YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
01
شوبات

ڕۆڵی شەهید ئیدریس بارزانی لە هزری نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی و ئاشتەواییی حزبە کوردستانییەکاندا، به‌رچاوه‌

Written by 
Published in هه‌واڵ

 لە یادی شەهیدی سەرکردە و ئەندازیاری ئاشتی (ئیدریس بارزانی)دا، هەریەک لە (د.ناسح غەفوور) و (قادر قاچاغ) و (رەشید مەلا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی پەیام و رۆڵێ شەهید (ئیدریس بارزانی) لە شۆڕشی کوردایەتی و هزری نەتەوەیی و پەیامی مرۆڤایەتییه‌كه‌ی دەکەن، کە وەک داینەمۆی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز رۆڵێکی گەورەی بۆ مێژووی کورد و کوردستان گێڕا.


(ناسح غەفوور): ئیدریس بارزانی، لە دروستکردنی بەرەی نیشتیمانیدا ڕۆڵی باڵای هەبوو

ئەمڕۆ 31\1\2017 ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شەهیدی سەرکردە (ئیدریس بارزانی)ـیە و سیاسی و کەسانی نزیک لە شەهید (ئیدریس بارزانی) باسی بەسەرهات و ژیانی دەکەن و ده‌ڵێن وەک داینەمۆی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز بوو.
''ماوەی چەند ساڵێک خۆم لەگەڵیدا بووم، ئەو متمانەی بە کەسێک هەبوایە هەموو دەسەڵاتێکی پێ دەدا، پێویست نەبوو بگەڕێیتەوە بۆ لای. کۆمەڵێک تایبەتمەندی هه‌بوون، ئازایەتی و چاونەترسی و تێکۆشەری و خوێندەواری و عاشقی خوێندنەوە، دڵێکی زۆر پاکی هەبوو، (ئیدریس بارزانی) بەس بە تەنیا کورد نەبوو، ئەو کاری بۆ مرۆڤایەتی دەکرد کوردپەروەر بەڵام مرۆڤدۆست بوو، پێداگری لەسەر مافەکانی گەلی کورد دەکرد، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەیگوت دەبێت خۆمان گرفتەکانی خۆمان چارە بکەین، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ کەسێکی دیکە ببەین.'' ئه‌مه‌ گوته‌ی (د.ناسیح غەفوور)ه‌.

(د.ناسیح غەفوور) پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و هاوخه‌باتی شەهیدی سەرکردە (ئیدریس بارزانی) بووە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "بەبۆنەی شەهیدبوونی کاک ئیدریس سەری رێز دادەنوێنین، ئەو شاسواری رێبازی پیرۆزی (بارزانی) بوو، داینەمۆی پارتی و شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز بوو، کاراترین رێکخەری شۆڕشی گوڵان بوو. هه‌ڵبه‌ت دوای نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو ڕۆڵی باڵای بینی، مەفرەزە سەرەتاییەکانی رێک خستەوە و ناردنی بۆ پێشمەرگایەتیی شۆڕشی گوڵان، ئەو کوردپەروەر بوو.. براگەورەی هەموومان بوو، ئەو براگەورەی هەموو کوردێک بوو، ئەو سەرباری ئەوەی کوردپەروەر بوو، مرۆڤدۆست بوو، هەرکەسێک ڕووی لەو بکردبا درێخی نەدەکرد و هاوکاریی دەکرد. شەهید (ئیدریس بارزانی) مرۆڤناس بوو و دەیزانی چۆن دڵی خەڵک رابگرێت، چۆن گرفتەکان چارە بکات.''

(ناسح غەفوور) پێوەست بە رۆڵێ شەهید (ئیدریس بارزانی) لە دروستکردنی بەرەی نیشتمانی له‌ نێوان لایەنە کوردستانییەکان و عێراقییەکاندا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "(ئیدریس بارزانی) لە دروستکردنی بەرەی نیشتیمانی کە لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان و عێراقییەکاندا دروست بوو، دەوری باڵای هەبوو، جگە لەوە لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانیدا، لە ئاشتبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا دەوری باڵای هەبوو.
لە تاران کاتێک لەگەڵ به‌ڕێز(جه‌لال تاڵەبانی)دا یەکتریان بینی، هەوڵی دا لەسەر چەند خاڵێکی کورت رێک بکەون بۆئەوەی لە کوردستان دۆخەکە بگۆڕدرێت. ئەوەبوو بەرەی کوردستانی لێ کەوتەوە، ناوی پیرۆزی بە ئەندازیاری گشتیی پێوەندیی برایەتیی حزبەکان ناوی دەرکردووە، نەک هەر بەتەنیا کە ئەندازیاری ئاشتی بوو، بەڵکو ڕۆحی کوردایەتی بوو، بۆ هەموومان فریادڕەسی ئاشتی بوو، ماندووبوونی نەبوو، هەربۆیە لە تەمەنێکی کەمدا کە تەنیا 44 ساڵ ژیا، کۆچی دوایی کرد."


