YJ Dailynews - шаблон joomla Книги
24
نیسان

ئێزدی، مەسیحی و شەبەک: دوو پارێزگای سەر بە کوردستان، مانەوەمان گەرەنتی دەکات

Written by 
Published in هه‌واڵ

  (مەسعوود بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای گەرەنتی پاراستنی ژیانی خەڵکی مووسڵ دەکات دوای نەمانی داعش و، چەندان جار دووپاتی کردووەتەوە کە، دەبێت خەڵکی ناوچەکە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆان بدەن. پێکهاتەی پارێزگاکەیش داوا دەکەن مووسڵ بکرێت بە چەند پارێزگایەیەک و بەشێکی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ڕوانگای (سەرۆک بارزانی) پێوەست بە پاشەڕۆژی پارێزگای نەینەوا وایە کە، دەبێت پێکهاتەکانی ئەو شارە جارێکی دیکە نەکەونەوە بەردەم هێرشی هاوشێوەی داعش، بۆیە دەکرێت بیر لە دروستکردنی چەند پارێزگایەکی بکرێتەوە، وەک گەرەنتیێک لە دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید و هەموو ئەو مەینەتیانەی دووچاری بوونەتەوە؛ پێشووتریش لەگەڵ نوێنەر و کەسایەتیانی ئێزدیدا کۆبوونەوەی کرد، (بارزانی) تێیدا رایگەیاند، کە کار دەکەن بۆ ئەوەی شنگال بکرێتە پارێزگا و راستەوخۆ لەلایەن شنگالییەکانەوە ئیدارە بدرێت.

"کلد و ئاشوور لە قۆناغی دوای داعش ترسیان هەیە"
(ڕۆمیۆ هەکاری) سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیت نەهرێن، باوەڕی وایە، کورد دەبێت دەوری زیاتری هەبێت لە مووسڵدا، بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، ئەمەیش بۆ پاراستنی ئاشوورییەکان لە دەشتی نەینەوا گرینگە.

(هەکاری) وای بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند کە، "دەبێت پێکهاتەکان هێزی تایبەتی خۆیان هەبێت بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و، دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەتایبەتی (سەرۆک بارزانی) دەورێکی باڵای هەبێت بۆ یارمەتیدان و گەشەپێدانی ئەو هێزانەی کە پێیان دەگوترێت هێزی ئاشوورییەکان، کە دوو ساڵ دەبێت لە دەشتی نەینەوا هەن؛ هەڵبەتە ئەمە دوای بڕیاری (سەرۆک بارزانی) بووە و ئێستا ئەوان پارێزگاری لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن، بۆیە دەبێت وەک ڕمزێک سەیری ئەم هێزانە بکرێت بۆ ئەوەی دەوری باڵایان هەبێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا".

ئەو نەیشاردەوە کە: "کلد و ئاشوور لە قۆناغی دوای داعش ترسیان هەیە لە دەشتی نەینەوا، پێمان وایە دەبێت پاشەڕۆژی ئاشوورییەکان لە دەشتی نەینەوا پارێزراو بێت. هەربۆیەشە پێمان وایە دەبێ کورد دەوری باڵای هەبێت لە بەرگریکردن و پاڵپشتیی مافەکانی ئێمە، چونکە ئێمە لەمێژە پشتگیریی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستانمان کردووە، کەواتە خەباتی هاوبەشمان هەیە. هەڵبەتە بۆ ئێمە زۆر گرینگە (بارزانی) دەڵێت، دەبێت پێکهاتەکانی مووسڵ بپارێزرێن."

(ڕۆمیۆ هەکاری) جەختی کردەوە، پێش سەرهەڵدانی داعشیش لە ئەدای ئیدارەدانی مووسڵ ڕازی نەبووە، چونکە وەک ئەو دەڵێ، حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی خۆجێی، دەورەی خراپیان هەبووە لە دەشتی نەینەوادا و دەیانگوت سەر بە هەرێمی کوردستانن، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە؛ "ئێمە و پێکهاتەکانی دیکەیش، کەوتبووینە نێوان دوو لایەنەوە، کار گەیشتبووە ئەوەی ناوچەکەمان بێ خزمەتگوزاری مابووەوە، بۆیە دەبێت ئەمە نەمێنێت لە دوای نەمانی داعش، دەبێت گەرەنتیمان بکرێت".

(هەکاری) جەختیشی کردەوە: "گرینگە ئەو ناوچانە ئیدارەی تایبەتی خۆیان هەبێت و، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هاوکارو پارێزەری ئەو ناوچانە بێت."


"پارێزگایەکی سەر بە هەرێم، گەرەنتیی مانەوەمانە"
شەبەک کە پێکهاتەیەکی دیکەی سنووری دەشتی نەینەوا و، (سالم شەبەک) کە نوێنەرایەتییان دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ڕاگەیاند: "لە ڕووی ئیدارییەوە ئێمە نامانەوێت جارێکی دیکە بکەوینەوە بن دەستی مووسڵ، چونکە دەزانین هەمان ئەقڵیەتی داعش بەسەرماندا دووربارە دەبێتەوە، بۆیە پشگیریی لە جەنابی (سەرۆک بارزانی) دەکەین لەوەی دەبێت مووسڵ گەرەنتی بێت بۆ پێکهاتەکانی ئەو شارە، چونکە لەناو مووسڵدا ئێزدی، مەسیحی، شەبەک و کاکەیی هەن، خۆ ناکرێت ئەم پێکهاتانە هەر ڕۆژە و بە دەست کەسانێکەوە قەتڵوعام بکرێن."

