YJ Dailynews - шаблон joomla Книги

Anjuman46

23
حوزەیران

 

بەئامادەبوونی بەرێز ( كاكەمین نەجاڕ ) سەرۆكی ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هەولێرو بەرێز ( بڵند اسماعیل ) بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ڤاڵ (سولحی مجید)ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و كارگێڕانی لق و ژمارەیەكی زۆر لەخانەوادەو كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان .

هاوكاری لقی 16 ی پارتی دیموكراتی كوردستان درایە خانەوادەی ( 110 ) شەهیدی سەربەرزی گەلەكەمان كە لەشەڕی بەرگری لەخاك و نیشتمان لە دژی تیرۆرستانی داعش گیانی خۆیان بەنیشتمانەكەمان بەخشی .

23
حوزەیران

 

ئه‌مڕۆ 22/6/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوڕوپا بە سەرپەرشتیی پاتریک سیمۆنێت باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە چەندین بالیۆز و کۆنسولی وڵاتانی ئەوروپا ئامادەی بوون، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لە سەر کرا.

هەر لەم کۆبوونەویەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و شاندی ئەوروپی جەختیان لە سەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەولێر وبەغدا کردەوە لە پێناو چارەسەریی گشت کێشەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەوەدا، کە گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن و هەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیشی کردەوە، کە هەوڵی فراوانتر دەدرێت تاکو نیگەرانیەکان لە دەڤەرەکەدا بڕەوێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.

23
حوزەیران

 

 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی هه‌رێمیی و ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بینێت كه‌ دژی ئه‌و مافه‌ی كورد نیین و ده‌ڵێت: "نه‌مبیستووه‌ هیچ وڵاتێكی ئه‌وروپی یان ئه‌مریكا دژی ریفراندۆم قسه‌ بكه‌ن له‌وانه‌یه‌ گوتبێتیان كاته‌كه‌ گونجاو نییه‌ یان له‌وانه‌یه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ كێشه‌ی زیاتر به‌دوای خوێدا بێنێت، ته‌نانه‌ت توركیا و ئێرانیش نه‌یان گوتووه‌، دژین و نابێت. ئه‌مه‌ مافێكی سرووشتی هه‌موو میلله‌تێكه‌، چ گوناهێكه‌ و چ تاوانێكه‌ كه‌ میلله‌تێك بێت به‌ ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ گوزارشت له‌ ماف و چاره‌نووسی خۆی بكات؟، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ ده‌مانه‌وێت رێگه‌ له‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ بگرین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك پێی وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ رووبدات، له‌ راستیدا خۆی به‌ نه‌بوونی ئه‌مه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ رووده‌دات، ئه‌و وڵاتانه‌ باسی مافی مرۆڤ و مافی گه‌لان ده‌كه‌ن، ئه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه‌یان له‌ كوێیه‌، ئایا كه‌ دێته‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌مووی ون ده‌بێت؟".

ره‌وشی ئێستا 
رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ناڵی فرانس 244 به‌و پرسیارانه‌ ده‌ستی به‌ گفتوگۆیه‌كی چر و پڕ كردووه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی و ده‌نگدانه‌وه‌ی بڕیاری ریفراندۆم بووه‌ته‌ باسێكی هێنده‌ گه‌وره‌و فراوانی جیهانیی ئه‌ویش زۆربه‌ی پرسیاره‌كانی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و پرسه‌ ته‌رخان كردووه‌، چونكه‌ رۆژی 7/6/2017 زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیاندا، كه‌ له‌ 25/9/2017 ئه‌نجام بدرێت، به‌ سه‌رپه‌رشتی بارزانی كۆببوونه‌وه‌. 
 له‌و دیداره‌دا پرسی پاش ده‌ره‌نجامی ریفراندۆم و كێشه‌ ی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان و شه‌ڕی مووسڵ و ره‌ققه‌ و كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی وشكایی ئێران له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ سووریا و پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و پرسی كورد له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسكردووه‌و چه‌ندین پرسیاری له‌باره‌وه‌ كردووه‌.

23
حوزەیران

 

ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاتریك سیمۆن نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزانی بەلجیكا و پۆڵەندا لە عێراق و بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی ئیتالیا و ئیسپانیا لە عێراق و كۆنسوڵەكانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و نوێنەرانی كونسوڵخانەی بریتانیا و چیك و ڕۆمانیا لە شاری هەولێر.


لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا وێڕای ئاماژەدان بە كۆبوونەوەی ڕۆژی 19ـی 6ـی 2017ـی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە شاری بروكسێل پەیامی یەكێتیی ئەوروپای بۆ سەرۆك بارزانی و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە تێیدا یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردووەتەوە لە بەرانبەر تەحەدیات و كێشەكاندا. هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و بەشداریی گەلی كوردستانیان كردووە لە شەڕی دژی تیرۆر و حەواندنەوەی ئاوارەكان و پێزانینیشیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە دووپات كردووەتەوە. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق ئەوەیشی باس كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەكێتیی ئەوروپا جێگەی بایەخە و بە پێویستیشی زانی كە پێكهاتەكانی عێراق بۆ شكاندنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی یەكگرتوو بن و تەركیز لەسەر بابەتە هاوبەشەكان بكەن و خۆیان لە بڕیاری یەكلایەنە بپارێزن و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان لە ڕێگەی ئاشتی بێت چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمە. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا هێمای بە بڕگەیەكی تری پەیامی یەكێتی ئەوروپادا بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدیاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی چاكسازی و هەڵبژاردنەكان، ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و ڕێكبكەون. نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا ئەوەیشی خستەڕوو كە مەبەست لە سەردانیان بۆ كوردستان گەیاندنی پەیامی یەكێتی ئەوروپا و تێگەییشتنی باشترە لە بڕیار و داواكارییەكانی هەرێم.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و نوێنەرانی حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتكێشان و نوێنەری حزبە توركمان و مەسیحییەكانی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بە وردی ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە سەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دا كە تێیدا گەلی كوردستان بە مەرجی شەراكەت بڕیاری ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی دا بەڵام لە قۆناغی 1921 هەتا 2003 نەك تەنیا شەراكەت جێبەجێ نەكرا بەڵكو چەمكی هاووڵاتیبوونی گەلی كوردستانیش جێبەجێنەكرا و لەو ماوەیەدا 4500 گوندی كوردستان وێران كرا و 180 هەزار ڕۆڵەی كورد بەر پڕۆسەی ئەنفال كەوتن و بێ سەروشوێن كران و دوازدە هەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كران و كوردستانیش كیمیاباران كرا و هەڵەبجە بووە هێمای ئەو تاوانە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو نەهامەتی و جینۆسایدە بەشی شەراكەتی ئێمە بووە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لەگەڵئەوەیشدا لەدوای 1991 گەلی كوردستان ویستی لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە و لەپێناو یەكپارچەیی عێراق و ئاشتیدا لەگەڵ ئەو كەسانە دانیشت كە تاوانی جینۆسایدیان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامدابوو بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەیش سەری نەگرت چونكە فەرهەنگی حاكم لە بەغدا فەرهەنگی بەپاشكۆدیتن و بەتاوانبارزانینی گەلی كوردستان بوو.

سەرۆك بارزانی هێمای به قۆناغی دوای 2003 دا كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە یارمەتیی بنیاتنانەوەی عێراقی دا لەسەر بنەمای دیموكراسی و فیدرالیزم و دەستوور و شەراكەت و تەوافوق و، ئومێدی بە ژیانێكی نوێ هەبوو بەڵام هەموو ئەو بنەمایانە بە دەستووریشەوە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق و فەرهەنگی باڵادەست لە بەغدا پشتگوێ خران و پێشێل كران و كار گەییشتە سەر ئەوەی وەك سزادانێكی سیاسی قووتی تێكڕای گەلی كوردستان بڕدرا كە ئەوە پێشێلكردنی مەترسیداری هەموو هەوڵێك بوو بۆ بنیاتنانی عێراق و مەسەلەی شەراكەت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان ئەزموونێكی تاڵی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەموو ڕێگەیەكی بۆ پاراستنی عێراقی یەكگرتوو تاقی كردووەتەوە و قوربانی و باجی زۆری داوە بەڵام بێ ئەنجام بووە و دواجار بەو ئەنجامە گەییشتووە كە مادام نەتوانرێ شەراكەت بپارێزرێ و لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و نەهامەتی و كێشەی مەترسیدار با وەك دوو دراوسێ لە تەنیشت یەكتردا بژیین. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و جەختی لەوە كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە نییە و پێویستە خەڵكی كوردستان ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان دەرببڕن و دوای ئەوەیش هەرێمی كوردستان دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەموو ڕێگەیەكی ئاشتیانە و دیالۆگ دەگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە تەفاهومێك كە خزمەتی ئاشتی و ئاساییش و پێشكەوتنی هەردوولا و ناوچەكە بكات.

لەبارەی شەڕی داعشیشەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان باجێكی زۆر گەورەی لەو شەڕە دا. پێشتر ڕێككەوتن هەبوو كە پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق بەڵام ئەو ڕێككەوتنەیش جێبەجێ نەكرا و بەهۆی ئابلۆقەی چەندساڵەی چەك لەسەر پێشمەرگە، پێشمەرگە چەكی پێویستی نەبوو لەبەرانبەر ئەو تیرۆریستانەی كە باشترین چەكیان لەبەر دەستدابوو و یەكێك لە هۆكارەكانی جینۆسایدی ئێزیدییەكان ئەو ئابلۆقەیە بوو كە حكوومەتی عێراق بەسەر هێزی پێشمەرگەدا سەپاندی و بەمجۆرە حكوومەتی عێراق، كوردستان و پێكهاتەكانی عێراقی لە هەڕەشەی تیرۆریش نەپاراست. هەروەها لەبارەی ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە حكوومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە یارمەتیدانی هەرێم وەك بڵێی بابەتی ئاوارەبوونی سەدانهەزار عێراقی كە لە هەرێم نیشتەجێبوون لە دەروەی سنوورەكانی عێراق ڕووی دابێت.

سەرۆك بارزانی هێمای بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە سەرباری هەموو ئەوانە پێشمەرگە یارمەتیی سوپای عێراقی دا و هێڵە بەرگرییەكانی داعشی تێكشكاند و ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ خۆش كرد. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەماهەنگیی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق و ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەت دەبێت. سەرۆك بارزانی لە كۆتایی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان هاوكاری حكوومەتی عێراقی دەبێت لە شەڕی تیرۆر و داوایشی كرد یەكێتیی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەری گەلی كوردستان و عێراق بن لە پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و گەییشتن بە لێكتێگەییشتنێكی ئاشتیانە و هەروەها ئەوەیشی داوا كرد كە یەكێتیی ئەوروپا دژایەتیی مافە یاسایی و سرووشتی و ئیلاهییەكانی گەلی كوردستان نەكەن و گەلی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لە ئەوروپا هەیە پشتیوانی ئەو مافانەیان بن و لە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات پاڵپشتیان بێت.