شەهید (ئیدریس) دیپلۆمات و رێکخەرێکی زۆر باشی هزری نەتەوەیی بوو
(ناسح غەفوور) ئاماژەیشی دا، "لە (موئتەمەر نەسر شەعب عێراقی)دا لە تاران، شەهید (ئیدریس بارزانی) سەرۆکی شاندی کوردستانی بوو، لەوێ پێداگری کرد لەسەر چارەی گرفتی کورد لەسەر بنەمای مافی چارەنووس، کە ئەمە بۆخۆی یەکێک بوو لە شاکارەکانی ئەو سەردەمە. دەورێکی باڵایشی هەبوو لە نزیکبوونەوەی لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان بەتایبەت لە بەرهەڵستکاریی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لەوانە (سەددام)، دەوری باڵای هەبوو لە ئاشتەوایی نیشتیمانیدا، سەرپەرشتیی لایەنی سەربازی هێزی پێشمەرگەی دەکرد، لەهەمان کاتدا دەیزانی چۆن کاری دیپلۆماسی بکات، چۆن داوای مافی گەلی کورد بکات، ئەو رێکخەرێکی زۆر باشی هزری نەتەوەیی بوو، بە چوونی خەسارەتێکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و رێبازی بارزانی".

(رەشید مەلا): تواناکانی شەهید (ئیدریس بارزانی) بۆ ئاشتی و خەباتی کوردایەتی لە ئاستی سەرسامیدا بوو

 

  (رەشید مەلاعه‌لی كوله‌كی) كه‌ نووسەر و خاوەنی کتێبێکه‌ لەسەر ژیانی شەهید (ئیدریس بارزانی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ: "شەهید (ئیدریس بارزانی) مرۆڤێکی گەورەیە و قەت نامرێت.. قوتابخانەیەکی هزور و بیر و فەلسەفەی هەیە، ئەوەش تێگەیشتنی (کاک ئیدریس)ە لە دنیای سیاسەت و کۆمەڵایەتی و هزر و بیردا، ئەو شتانەی (کاک ئیدریس) پێڕۆی کردووە لە بیری هەمووماندا دەمێنێتەوە، لەهەمان کاتدا پێشنیازەکان و فەلسەفەکانی بۆ دنیای سیاسەت بە زیندوویی دەمێننەوە و دەبنە رێگانیشاندەری داهاتوومان.''

(رەشید مەلاعه‌لی كوله‌كی) پێی وایه‌، کەسایەتیی شەهید (ئیدریس بارزانی) دەبێت لەسەر ئاستی توێژینەوەیەکی زانستیی ورد بخرێتە ڕوو، چونکە تواناکانی ئەو بۆ ئاشتی و خەباتی کوردایەتی  لە ئاستێکدا بوو کە نەیارەکانی پێی سەرسام بوون، لە هیچ مافێکی کورد سڵی نەکردووە، ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، خاوەنی یەکێتی و یەکڕیزیی حزبەکان بوو و، زیاتر ده‌ڵێ ''(کاک ئیدریس) لە خێزانێک دروست بوو راستەوخۆ کاریگەری هەبوو لەسەر کەسایەتی، چونکە لە خێزانێکی شۆڕشیگێڕ و خەباتکارادا پەروەردە كرابوو، خانه‌واده‌ی شەهید (ئیدریس) وانەی نەتەوە و نیشتیمانی و کوردایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی پەروەردە بووە، بۆیە کەسێکی کاریزمایی لێ دەرچوو، بەپێی بۆچوونی شارەزایان، هاوتەمەنەکان کاریگەریی زۆر دەخەنە سەر چینی خۆیان، بۆ ئەوکاتە (کاک ئیدریس) هەموو ئەو کەسانەی لێیه‌وه‌ نزیك بوون و له‌ قوتابخانەکەی بوون، توانییان جێدەستی خۆیان لە داهاتووی کوردستان بچەسپێنن.''

