YJ Dailynews - шаблон joomla Книги

هه‌واڵ (521)

20
نیسان

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ گوتی، رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەند ھاوەنێکی بە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەوە ناوە، گومان دەکرێت چەکی کیمیاوی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر(جەمال مورتکە) راگەیاند، "هاوەنەکانی داعش بەر گوێڕ و ھەندێکیشی ئاراستەی ناوچەی ئەبوشیت و گامێش تەپە و ئەو ناوچانە کراون، بۆنێک لە پاشماوەی گولـلەکانەوە دێ کە گومان دەکرێت چەکی کیمیاوی تێدا بێت.

(جەمال مورتکە) گوتیشی، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لێکۆڵینەوەیان لەو گولـلە ھاوەنانە دەست پێ کردووە و، ھەرکاتێک لێکۆڵینەوە تەواو بوو، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکرێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، بە هۆی ئەو بۆردوومانەی داعشانەوە چوار پێشمەرگە بریندار بوون و، بەگوێرەی زانیارییەکانی پزیشکی پسپۆڕ بێ وەک ئەوەی قسەی بۆ مێدیاکان کردووە، ئەو ماددەیەی لە لەنێو گولـلەهاوەنەکاندا بووە و دژ بە پێشمەرگە بە کار هێنراوە، گازی خەردەل بووە.

20
نیسان

به‌ بانگهێشتى فه‌رمی و بۆ به‌شدارى له‌ كۆنگره‌ی پارتى عه‌داله‌ى رووسیادا، ئه‌مڕۆ جوارشه‌ممه‌، شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تیى (سه‌رۆك بارزانى) گه‌یشته‌ مۆسكۆ.


ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ى پارتى عه‌داله‌ى رووسیا له‌وانی پێشتری جیا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان به‌شداره‌ تێیدا، ستراتیژى رووسیایه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ناوچه‌كه‌ و، هه‌روه‌ها پێگه‌ی پارتی دیموكراتى كوردستانه‌ له‌ هاوكێشه‌ و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كاندا.
وه‌ك زانراوه‌، شانده‌كه‌ی پارتی له‌ په‌راوێزى كۆنگره‌ و مانه‌وه‌یان له‌ مۆسكۆ، چه‌ندین دیدارى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

شانده‌كه‌ی پارتی، به‌رپرسى مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى(هێمن هه‌ورامى)  سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و (د.خۆشه‌وى مه‌لا ئیبراهیم) و (عه‌بدولسه‌لام زێبارى) یاوه‌ری ده‌كه‌ن.
شانده‌كه‌ له‌باره‌ی دۆخی ئێستا و پاشه‌ڕۆژی ناوچه‌كه‌ و، هه‌رێمی كوردستان، په‌یام و ڕوانگای (سه‌رۆك بارزانى) له‌ مۆسكۆ ده‌خاته‌ به‌ر باسه‌وه‌.

19
نیسان

 به‌ناوی خۆم و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بەبۆنەى جەژنى (چوار شەممە سوَر)و سەرى ساڵى نویی ئیزیدیان پیرۆزباییەكى گەرم لە ئەنجوومەنی روحانی كوردانی ئیزدی و سەرجەم ئێزیدیان لە كوردستان وجیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكان لە سایەى ئازادى كوردستان بە خۆشی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە .

19
نیسان

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی لە کوردانی ئێزدی:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سوور، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.
کوردی ئێزدی نموونەیەکی دیاری بەرخودان و خۆڕاگریی گەلەکەمانن و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ قڕکردن و تواندنەوەیان، کوردی ئێزدی زۆر ئازایانە بەرگرییان لە ناسنامەی کوردایەتییان کرد و هیچ دوژمنێك نەیتوانیوە كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و ناسنامەیان بسڕێتەوە.

پابەندبوونی ئەو ئازیزانە بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان چەکێکی بەهێز بوو کە تەنانەت دڵڕەقی و دڕندەیی و هەموو کارە نامرۆڤانەکانی تیرۆریستانی داعش لەکاتی داگیرکردنی دەڤەری شنگال، نەیانتوانی ئیرادەی ئەو بەشە ئازیزەی گەلەکەمان تێکبشکێت.

