YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
21
نیسان

راگەیاندنی پارتی ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆز کرد

Written by 
Published in هه‌واڵ

دەقی پەیامەکە:


    (٢٢/٤)رێككەوتى دەرچوونى یەكەم رۆژنامەى كوردیە بەناوى كوردستان، كە لە (٢٢/٤/١٨٩٨) لەسەر دەستى مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم ژمارەى لە (قاهیرە)دەرچوو، ئەو هەنگاوە مێژووییە دواتر بەردى بناغەى رۆژنامەگەریی كوردیی داناووەرچەرخانێكى مێژوویی گرنگیش بوو لە مێژووى هاوچەرخى گەلى كورددا، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسانى كوردستان لە ناوەوەودەرەوەى وڵات دەكەین، ئومێدەوارین هەردەم لە پێشوەچوون و سەركەوتن دابن لەخزمەتگەیاندن بە بوارى رۆژنامەوانیی و كولتووریی و رۆشنبیریی دا.

   لە(١١٨)هەمین ساڵوەگەڕیی جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیدا هەست بە شانازی و گەورەیی هزروقەڵەمى بیرمەندورۆشنفكرانى كورد دەكەین، ئەوانەى قۆناغ بە قۆناغ بنەمایەكی راستەقینەو پڕبەخششیان لە بوارى رۆژنامەوانی و كوولتوورى داڕشت و پەرەیان پێداو دركیان بەرۆڵ و گرنگى بوارى رۆژنامەوانى كرد لە شۆڕش وسەرهەڵدان و رابوونى شارستانێتی و بڵاوكردنەوەى هۆشیاریی رۆشنبیریی و كولتوورى پێكەوەژیان دا، هەروەها شوناسی نەتەوەیی وكێشەى كوردوئامانجەكانیان بە دەوروبەروجیهان گەیاند.
رۆژنامەوانانى بەڕێز....

  كاروانى نەسرەوتووى رۆژنامەوانی كوردیمان رێگایەكی سەخت و دژوارى بڕیوە لەپێناو بەدیهێنانى ئامانجە فەرهەنگیی و رۆژنامەوانیەكانیدا، رووبەڕووى جۆرەها كۆسپ و بەربەست بووەتەوەوكۆڵی نەداوەو هەر بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەى شانازیمانە كە ئەو كاروانە رۆشنبیرییە خاوەنى دەسكەوتێكى زۆرەو بە قوربانیدانێكى مەزنیشەوە بەردەوام بووە،  هاوزەمان رەوتى رۆژنامەگەریی كوردى شانبەشانى بزووتنەوەى رزگاریخوازیماندا زەوینەیەكى لەبارى رەخساند بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنى بیری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەریدا، لە قۆناغە جیاجیاكانى خەبات داو هەردەم سەنگەرى رۆژنامەگەریی چەكی بەرگرى و هۆشیاریی و جۆشدانى گیانى بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەكی راستەقینەو بوێری شۆڕش وراپەڕینەكان بووە.

  رۆژنامەى(كوردستان) وەك یەكەمین رۆژنامەى كوردیی، لەرووى دەوڵەمەندكردنى بیری نەتەوەیی و سیاسیدا رۆڵێكى پێشەنگى هەبوو، بەو پێیەى كەسانى پێشەنگى رۆژنامەگەریی كوردى، رۆشنبیرومیدیاكار بوون، هەروەها رۆژنامەكە گرنگى دەدا بە بوارى رۆشنبیریی و ئەدەبی و زمان و مێژوو، مایەى شانازى نەتەوەییەمانە، كە بەسەر لاپەرەكانیدا سەردەمێكى تازەى لە كرانەوەوگەشانەوە خستەسەر پشت،  گوزارشتی لە كێشەى گەلێكى بەشمەینەت دەكرد.
ئەو هەوڵە مەزنە بناغەیەكى مێژوویی بۆ تەلارى رۆژنامەگەریی كوردیی داناو وەك پردێكى رۆشنبیریی وابوو لە نێوان كوردستان و وڵاتانى دیكە، رۆژنامەى كوردستان هەر لەسەرەتاى دەرچوونیەوە گرنگى دابوو بە كێشە چارەنووسازەكان و رۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیاودیارەى رۆشنبیرانى كورد بۆ دەرخستنى خواست وویست ودەردەسەری رۆڵەكانى گەلەكەیان، هەروەها هێزێكى تازەیشی بەخشیە ژیانى رۆشنبیریی كوردیمان، بۆیەش پاشان بووە هۆكارێكى بنەڕەتى گەشەكردن ونوێبوونەوەوسیستمازەكردنى بوارى پیشەیی و ئەدەبی و فەرهەنگی.

