YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
21
نیسان

جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤ: ''كوردستان مەودایەكی بەرینە بۆ ئومێد و كەرامەتی مرۆڤ

Written by 
Published in هه‌واڵ

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـ 4ـ 2016 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (كەتی گیلمۆر) جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە؛ هەروەها ستاییشی سەركردایەتیكردنی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی پێكهاتەكان و بە سەرنجڕاكێشی وەسف كرد.

خاتوو (كەتی گیلمۆر) هەروەها ڕاشیگەیاند، كە جیهان ئەو پێشوازییەی گەلی كوردستان لەبیر ناكات، كە سەرباری بوونی تەحەدیاتی ئەمنی و ئابووری لە ئاوارە و لێقەوماوان كردوویەتی.
جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای ئاماژەدان بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و عێراق، هێمای بەوەدا كە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق، كوردستان مەودایەكی بەرینە بۆ ئومێد و كەرامەتی مرۆڤ. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەوەی كوردستان لەسەر بنەمای لێبوردەی و دادپەروەری و پاراستنی یاسا و مافی مرۆڤ بنیات نراوە و، جێگەی خۆشحاڵیی كۆمەڵگەی جیهانییە كە كوردستان تەنانەت لە چركەساتەكانی شەڕ و تاریكی و سەختییشدا، پابەندی پڕەنسیپە مرۆڤییەكانە، هەر ئەو ڕەفتارەیش خۆی لەخۆیدا وەڵامێكی كاریگەرە بۆ ئەوانەی زوڵم و كارەساتیان دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام داوە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و، باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە مێژووی عێراق و لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە، هاوكات ڕایگەیاند، كە گەلەكەمان مافی پێشێل كراوە بۆیە زۆر بە باشی لە مانای ماف و پاراستنی مرۆڤ دەكات. جەختیشی كردەوە، كە نەهجی كوردستان لە كاتی شەڕ و ئاشتی و ململانێكاندا پاراستنی مافەكانی مرۆڤە.
(سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە تیمە نێودەوڵەتییەكانی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ كرد و بە پێویستی زانی، ئامۆژگاری و بیروبۆچوون و تێبینییەكانیان لەبارەی پێشێلكارییەكان بەهەند وەربگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هەروەها ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە كوردستان ئومێدی بە كار و چالاكیی ئەوان هەیە و، ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكاریی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە و، داوایشی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ ئاگادار بكەنەوە.

 

بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و چۆنییەتی یارمەتیدان و هاوكاریكردنیان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و، تێیدا (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی زۆر یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارەی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی زانیوە و، حكوومەتی عێراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەك پێویست هاوكاریی هەرێمیان نەكردووە لە یارمەتیدانی ئاوارەكاندا.

Read 329 times
Rate this item
(0 votes)