لە هەڵمەتی ئازادکردنەوەی شنگالیش لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانەوە، کاتێک سەدان ڕۆڵەی کوردستان لە خانەقینەوە تا زاخۆ بە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییەوە بۆ ئازادکردنەوەی دەڤەری شنگال خوێنی گەشیان ڕژایە سەر خاکی ئەو دڤەرە و شەهید بوون، خوێنێ ئەو شەهیدانە پەیامی ڕوون بوو و جارێکی تر کوردانی ئێزدی لەژێر ئاڵای کوردستاندا بە دۆست و دوژمنیان ڕاگەیاند کە ئەوان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن و سوورین لەسەر پاراستنیان و دابینکردنی داهاتوویەکی دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە.

 

مەسعوود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
19/4/2016

18
نیسان

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 18ـی 4ـی 2016 ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كە بە سەردانێك لە هەمان ڕۆژدا گەییشتبوو بەغدا، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پۆزشی هێنایەوە لەوەی بەهۆی بەرنامەی چڕوپڕی كارەكانی نەیتوانیوە سەردانی هەولێر بكات و ئاماژەی بە سەردانی پێشووتری كرد بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها ئاماژەی بەو بەڵێنانە دا كە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە لەسەردانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا باسی كردبوو.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا سەرۆك بارزانیی لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەو بەڵێنانەی بۆ یارمەتیدان و هاوكاریی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكاوە درابوون خراوەنەتە بواری جێبەجێكردنەوە.  لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵ ماندووبوونی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیكەی ئەمەریكا كرد بۆ پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوولا كرا و بیروڕا لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا و هەروەها ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ ئاڵوگۆڕ كر

18
نیسان

لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هاوبەشی سیناتۆر و پەرلەمانتارانی فەڕەنسا و پەرلەمانی ئەورووپا رایانگەیاند کە، بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیان بۆ گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی سەرۆك بارزانی هاتوونەتە كوردستانڕۆژی دووشەممە 18ـی 4ـی 2016 لە سەلاحدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێناتۆر و پەرلەمانتارەكانی فەڕەنسا و پارلەمانی ئەوروپا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایانگەیاند كە بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیان بۆ گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی (سەرۆك بارزانی) هاتوونەتە كوردستان و هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق بن و دەستخۆشیشیان لە گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم كرد بۆ كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە هەرێمی كوردستان و قوربانیدانیان لەشەڕی تیرۆریستان و هەروەها پەنادانی سەدانهەزار ئاوە و لێقەوماوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و كوردستان.

دواتر ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان لە بارەی بارودۆخی سیاسی و شەڕی داعش و ئاییندەی ناوچەكە و سووریا و توركیا ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و داوایان كرد سەرۆك بارزانی ڕوونكردنەوەی پێویست لەبارەی بابەتەكان بدات بۆ ئەوەی بتوانن باشتر لە دۆخەكە بگەن و یارمەتی و پشتیوانیی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەورووپا بەدەست بهێنن.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسا و وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە بوون و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە بۆ هەموو لایەك، بارودۆخی مەیدانیی شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و باسیشی لەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە.

وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی دارایی و هۆكارەكانی ئەوەی خستەڕوو كە تێچوونەكانی شەڕ و دابەزینی نرخی نەوت و حەواندنەوەی ئاوارەكان وای كردووە كە كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدا بێت و ئەوەیش لە حاڵێكدایە كە حكوومەتی عێراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك پێویست لە مەسەلەی ئاوارەكان یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان نەداوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە لەناو گەلی كوردستاندا هیچ جۆرە حەساسییەتێكی ئایینی و تاییفی و نەتەوەیی نییە و هەموویان بە بێ جیاوازی و بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا دەژیین. سەرۆك بارزانی باسیشی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراقدا كرد و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت تووشی خەڵكی كوردستان هاتوونە بۆ شاندی میوان باس كرد.

لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنی مووسڵ لە قۆناغی دوای ئازادكردن لەنێوان لایەن و پێكهاتەكاندا هەبێت ئەویش لەپێناو دانی گەرەنتی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزیدییەكان كە ژیانێكی ئاسوودەیان هەبێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.

 

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سووریا و هەروەها گرژی و ئاڵۆزییەكانی توركیا و پڕۆسەی ئاشتی لەم وڵاتە.
  