(سالم شەبەک) وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی گوت کە، "خۆم پرۆژەیەکم داوەتە (سەرۆک بارزانی) کە لە چەند خاڵێک پێک‌دێت. تێیدا هاتووە کە ناوچەی شەبەک و کاکەیی و ئێزدی و مەسیحییەکان پارێزگایەکیان بۆ جیا بکرێتەوە و خۆیان ئیدارەی خۆیان بدەن، بەڵام سەر بە هەرێمی کوردستان بێت؛ لەو ڕووەیشەوە ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکایشمان کردووەتەوە کە ناکرێت جارێکی دیکە پێکهاتەکانی ئەو شارە لەناو ببرێن."

نوێنەری کوردانی شەبەک بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاماژەیشی دا: "(سەرۆک بارزانی) باش درکی بەو راستییە کردووە کە جارێکی دیکە ناکرێت مامەڵەی لەناوبردن و بە چاوی سووک سەیری پێکهاتەکانی مووسڵ بکرێت؛ هەربۆیە گرینگە ئەو شارە بکرێتە چەند پارێزگایەک، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەقڵیەتی داعش نەتوانێت بە ناوی شارەکەوە قەتڵوعامی خەڵک بکات، ئاخر ئەوەی ئێمە لێی دەترسین ئەوەیە، هیچ گەرەنتییەکمان نییە لە دوای داعش چی دیکەمان بەسەر دێت."

شنگال و دەورووبەری، کە بە هۆی تێدا مانەوە لە نێوان پەراوێزخستنی لە لایەن بەغداوە و، دەستڕانەگەیشتنی هەرێمی کوردستان پێی، وەک پێویست خزمەتی پێ نەکرا، بە هەڵتۆقینی ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعشیش، ئەو پێکهاتە ڕەسەنەی کورد، دووچاری جینۆساید بوونەوە و، هێشتایش برینەکانیان ساڕێژ نەبوون، پاشەڕۆژی ئەو ناوچەیەیش یەکێکە لە پرسە هەرەگەرمەکانی پاش ڕزگارکردنەوەی مووسڵ و، (د.ماجدی شنگالی) کە نوێنەری کوردانی ئێزدییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەبێت جارێکی دیکە شنگال کارەساتی وای بەسەر نەیەتەوە، بۆ ئەوەی شنگالییەکانیش لەو کارەساتە دوور بن، دەبێت راستەوخۆ بە ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە ببەسترێتەوە.

"قەبووڵ ناکەین جارێکی دیکە ئەقڵیەتی شۆڤێنی و تاکڕۆیی، حوکمی شنگال بکاتەوە"
(ماجد شنگالی) گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان پارێزەری ناوچەکانن و دەبێت ئەو هێزە ببێتە قەڵغانی پارێزگاریکردن لەو ناوچانە؛ ڕاستییەکەی ئێمە قەبووڵ ناکەین جارێکی دیکە ئەقڵیەتی شۆڤێنی و تاکڕۆیی، دووبارە حوکمی شنگال بکاتەوە، ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی کە شنگال بکرێت بە پارێزگایەکی سەربە هەرێمی کوردستان".


هەرچی پێوەندی بە پاشەڕۆژی ئەو ناوچە کوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە هەیە، کە ئێستا پێشمەرگە دەیانپارێزێ و، پێکهاتەی جیا لێیاندا نیشتەجێن، بووەتە پرسێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا و، لەم ڕووەوە (غەزوان داوودی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێ: داوامان کردووە دەشتی نەینەوا و شنگال بکرێتە دوو پارێزگا و بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە پێش هاتنی داعشیش بە هەزاران مەسیحی و کوردی شەبەک و ئێزدی، کوژراون؛ دوای هاتنیشی، کوشتنی ئەو خەڵکە بێتاوانانە سێ بەرانبەر زیادی کردووە، ئاخر دنیایش بینی کە جینۆساید کران، ئێستایش نازانرێت دوای داعش چیمان بەسەر دێت."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی: "ئێمە داوامان لە (بارزانی) کردووە ژیانی خەڵکی مووسڵ نەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە یەکێک لە داواکانمان ئەوە بووە کە بخرێینە سەر هەرێمی کوردستان و لە کوردستانەوە ئێدارەمان بکرێت و پێشمەرگە پارێزگاریمان لێ بکات".

 

گوتیشی: "پێکهاتەکانی مووسڵ زۆر زەرەمەند بوون لە ئیدارەکەی مووسڵ، بۆیە دەبێت گەرەنتی هەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو پارێزگایە وەک ئێستا ئیدارە نەدرێت ".

Read 376 times
Rate this item
(0 votes)