  ئەمڕۆش لەسایەى راپەڕین و دەسكەوتەكانى گەلەكەمان و حوكمڕانیی هەرێم و ئازادى و دیموكراسی و فرەرەنگی لەهەموو بوارەكاندا، جارێكى دیكەو بە سیستماتیزەكردنى لەرووى یاسایی و دەستووریەوە، رۆژنامەگەریی كوردیی بە گوڕوتینێكى زۆروبەربڵاوانەتر لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا لە مەیدانەو رۆڵى شیاووئەرێنى خۆى دەگێڕێت، كە زەوینەودەرفەتى ئازادى بیروڕاورادەربڕین و ئازادى رۆژنامەگەریی فەراهەم كراوەو بە دەیان و سەدان دەزگاوكەناڵ و بڵاوكراوەى هەمە جۆروهەمەرەنگ هەن لەسەر گۆڕەپانەكە كارى خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش وادەخوازێ رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەریی كوردیی پەیامى راستەقینەى خۆیان هەمیشە لەبەرچاو و بیر بێ، رۆژنامەوانان بەرپرسیارانە لە هەمان سەنگەرى نیشتیمانپەروەریدا بجەنگن و رۆڵى زێدە كاریگەرى خۆیان بگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەى بیروباوەڕ و رەوتى توندڕۆیی و توندوتیژى و تیرۆر بە گشتى، هەروەها بۆ پیادەكردنى ئیتیكى كارى رۆژنامەوانی و داكۆكیكردن لە كێشە رەواكان و دیاردە ئەرێیەكان و  رەچاوكردنى راستییەكان و مسداقیەتى كاروچالاكیەكانیان.

راستیەكى حاشاهەڵنەگرە، كە ئێستا رۆژنامەگەریی كوردیی سەبارەت بە ساڵانى پێشتر پێشكەوتنى زیاتروچاكترى بەخۆوە بینیوەوكاریگەرى باشترى هەیە بەسەر سەرجەم بوارەكاندا ئەمەش بۆ بارودۆخى سەقامگیریی سیاسی هەرێم و ئەو فەزا كراوەیەى كاریی میدیایی و پێشكەوتنى تەكنەلۆجیاوئامرازەكانى دیكەى گەیاندن و پەیوەندیكردن لەوانەش تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، دەگەڕێتەوە، بۆیەش پێویستە بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت و بەرفراوانتر كاریگەرى زیاتر وئەرێیانەتر بێت و زیاتر ئەو دەسكەوتانە بپارێزرێن و بنەماو بناغەكانى ئەو ئەزموونە پتەوتربكرێن. 

لە یادى رۆژنامەگەریی كوردیدا وێراى پاڵپشتى تەواومان بۆ پرەنسیپ و ئەخلاقیاتى راست و دروستى رۆژنامەوانیی و ئازادی رادەربڕین و ئازادى رۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە پێویستە دەسەڵاتى رۆژنامەوانیی بەرپرسیارانە و زیاترو چاكتر ئەركى راستەقینەى خۆى ئەنجام بدات و دەروازەى ئازادی رادەڕین واڵاتر بكرێ بۆ رەخساندنى بوارى كارى رۆژنامەوانیی بەپێی بنەماوپرەنسیپە گونجاووهەرەپێشكەوتووەكانى دنیا و  كەمكردنەوەى گیروگرفت وكەموكوڕیەكان و نەهێشتنى دیارە دزێو و پێشێلكاریەكان. 
  لە جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیدا، سڵاوورێز بۆ خانەوادەى بەدرخانییەكان و گشت ئەو پێشەنگە ماندوونەناس و خەباتكارە نادیارانەى رێگەی رەسەنى كوولتوریی و رۆژنامەوانیی و وشەى شیرینى كوردى...

بەرزو شكۆدار بێت رۆژنامەى(كوردستان)و ساڵیادو جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیی...  

 

 دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان 
  

Read 365 times
Rate this item
(0 votes)