YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
28
شوبات

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌ ساڵیادی وه‌فاتی بارزانیی نه‌مردا

Written by 
Published in هه‌واڵ

 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی وەفاتی بارزانیی نەمردا پەیامێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ئه‌مڕۆ سی و هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و دامه‌زرێنه‌ری پارتیمان، مسته‌فا بارزانی نه‌مردا تێده‌په‌ڕێ. ئه‌و رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ی له‌ خه‌باتێكی ئه‌فسانه‌یی بێ پسانه‌وه‌دا، سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ره‌وای میلله‌تێكی مه‌زڵوم و ئازادیخوازی گرته‌ ئه‌ستۆ و رێگای گه‌یشتن به‌ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد نیشاندا، رێگایه‌ك ئێستا له‌ هه‌ركات نزیكتره‌ له‌ گه‌یشتن به‌ مه‌نزڵ و ئامانج و كه‌ناری ئارام.

(مسته‌فا بارزانی) ئه‌و رابه‌ره‌ كاریزمایه‌ بوو كه‌ كوردی له‌ نائومێدییه‌وه‌ به‌ره‌و ئومێد و بڕوا به‌خۆ و به‌ ئاینده‌ پێشڕه‌وایه‌تی كرد و به‌ خه‌باتێكی سه‌خت و دژوار رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ (كورد سه‌پانی بابی كه‌س نییه‌) و بنده‌ستی و داگیركاری قه‌ده‌ری هه‌تا هه‌تایی ئه‌م گه‌له‌ نییه‌ و به‌ڵكو غه‌درێكی مێژوییه‌ و رۆژێ دێ كۆتاییدێت و كورد وه‌ك چواره‌مین گه‌وره‌ نه‌ته‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌ر ده‌بێ به‌ پێگه‌ و سه‌روه‌ریی شایسته‌ی خۆی بگاته‌وه‌. هه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ش بووه‌ زادی تێكۆشانی نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ و توێشووی خه‌بات و كۆڵنه‌دان و ده‌ست هه‌ڵنه‌گرتن له‌ ئاوات و ئامانجی ره‌وا تا قۆناغ به‌ قۆناغ به‌ ئه‌مڕۆی پرشنگدار گه‌یشتین.


(بارزانی نه‌مر) پرنسیپ و به‌هاگه‌لێكی مرۆڤدۆستانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ی دوور له‌ شه‌ڕخوازی و توندرۆیی و ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی به‌ باڵای كوردایه‌تیدا كرد و پابه‌ندبوونی تێكۆشه‌رانی بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان به‌و پرنسیپانه‌ وایكرد له‌مڕۆدا كوردایه‌تی وه‌ك نه‌هجێكی ره‌وا، له‌ جیهاندا به‌ رێزه‌وه‌ ته‌ماشابكرێ.


(بارزانی) سه‌رده‌مێك ده‌ستی دایه‌ خه‌بات كه‌ داگیركه‌ران به‌هێز و هه‌ژموون و خاوه‌ن پشتیوانی و كوردیش جگه‌ له‌ خوا و ره‌وایی دۆزه‌كه‌ی و ئاماده‌یی رۆڵه‌كانی بۆ مه‌رگ له‌ پێناو ئازادی، هیچ پشت و په‌نایه‌كی شك نه‌ده‌برد، به‌ڵام باوه‌ڕی به‌ خۆ و به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌ی و ره‌وایی دۆزه‌كه‌ی بۆ چركه‌یه‌ك ئیمانی له‌ق نه‌كرد كه‌ رۆژێك دێ كورد سه‌رده‌كه‌وێ و دوژمنه‌كانی نابووت ده‌بن. جیهان له‌ په‌یامی ئینسانیی كورد تێده‌گا و ناحه‌زانیشی ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی له‌بن نه‌هاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌ ده‌بن.


ئێستا كه‌ یادی ئه‌و رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردایه‌تی له‌ ترۆپكی سه‌ركه‌وتن و كورد  له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی چاره‌نووسی زه‌وت كراو و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ هه‌ركات نزیكتره‌. ئه‌م نزیكی و ئومێده‌ مه‌زنه‌ به‌رهه‌می ئه‌و پرنسیپانه‌یه‌ كه‌ بارزانی تان وپۆی خه‌باتی كوردایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی پێ داڕشت و  بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و دۆزه‌ ره‌وایه‌ش، جگه‌ له‌ یه‌كده‌ستی و یه‌ك دڵی رۆڵه‌كانی میلله‌ت هیچی دیكه‌ی به‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتن نه‌ده‌زانی. بۆیه‌ ئه‌مڕۆش كه‌ له‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ستراتیجییه‌كه‌مان نزیكده‌بینه‌وه‌ و هه‌لو مه‌رج و ده‌رفه‌تمان بۆ ره‌خساوه‌، له‌ پاڵ پشت و په‌نایی نێوده‌وڵه‌تیدا، پێویستمان به‌وه‌یه‌ خۆشمان پشت و په‌نای خۆمان بین و یه‌ك دڵ و یه‌ك بڕوا به‌ره‌و چنینه‌وه‌ی ره‌نجی خه‌باتی سه‌دساڵه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌نگاو بنێین و هیچ ناكۆكی و دردۆنگییه‌ك نه‌خه‌ینه‌ پێش به‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجه‌ مه‌زنه‌وه‌ كه‌ بارزانی له‌ پێناویدا ژیا و هاوسه‌نگه‌رانی له‌ پێناویدا سه‌دان هه‌زار گیانیان به‌خت كرد.

ده‌بێ هه‌موومان له‌ ئاستی به‌رپرسیاریی مێژوویدا بین و له‌م ده‌رفه‌ته‌ داهاتویه‌كی گه‌ش بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ین و بۆ دواجار به‌ ئیراده‌ی رۆڵه‌كانی خۆمان چاره‌نووسمان ره‌نگڕێژ و ده‌سنیشان بكه‌ین و ئه‌جری شه‌هیدان و خه‌باتكاران و قوربانییه‌ گرانبه‌هاكانی گه‌له‌كه‌مان بده‌ینه‌وه‌.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی باوكی كورد و رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان مسته‌فا بارزانی نه‌مر و سه‌ركه‌وتن بۆ قوتابخانه‌ و رێباز و كاروانه‌كه‌ی...

درود و سڵاو بۆ گیانی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و كوردستان كه‌ به‌ خوێنی خۆیان، داری ئازادی و  سه‌ربه‌خۆییان ئاودا ...

سڵاو له‌ قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌زه‌كانی كوردستان كه‌ ناوی گه‌له‌كه‌یان گه‌یانده‌ ترۆپكی شانازی...

سڵاو له‌ گه‌لی قوربانیده‌ر و كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان كه‌ هه‌موو سه‌ختیی و دژوارییه‌كانی به‌رگه‌گرت و كۆڵی نه‌دا...

سڵاو له‌ سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر....

مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان

Read 257 times
Rate this item
(0 votes)