YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
10
شوبات

راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی

Written by 
Published in هه‌واڵ

 بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و شەش تەوەری سەرەکی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوو کران.


دەقی راگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتیمان ئەنجامدرا کە لە كۆبوونەوەكەدا، چەندین بابەتی پێوەست بە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەكەدا لەگەڵ پرۆسەی سیاسی عێراق و كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا، هەر وەكو بارودۆخی ناوخۆیی پارتیشمان كە پێشتر ئامادەكاری بۆ كرا بوو، بوونە ئەجێندای كۆبوونەوەكە.

تەوەری یەكەم: سیاسەتی نێودەوڵەتی و گۆڕانكارییەكان لە پێوەندییی و تێروانینەكان سەبارەت بە چارەی كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەر وەكو گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمەریكا لەسەر پرسە گرینگەكانی ناوچەكە، پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ و چاودێری كردن هەیە.

تەوەری دووەم: سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان، كە لەسەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) و هەم لەسەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا بەروونی و راشكاوی لەگەڵ سەرۆكوەزیران و هاوپەیمانی نیشتمانی باسكرابوو، لەم سەردانەی چەند رۆژەی رابردووی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی (عەممار حەکیم) بۆ هەرێم، ئەم بابەتە دووبارە كرایەوە، هەر وەك بڕیار بوو دوو لیژنە سەردانی بەغدا بكەن، لیژنەیەكی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە باسی تەواوی گرفتەكان بكرێت لەسەروشیانەوە بابەتی سەربەخۆیی كوردستان، هەروەها لیژنەیەكی پسپۆڕیی حكوومی بۆ درێژدان بە گفتوگۆكان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا.

تەوەری سێیەم: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسای هەڵبژاردن: دوای ئەوەی هەوڵی ئەوانەی دژی پێكەوەكاركردن و بەرێوەبردنی عێراق بە هاوبەشی و بە تەوافقی هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی عێراق سەركەوتوو بوون و، ئەو تەوافقەیان نەهێشت و دەستوریان پەراوێز خستووە و ناهێڵن جێبەجێ بكرێت. كۆبوونەوە ئەم كردارە بە گەڕانەوە بۆ رەفتاری حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی پێشوو دەزانێت و لە بەرژەوەندی پێكهاتەكاندا نیە، هەر وەكو ئەم یاسایەی كە بەركارە، تەنیا لە خزمەتی لایەنێك دایە كە پێویستە چاوی پێدابخشێندرێتەوە،  بەشێوەیەك كە لە خزمەت و سوودی هەموو پێكهاتەكاندا بێت.
تەوەری چوارەم: سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی ناوخۆیی كوردستان، بەگوێرەی خوێندنەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی، بۆ ئامادەبوون لە بەرامبەر تەحدییەكان و پیلانی نەیاران، بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و بەرەو یەكریزیی و تەبایی و یەك هەڵوێستی، پارتیمان بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و كۆششەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ بەرژەوەندیی مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان و ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان.

تەوەری پێنجەم: سەبارەت بە بارودۆخی پارچەكانی دیكەی كوردستان و ئەو ئاڵوگۆڕەی لەم چەند مانگەی دواییدا رویدا و، گۆڕانی نەخشەی هاوپەیمانیەتی و پەیوەندییەكان، كە بە سودی گەلەكەمان نازانرێ و، بەشێكی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ بەشێك لە سیاسەتی هەڵەی چەند لایەنێكی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و سوود وەرنەگرتن لەو گۆڕانكارییە گرنگانەی لە ناوچەكەدا روویان دا، بۆیە بەلامانەوە یەكڕیزیی هەموو لایەنەكان و بەشداریی هەموو هێز و تواناكان بە گوێرەی دەرهاوێشتەی ئالۆگۆڕی هاوپەیمانیەتی و، گۆڕانی تیروانینی دەوڵەتان لەسەر چارەسەری كێشەكان لە ناوچەكە بە گشتیی و بابەتی مافی كورد بە تایبەتی، گەلێ گرینگە، بۆ گەیشتنە ئامانج.

تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆیی پارتیمان: دوای بڕیارەكانی جەنابی سەرۆك بۆ رێكخستنەوەی تەنزیمی و پێكهێنانی چەند لیژنەیەك و ئامادەكردنی دیراسەو راپۆرتی پێویست بۆ زیاتر كاراكردنی كاری حزبایەتی و گونجاندنی لەگەڵ هەلومەرجی ئێستا و لەژێر روناكی ئەو راپۆرت و لێكۆڵینەوانەدا، بڕیاردرا گۆڕانكاری لە ستاف و بەرپرسی چەندین دەزگا و سەنتەرو مەكتەبە ناوەندییەكانى سەر بە مەكتەبی سیاسی دا بكرێت، هەر وەكو چەندین گۆڕانكاری لە ئاستی بەرپرسی لقەكاندا كرا و، ئەم پرۆسەیەش وەك پرۆسەیەكی حزبایەتی و تەنزیمیی ئاسایی بەردەوام دەبێت.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوە سوپاسی كادیر وئەندامان و جەماوەری پارتیمانی كرد لە پشوو درێژیی و خۆڕاگرییان لەم هەلومەرجە سەختەدا. لە هەمان كاتدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدەكانمان دادەنوێنین و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین، كە بەو پەڕی ئازایەتی و قوربانیدانەوە پارێزگاری لە دەسكەوتەكان و سنوری هەرێمى كوردستان دەكات و، دەستخۆشیش لە هێزە ئەمنیەكانی كوردستان دەكەین لە دەستەبەركردنی ئەو بارە ئاسایی و هێمنییەی لە شارەكانی كوردستاندا بەدی دەكرێ و، داوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەكەین.

بژی كورد، بژی كوردستان

 

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٨-٢-٢٠١٧

Read 201 times
Rate this item
(0 votes)