ئه‌و نووسەره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ''یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی حزبی شیوعیی عێراق دەڵێ، {پێش ئەوەی بچمە خزمەتی (کاک ئیدریس) زۆر دەترسام، چونکە وایان تێگەیاندبووم کە ئەو کەسێکی تووندە، بەڵام کە چوومە خزمەتی سەرجەم ئەو قسانە پێچەوانە دەرچوون}. هەروەها پارێزگاری پێشووی ورمێ دەڵێت، بۆ بارزانییەکان شانازییەکی گەورەیە کە کەسایەتیێکی وەک (کاک ئیدریس)یشیان لێ هەڵکەوت، لەهەمان کاتدا کەسێکی وەک (رەفسنجانی) کە سەرکردەیەکی گەورەی سیاسیی ئێران بوو، زۆر سەرسام بووە بە کەسایەتی و هزری (ئیدریس بارزانی)، بۆیە کاتێک چاوی بە (کاک ئیدریس) دەکەوێت پێی دەڵێت تەنیا 5 خولەک کاتم هەیە، بەڵام کە دەچنە ژوورەوه‌ زیاتر لە 40 خولەک دەمێننەوە، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ نیشانەی ئەو هەموو هزر و فەلسەفە و تێگەیشتنەی (ئیدریس بارزانی) بوو بۆ هەموو پرسەکان".

(قادر قاچاغ): شەهید (ئیدریس) ئەندازیاری هەوێنی پێکەوەژیان بوو
(قادر قاچاغ) نووسەر و شاعیر، لەبارەی ژیان و خەباتی سیاسیی شەهید (ئیدریس بارزانی)یه‌وه‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بیرەوەریی شەهید (ئیدریس بارزانی)دا سەری رێز و نەوازش دادەنه‌وێنێ و ده‌ڵێ، ''من لە ساڵی 1985 باشتر (کاک ئیدریس بارزانی)ـیم ناسی. ئەوکاتە من بەرپرسی ناوچەی نەغەدە بووم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو مەکتەبی سیاسی بەرێوە دەبرد. زۆر جار دەچوومە خزمەتی، بەداخەوە ئەمڕۆ جەنابیان لەناو ئێمە نییە، هەرچەندە بە چاو لەنێومان نییە، بەڵام بە دڵ لەگەڵمانە. خزمەتی ئەو لە شۆڕشی گوڵان و ئەیلوولدا لە بەرچاوانە، بۆ ئەم کاتە زۆر پێویستمان پێ بوو، (ئیدریس بارزانی) کەسێک بوو زۆر دەیخوێندەوە و زۆر بەدوای زانستەوە بوو.. بۆ هەموو شوێنە سەختەکان ئامادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگە بوو خەباتی بۆ کوردایەتی بوو، زۆر کەسێکی راشکاو بوو.. ئەو کاتەی (بارزانیی نەمر) لە ئەمەریکا بوو نەخۆش بوو، ئەو هەمیشە ئەو بارە قورسەی لەسەر شان بوو، لە لایەک نەخۆشکەوتنی (بارزانیی نەمر) لە لایک رێکخستنی ئاوارەکان لە لایەک رێکخستنەوەی پێشمەرگە، باری سەرشانی (ئیدریس بارزانی) زۆر قورس بوو، ئەو ڕۆحی بەرخودان و کوردایەتی لەناو کادیران پەروەردە دەکرد".

(قادر قاچاغ) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ (ئیدریس بارزانی) كه‌ ئەندازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، راسپاردەی پێویستی دەدا بە جەماوەر لە دەنگی کوردستانەوە بۆ شۆڕش، بۆشایی زۆری دروست کرد. ده‌شڵێ ''تایبەتمەندیی کەسایه‌تیی (ئیدریس بارزانی) تایبەت بوو، لەکاتی پێویست (ئیدریس بارزانی) تووند بوو، لەکاتی ئاشتیدا کەسێکی ئاشتیخواز بوو. خۆی دەبێت سەرکردە ئەم دوو مەرجەی تێدا بن، کە (کاک ئیدریس) سەرجەم ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو کە سەرکردەیەک هەیبوو.''

Read 568 times
Rate this item
(0 votes)