YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
29
نیسان

نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ تاوتوو ده‌كه‌ن

Written by 
Published in هه‌واڵ

 

 

له‌ میانه‌ی سه‌ردانیدا بۆ توركیا و به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی ئه‌تلانتیك له‌ ئیستانبول، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 28-4-2017 (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌ركۆماری توركیا كۆبووه‌وه‌.

 

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا (ئه‌ردۆغان) پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆی بۆ شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شه‌نگال گیانیان له‌ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندر بوون ده‌ربڕی و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی بریندارانی ئه‌و ڕووداوه‌ نیشان دا، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و بۆردومانه‌دا مه‌به‌ست بۆردومانكردنی باره‌گاكانی پێشمه‌رگه‌ نه‌بووه‌ و بۆردومانه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌ربڕی.

 

جه‌ختی له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ ‌بوونی باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شه‌نگال قبووڵ ناكرێت‌ و به‌ پێویستی زانی به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌وێ چۆڵ بكرێن. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و تۆكمه‌كردنی زیاتریان كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ توركیا بایه‌خێگی گه‌وره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ئارامییه‌كه‌یشی به‌رز ده‌نرخێنێت.

 

 

پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی مووسڵ و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر خسته‌ ڕوو و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ته‌واوی عیراق به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ دووپات كرده‌وه‌.

 

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی تێبینی و ڕوونكردنه‌وه‌كانی (ئه‌ردۆغان)ی كرد و نیگه‌رانیی خۆیشی به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كانی شه‌نگال نیشان دا و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌ی دووپات كرده‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش هیوای خواست په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵ بكات.

 

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانیش به‌ڕێزیان ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا‌. ده‌رباره‌ی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش جه‌ختی له‌ پێویستیی ئه‌نجامدانی دیالۆگێكی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی مووسڵه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریی سوپای عێراقی كردووه‌ كه‌ ئه‌نجامێكی باشی هه‌بووه‌ له‌ بنه‌بڕكردنی تیرۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 

 

گفتوگۆكردنی ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا دێنه‌ ئاراوه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Read 361 times
Rate this item
(0 votes)