YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
25
ئایار

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بولگاریا كۆبۆوە

Written by 
Published in هه‌واڵ

لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ دەرەوەی وڵات ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی 5ـی 2017 بەڕێز

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سۆفیەی پایتەختی بولگاریا لەگەڵ بۆیكۆ بۆریسۆڤ سەرۆك وەزیرانی بولگاریا كۆبۆوە.


لەو كۆبوونەوەیەدا كە وەزیری ئابووری و وەزیری كشتوكاڵ و وەزیری گەشتوگوزاری بولگاریا ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیرانی بولگاریا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی كوردستان لە شەڕی تیرۆر سوپاسی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە شەڕی تیرۆر ئەولەویەتی وڵاتەكەیەتی بۆیەشە هاوكاری گەلی كوردستان دەبن. هەروەها هێمایشی بە پێگە و بایەخی هەرێمی كوردستان دا لە ناوچەكە و ئامادەیی وڵاتەكەی ڕاگەیاند بۆ فراوانكردنی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا باسی قارەمانێتی پێشمەرگەی كرد و سوپاسی یارمەتیی هاوپەیمانانی كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەوە پێشمەرگە بوو بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە خۆمان بە هاوپەیمانی هەر وڵاتێك دەزانین كە شەڕی تیرۆر بكات و ڕایشیگەیاند كە پێویستە جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فكری و ئابووریی تیرۆریش بكرێت و ئەو ڕەگوڕیشانەیش وشك بكرێن كە بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و ئاماژەیشی بەوەدا كە دوای دەیان ساڵ قوربانیدان گەلی كوردستان بڕیاری ئەوەی داوە كە ڕیفراندۆم بكات لەپێناو دیاریكردنی چارەنووسی خۆی.

جێگەی ئاماژەپێكردنە ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە شاری سۆفیەی پایتەختی بولگاریا ئێوارەخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی لە لایەن دیمیتری گڵافیجۆڤ سەرۆكی پارلەمانی بولگاریا بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری ساز درا.

لەو سەردانەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێمن هەورامی ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

Read 240 times
Rate this item
(0 votes)