕ: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەكان دادەنیشین، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەر كردنی كێشەكانی حكوومەت پێویستی بەوەیە لەگەڵ هەموو حزبەكان دابنیشین، لە بارەی بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەبێت هەموو حزبەكان بە یەكەوە دابنیشین و پێكەوە بڕیاری لەسەر بدەین و یەك بەرنامەمان هەبێت، پەیامەكەی جەنابی سەرۆكیش ڕوونە، لە دوای پەیامەكەی سەرۆكیش بەردوام دەبین تا كۆتایی بە هەموو كارەكان دێنن.
لە میانەی سەردانی كردنتان بۆ لای حزبەكان باسی سەربەخۆییتان كردووە، ئایا بۆچوونی ئەوان چی بووە؟

كاكەمین نەجاڕ: حزبەكان كەسیان دژی سەربەخۆیی نین، هیچ لایەنێك ناڵێن لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بەڵام لە حاڵەتی جێبەجێ كردن هەریەكەو بۆچوونێكیان هەیە، هەندێكیان دەڵێن دەبێت نێوماڵی كورد یەك بخرێت دوای ئەوە سەربەخۆیی رابگەیەندرێت، هەندێكی دیكەش دەڵێن قەیرانی دارایی چارەسەر بكرێت ئینجا سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، لەم بارەوە بۆچوونی جیاواز هەیە.
هەندێك دەنگ بەرز بۆتەوە كە گوایە جارێكی تر پارتی و یەكێتی بە یەكەوە دەسەڵات دابەش دەكەنەوە، ئایا لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

كاكەمین نەجاڕ: ئەمە وانییە، بۆ دەسەڵات دابەش كردن دەگەڕێینەوە بۆ ئیستیحقاقی هەڵبژاردن نەك دابەش كردنی فیفتی بە فیفتی، بە پێی پێوەری هەڵبژاردن حكوومەت و پەرلەمان دابەش دەكرێتەوەو دەبێت گفتۆگۆی لەسەر بكەین.
پەرلەمان كارا دەكرێتەوە؟

كاكەمین نەجاڕ: ئینشالڵا، بە نیازین.
بۆ قۆناغەكانی دوای داعش ئامادەكاری دەكرێت، ئامادەكاری كوردستان چییە؟ ئایا پارتی و یەكێتی بە تەمای چین كە بەیەكەوە شەڕی داعش دەكەن؟

كاكەمین نەجاڕ: یەكێك لە پرسیارەكان ئەوەیە كە دەبێت وەزعی عێراق و كوردستان چۆن دەبێت و دوای تەواوبوونی وەزعی سوریا چۆن دەبێت، ئێستا رووسیاش بە هێز داخیلی شەڕی سوریا بووە، ئەمەریكاش تەواجودی هەیە، هەردوولا خەڵكیان لەگەڵە، گۆڕانكاریش ڕوودەدەن و دەبێت ئێمە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین بۆ داهاتوو، ئێمە بۆ دەڵێین كات درەنگە بۆ سەربەخۆیی! مەبەستمان ئەوەیە گۆڕانكاری لە ناوچەكە ڕوودەدەن، بۆیە لەگەڵ حزبەكانیش باسمان كردووە و بە پێویستی دەزانین دەست بە سەربەخۆیی بكەین و بچینە پێش و ڕانەوەستین و تا چەند ساڵێكی تر تا ناوماڵی خۆمان رێكبخەین و دیموكراتی چ دەبێت، قەیرانی دارایی چ دەبێت، چونكە بەڕاستی دوو بابەتی لێك جیاوازن. ئەگەر هاتوو دەوڵەتت دامەزراندو ئیعلانی سەربەخۆییت كرد ئەوكات پەرلەمان بەم شێوە نامێنێت و دەگۆڕێت، حكوومەتیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەو دەستوورەی كە دەمانویست بینووسینەوە ئەویش گۆڕانكاری بەسەردا دێت و گۆڕانكاریش لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات ڕوودەدات، بۆیە بە بڕوای ئێمە كات درەنگەو پێویستە دەست بە بەرنامەی سەربەخۆیی بكەین.
هەر جارێكی تر دژایەتی هاوپەیمانێتی پارتی و یەكێتی كرایەوە ئەو دوو حزبە بەرنامەیان چی دەبێت؟ ئەگەر گرفت دروست بكرێت و حزب هەبێت هاوكار نەبێت، ئێوە چاوەڕێی گۆڕانكاری چی دەكەن، وەك دیارە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش زۆر خێران؟