18
نیسان

سكرتێری حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا شتێك نەماوە بەغدا و كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە، هەربۆیە باوەڕی وایە کە، ئێستا باشترین ساتەوەختە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. (محەممەدی حاجی مەحموود) جەختیش دەکاتەوە، "تەنیا بەو هێزی پێشمەرگەی كە ئێستا هەمانە، دەتوانین كوردستان بپارێزین و نەهێڵین هیچ هێزێك هەڕەشە لە كوردستان بكات."


سكرتێری حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەکیدا کە لە ژامرەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی گوڵاندا بڵاو بووەتەوە ڕایگەیاند، "بە ڕاستی ئێستا بارودۆخەكە ئاڵۆزە و ئەوەی من هەستی پێدەكەم، ئەوەیە كورد لە بەغدا جێگەی نەماوە و، ئێستا شتێك نەماوە بەغدا و كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە، ئەوە بوودجەی كوردستانە بڕاوە و نەماوە، سەبارەت بە پرۆسەی سیاسییش، خۆتان دەزانن ماوەیەك پێش ئێستا جێگری سەرۆكوەزیران و كۆمەڵێك وەزیری كوردیان ناردەوە بۆ كوردستان، چەند رۆژێكیشە ئەو 3 وەزیرە كوردەی لە بەغدا ماون، بە قسەی خۆیان لایان دەبەن و بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای كورد، خەڵكی دیكە لە شوێنیان دادەنێن، هەروەها پێشتریش سوپاسالاری عێراق كە كوردە، لایان بردووە، لە هێزی ئاسمانی، كورد فەرماندە بووە لایان بردووە، بۆیە ئەگەر عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەب بێت، ئەوا دەبێت عێراق وەك نەتەوەی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ كورد بكات، خۆ ئەگەر كوردی لەگەڵدا نەماوە، ئەوا عێراقیش وەك سعوودیەی عەرەبی و یەمەنی عەرەبی و مەغریبی عەرەبی لێ دێت و بوونی نامێنێت."

کورد لە بەغدا پەڕوباڵی کراون
(محەممەدی حاجی مە‌حموود) ئاماژە بەوەی کە هەفتەی رابردوو هەموو پێكهاتەكان كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركۆمار هەبووە، كورد لەو كۆبوونەوەیە بەشدار نەبووە، بە واتای پەڕوباڵکرانی کورد لە بەغدا ناو دەبات و، لەوەیش زیاتر دەڵێ، لە کاتێکدا هیچ بوونێكی نەماوە، كورد خۆی بەغدا بەجێ ناهێڵێت، ئەگەرنا عێراق لەسەر دەستی شیعە و سوننە بووەتە سێ دەوڵەتی جیاواز و پێویستە كورد بەغدا بە جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە.

دەربارەی ئەوەیش کە کورد لە ئەم بارودۆخەدا لە بەغدا یەكهەڵوێستی نیشان داوە، (محەممەدی حاجی مە‌حموود) دەپرسێ، لە دوای چی یەكهەڵوێستن؟ رەنگە یەكهەڵوێست بن لە دوای هەریسەكەدا، مەگەر هیچ لە بەغدا ماوە تا لەسەری یەكهەڵوێست بن؟ ئەگەر لایەنە سیاسییەكان ڕاست دەكەن با لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكهەڵوێست بن، با یەكهەڵویست بن لەسەر شەڕی داعش و هەموویان بەشداریی تێدا بكەن، با یەكهەڵوێست بن لە سەر قۆناخی دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ، با یەكهەڵویست بن لەسەر سەربەخۆییی كوردستان."

خۆیان دەڵێن لە کۆڵمان ببنەوە
سکرتێری زیاتر لەبارەی ئەو یەکهەڵوێستییەوە هەڵوەستە دەکات و دەڵێ، ئایا ئێستا لە بەغدا لەسەر چی یەكهەڵوێستن؟ یەكهەڵوێستن لەسەر 2- 3 وەزیر و 2-3 بریكاری وەزیر، بۆیە ڕای من بەو جۆرەیە كورد كۆ ببێتەوە و بڕیار بدات، هیچ كەسێكی لە بەغدا نەمێنێت. سەرنج بدەن جاران ئەگەر كورد بیگوتایە من لە بەغدا دەكشێمەوە و لە حكوومەت بەشداری ناكەم، بە یەك جار شاندەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و ئێران و بەغدا دەگەیشتنە كوردستان، بەڵام ئێستا خۆیان دەڵێن با كورد بڕوات و لە كۆڵمان بێتەوە.

