YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
07
حوزەیران

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

Written by 
Published in هه‌واڵ

 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 5ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپا و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.

 لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ناوەڕۆكی نامەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە تێیدا پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكا دووپات كراوەتەوە و هەروەها وەزیری بەرگری سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە كردووە بۆ سەركەوتنەكان لەدژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق. هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا كە بە بێ پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە مەحاڵ بوو كە لەدژی تیرۆریستانی داعش سەركەوتن بەدەست بهێنرێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە هێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئێمەیە و شەڕی تیرۆر ماوە، بۆیە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
 لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە و لە وتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ هەرێمی كوردستان داوای كرد كە پلانی سەربازی و پلانی سیاسی و ئیداری بە یەكەوە هەبێ چونكە پێشبینیی سەرهەڵدانی كێشەی تازە دەكرا، بەڵام جێگەی داخە كە كار بۆ پلانی سیاسی و ئیداریی قۆناغی دوای داعش نەكراوە.
 پەیوەست بە بارودۆخی ڕۆژئاوای موسڵ و باشووری شنگال سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا ئەگەر ئامانجی جموجۆڵەكان شەڕی تیرۆریستانی داعش بێت كێشە نییە بەڵام ئەگەر هەوڵ هەبێت بۆ پیادەكردنی ئەجێندای تر جگە لە شەڕی تیرۆر ئەوە گرفتی گەورەتر سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی لەدەستچوونی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆر. ئەوەیشی بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند بە هیچ شێوەیەك قابلی قبوڵ نییە هێزێك سنووری كوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە خەریكە ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش دووبارە دروست ببنەوە. 
 لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكان سەرۆك بارزانی وێڕای نیشاندانی ڕەزامەندیی خۆی لە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بە پێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق بڕیار بوو كە هەموو لایەك پابەندی ئەو خاڵانە بن كە بۆیان دیاری كراوە. سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوون كردەوە كە ڕێككەوتنیش لەسەر ئەوە كرابوو كە پێشمەرگە و سوپا هێزێكی هاوبەش پێك بهێنن بۆ پاككردنەوەی باشووری شنگال و ڕۆژئاوای تەلەعفەر لە تیرۆریستان، سوپای عێراق سەرقاڵی شەڕی موسڵ بوو و، پێشمەرگەیش پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو و بەهۆی ڕێككەوتنەكە جووڵەی نەكرد، لەم نێوەدا حەشد بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەك جموجۆڵی لەو ناوچانە دەست پێ كرد و لە ئەنجامدا دۆخێكی ئاڵۆز خوڵقێندراوە. ئەم دۆخەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە نیگەرانییەكانمان لە نەبوونی ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەشوێن خۆی بووە.
 جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

Read 75 times
Rate this item
(0 votes)