كاكەمین نەجاڕ: شەرت نییە نێوماڵی كورد هەمووی یەكڕێز بێت، ڕەنگە خەڵكانێك هەبن هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبن، لەوانەشە دەستێك هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵمان تەبا نەبن، بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر زۆرینەی لەگەڵ بێت و ئەو بۆچوونەش بدرێتە خەڵكی كوردستان ریفراندۆم بكرێت، چونكە سەربەخۆیی مافی خەڵكی كوردستانە، مافی حزب نییەو دەبێت ئەو مافە بدرێتە خەڵكی كوردستان، ئەگەر خەڵكی كوردستان داوای سەربەخۆیی كرد ئەوكات ئەگەر حزبێك بەربەستیش بێت نابێت پرۆسەكە لەسەر ئەو ڕاوەستێت.
تاوەكو ئێستا گۆڕان نەهاتۆتە سەر خەت و كێشە بۆ پارتی و یەكێتی دروست دەكات، ئایا سەردانەكانتان بۆ لای ئەوان چۆن دەبێت؟

كاكەمین نەجاڕ: ئومێدەوارین گۆڕانیش بێنە سەر خەت و ئیتفاق بكەین و پەرلەمانیش كارا بكەینەوە لە بابەتی سەربەخۆییش لەگەڵمان بن چونكە هەندێك شت هەیە دەستكەوتی میللەتن و خوێنی هەزاران شەهیدە و قوربانیدانی ئەو میللەتەن، ناكرێت بە قوربانی ململانێی حزبی بكەین، با بێن كێشە چارەنووسسازەكان ئەوەی مافی ئەو وڵاتەیە، با بێن ئیتیفاقی لەسەر بكەین، كێشە لاوەكیەكانیش بۆ كاتێكی تر جێبێڵین و لە كاتی هەڵبژاردن مونافەسەیەكی دیموكراتی لەسەر بكەین، بەڵام ناكرێت بابەتە گەورەكە بە قوربانی ململانێی حزبابەتی بكەین.
خوێندنەوەت چییە بۆ سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ داڤۆس؟

كاكەمین نەجاڕ: سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ داڤۆس بۆ بەشداری كردن بوو لە كۆنگرەی ئابووری داڤۆس لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بوو، دەرفەتێكی زۆر بۆ بارزانی دروست بوو كە زۆرێك لە كەسایەتی بینی و بەشداری كردنی سەرۆك كارێكی زۆر باش بوو بۆ كوردستان.
بڕیارە پارتی گۆڕانكاری ناوخۆیی ئەنجام بدات، ئایا ئەم گۆڕانكارییانە چۆنە؟

كاكەمین نەجاڕ: مەرج نییە گۆڕانكارییەكان لە هەموو ئۆرگانەكان بێت، سەرۆك بارزانی لە سەردانی بۆ داڤۆس گەڕاوەتەوەو هێشتا دانەنیشتووین، بەڵام پێشتر لیژنەمان دانابوو و كۆمەڵێك پێشنیاریش كراوە، بەڵام كۆبوونەوە بكرێت لە ژێر بڕیاری لێژنەكان دەبێت و بەڵام چۆنە و چی دەبێت جارێ دیار نییە.
بریارە لەم نزیكانە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن، ئایا ئەم سەردانە چۆن دەبێت؟

كاكەمین نەجاڕ: بەرنامەمان هەیە سەردانی بەغدا بكەین، ئێمە لەسەر ئەساسی تەوافوق حكوومەتی نوێمان پێكهێناوە، بەڵام ئەوان هەموویان تێكداوە، بۆیە دەبێت گفتۆگۆی زیاتری لەسەر بكرێت، دەبێت لەگەڵ هەموو حزبەكان سەردانی بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی هەموو حزبەكان بۆچوونی بەغدایان بۆ ڕوون بێتەوە. 

Read 1569 times
Rate this item
(0 votes)