كات وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، نەیبڕیت، دەتبڕێت
گوتیشی، ئێمە چانسی زۆرمان داوە بە بەغدا و سوودیان لێی وەرنەگرتووە.. ئێستا شیعە و سوننە بە كردەیی عێراقیان كردووەتە سێ دەوڵەت، هەر بۆ نموونە ئەگەر سبەی لە هەولێرەوە بچیت بۆ مووسڵ و لەوێیشەوە بۆ بەغدا، بە واقیعی سێ دەوڵەت دەبینیت. بۆیە دەبێت كورد لەم بارودۆخەدا واقیعییانە بارودۆخە بخوێنێتەوە. دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت كە بە درێژایی مێژوو كاتێك باری سەقامگیری و سیاسیی ناوچەیەك تێك‌چووە، بارودۆخی جیۆگرافیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.. لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەلومەرجێكی زێڕین بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، ئەگەر كورد سوود لەم فرسەتە وەرنەگرێت، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین كە كاتی بەفیڕۆ داوە، كاتیش وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، نەیبڕیت، دەتبڕێت. بۆیە ئێستا باشترین ساتەوەختە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات.

ئەو لەبارەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییشەوە لەسەر ئاستی نێوخۆدا، جەخت دەکاتەوە، هیچ چار نییە دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، بۆ چارەسەری كێشەكانیش ئەركی گەورە لە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە دەبێت ئەم دوو لایەنە بڕیار بدەن و لەسەر هیچ لایەك رانەوەستن و پێكەوە هەموو حزبە سیاسییەكان كۆ بكەنەوە و هەوڵ بدەن بڕیار بۆ چارەسەری كێشەكان بدەن، بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخەی هاتووەتە پێشەوە لە دەستی نەدەین.

لەمبارەیەوە هەروەها گوتی، دەبێت بزانین ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە بەڕێوە دەچێت یارییەكی گەورەیە، یارییەكە لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە و ئێران و توركیایە، بۆیە ئەگەر یەكگرتوو نەبین، زەرەرمەندی گەورە كورد دەبێت، هەر بۆ نموونە ئێمە ژمارەیەكی گەورە نین لە بازاڕی نەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی سعودیە لە دژی ئێران و سعوودیە نرخی نەوتی شكاندووە، ئێمەش زەرەرێكی گەورەمان كردووە، بۆیە كۆتایی ئەم یارییە سەبارەت بە كوردستانی عێراق لە دوای ئازادكردنی مووسڵ دەست پێدەكات و بۆ كوردستانی سووریا لە دوای ئازادكردنی رەققە دەست پێدەكات. بۆیە دەبێت لە خۆمان بپرسین دوای ئازادكردنی مووسڵ لە كوێی رووداوەكان دەبین؟"

خۆمان یەكگرتوو بین، بڕوا ناكەم كەس بتوانێت بێتە ناومانەوە
پێوەست بە پرسی سەربەخۆییی كوردستان و، دەستتێوەردانی دەرەکی (محەممەدی حاجی مەحموود) گوتی، ئەوە خۆمانین زەوینە خۆش دەكەین، بۆ ئەوەی وڵاتێك بێتە ناوەوە و پێمان بڵێت وا بكەن و وا مەكەن، ئەگەر خۆمان یەكقسە و یەكگرتوو بین، بڕوا ناكەم كەس بتوانێت بێتە ناومانەوە، یان درز و كەلێن لە نێوانماندا دروست بكات.

کارتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەبێ لە دەست میللەتدا بێ
لە باسی دواکۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا، گوتی، بە تەئكید باسی سەربەخۆییی كوردستان و باسی شتی دیكەش كراوە، بەڵام سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی من پێموایە هەندێك خەڵك و لایەن خۆیان تووشی وەهم كردووە، بۆ نموونە پرسەكە دەخەنە ئەگەر و مەگەرەوە، ئەگەر سەربەخۆییمان راگەیاند، وامان بەسەر دێت، یان ئەگەرچی، پرسیاری من ئەوەیە چیمان بەسەر دێت، قابیلە لەمەی ئێستا خراپترمان بەسەر بێت؟ یان هەندێك لایەن پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان كردووەتە شتێكی زۆر موهیم، دەڵێن وەڵا ئەگەر ریفراندۆم بكەین، ئیتر دنیامان بەسەردا دەڕووخێت، ئەمە لە كاتێكدا یۆنان ریفراندۆمی بۆ ئەوە ئەنجام دا، ئایا لە زۆنی یۆرۆ بمێنێتەوە، یان بێتە دەرەوە، ئەوە بوو دوای ئەوەی یەكێتیی ئەورووپا بۆی دەركەوت ئەگەر یۆنان لە زۆنی یۆرۆ بێتە دەرەوە، نرخی یۆرۆ 4% دەشكێت، بەوەش یەكێتیی ئەورووپا بە ترلیۆنەها یۆرۆ زەرەریان دەكرد، بۆیە 80 ملیار دۆلاریان خستە بانكەكانی یۆنان، یۆنانیش لە زۆنی یۆرۆ مایەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ریفراندۆم بۆ چارەسەكردنی كێشەكانە، بۆیە بۆ ئێستای كورد ریفراندۆم زۆر پێویستە، بەتایبەتی كە شەڕی داعش و چەندین كێشەی دیكەشمان هەیە، دەبێت ئەم پرسە لە دەستی حزبەكان دەربهێنرێت، حزبێك بڵێت ئەگەر ریفراندۆم بكەین و لە بەغدا جیا بینەوە لە برسان دەمرین. نابێت حزبەكان بازرگانی بەم كارتەوە بكەن و دەبێت ئەم كارتە لە دەستی حزبەكان نەمێنێت و میللەت خۆی بڕیاری لەسەر بدات، ئەگەر میللەت بریاری دا لەگەڵ بەغدا بمێنێنەوە، فەرموو هەموومان بڕیار دەدەین لەگەڵ بەغدا بمێنینەوە، ئەگەر میللەت بڕیاری دا سەربەخۆ بێت، ئەو كاتە بڕیارێكی لێ دەدەین، بزانین چی دەكەین.. پێویستە واز لە هەندێك فیكر و بۆچوونی كاڵ و كرچ بهێنن و ئەو هەلومەرجە لەدەست نەدەین و بیر لە میللەتی خۆمان بكەینەوە.

 

بڕیاری سەربەخۆیی پێوەندی بە پشتگیریی نێودەوڵەتییەوە نییە
ئەو جەختیش دەکاتەوە کە، بڕیاری سەربەخۆیی پێوەندی بە پشتگیریی نێودەوڵەتییەوە نییە، لەبەر ئەوەی هیچ كاتێك دەوڵەتانی جیهان لەسەر سینییەكی زێڕ سەربەخۆیی بۆ هیچ نەتەوەیەك نابەن، بۆیە دەبێت میللەتی كوردستان بڕیار بدات كە سەربەخۆ بێت. بۆیە كاتێك گەلی كوردستان بڕیاری دا هەموو شتێك دەگۆڕێت. هەر بۆ نموونە ئێستا وڵاتێك دەیەوێت نەوتت لێ بكڕێت، بەڵام بەغدا دەڵێت نابێت و دەبێت لە رێگەی منەوە بێت، وڵاتێك دەڵێت چەك دەدەم بە كوردستان، بەغدا دەڵێت نابێت، دەبێت لە رێگەی منەوە بێت، بەڵام كاتێك بڕیاری سەربەخۆییمان دا، لەوانەیە لە قۆناخی یەكەم هەندێك ئاستەنگ دروست ببن، بەڵام دوای ئەوە وردە وردە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، زۆر لە دەوڵەتانی جیهان كە سەربەخۆیییان راگەیاندووە، سەرەتا هیچ وڵاتێك پشتگیری لێ نەكردووە، بەڵام كە خۆت شت بوویت، ئەوانیش پشتیوانیت دەكەن. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێمە هێزی پێشمەرگەمان نەبوایە كە شەڕی داعشی بكردایە، ئایا چ وڵاتێك چەكی بە كورد دەدا؟ سەرۆكوەزیرانی ئوستڕاڵیا لەوپەڕی دنیاوە نەیدەگوت من یارمەتیی كورد دەدەم، هەروەها وەزیری بەرگریی فەرەنسا هەفتەی رابردوو نەدەهات سەنگەر بە سەنگەری پێشمەرگە بە سەر بكاتەوە و بڵێ من یارمەتیتان دەدەم. واتە پێشمەرگە خۆی هەبوو، شەڕی داعشی كرد، بۆیە ئەوانیش دێن یارمەتیمان دەدەن.

18
نیسان

پڕۆفیسۆری مێژوو و مامۆستای زانكۆ (د. سەلام خۆشناو)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیماننامەی سایكس پیكۆ، ئەمڕۆ (٢٩) ڕۆژ ماوە تا (١٠٠) ساڵی بەسەردا تێپەڕ بێت، چونكە ڕێككەوتننامەكە لە (١٦/٥/١٩١٦) لەلایەن فەڕەنسا و بەڕیتانیاوە مۆر كرا و بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو وڵاتانەی لە ژێر ڕكێفی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون وەك وڵاتی (شام، لوبنان، ئوردن، فەڵەستین و عێراق) دابەش كران، بە گوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی ئەوسا كرا، ئەو میللەتانەی لەوێ بوون، بە بێ ڕەزامەندیی خۆیان هەریەكە و بوونە خاوەنی دەوڵەتێك. بۆ نموونە سنووری سووریا كە دروست كرا، كوردی كردە دوو بەش لە نێوان سووریا و عێراقدا، چونكە ئێمە لە هەردوولا دەژیاین. ئەو پەیماننامەیە زیانێكی گەورە بوو بۆ میللەتی كورد، دواتریش پەیماننامەی (سیڤەر) مۆر كرا لە ساڵی (١٩٢١) كە بەپێی ئەو پەیماننامەیە، دەبووایە كورد دوو ساڵ (حوكمی زاتی) وەربگرێـت و پاشان كورد دەیتوانی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بەڵام لە دوای ئەوە، پەیماننامەی (لۆزان) لە ساڵی (١٩٢٣) جارێكی تر كوردی تووشی نەهامەتی كرد و پەیماننامەی (سیڤەر)ـی ڕەت كردەوە."

 

(خۆشناو) گوتیشی: "ئێستا داعش هاتووە بۆ ئەو ناوچانە، بەداخەوە داعش پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن گوایە دەڵێن ئێمە پەیماننامەی سایكس پیكۆمان رەت كردەوە و، پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی خەلافەت دەكات، وەك خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بەرانبەر بەوەی ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ نەما، گەر تەماشای واقیعی سیاسیی لە سەدەی بیستدا بكەین، واتا سەدەی ڕابردوو، زۆر لە سیاسییەكان ئەوانەی كە شارەزان لە جیۆپۆلۆتیك، ئەوانەی ڕاوێژكارن لە ئاساییشی نەتەوەیی لە ئەمەریكا و لە وڵاتانی ئەورووپا، پێشنیازی جیاجیایان كردووە بۆ حكوومەتەكانی خۆیان؛ زۆر پێشنیاز هەیە لەمانە دووانیان زۆر گرینگ بوون، یەكیان ئەوەی (برینجونستی) ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا بوو كە لە ساڵی(١٩٨٠) نەخشەیەكی پێشكەش كرد تاكو كێشە لە رَۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكرێ، بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ دەست لە ئیشی عێراق وەربدا، ئەوە سەری نەگرت، بەڵام لە ساڵی(١٩٩٣) یەكێك لە مامۆستا گەورە یەهودییەكان، كە مامۆستایە لە زانكۆیەكی ئەمەریكا، زۆر بە ڕاشكاوی نەخشەیەكی دروست كرد و پێشكەشی كۆنگرێسی كرد كە ناوی لەو پڕۆژەیە نابوو (ڕزگاركەری ئەمەریكا بۆ كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، ئەو هەروەها،چەندین جۆر نەخشەی دانابوو، یەكێك لەو نەخشانەی كە ئەو مامۆستایە دایناوە، تێیدا دەڵێت: كوردستان دەبێـت بە دەوڵەت، هەروەها توونس، دارفۆر، ئەمازیغییەكان لە مەغریب و شیعەكان و سوننەكان لە عێراق، دەوڵەتی خۆیان دەبێت."

 

ئەو شارەزایەی بواری مێژوو، دەربارەی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆیی، گوتی: "هەرێمی كوردستان ویستوویەتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سعوودیا و توركیا باش بكات، بۆیە سعوودیا توانی لە هەولێر كۆنسووڵخانەی خۆی بكاتەوە. هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆیی، زۆر گرینگن و سەرنجی دەوڵەتانی بۆ لای هەرێمی كوردستان ڕاكێشاوە، لەم چاوپێكەوتنەدا كە ئەم ڕۆژانە لە كەناڵی جەزیرە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كرا، سەرۆك ئاشكرای كرد كە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا دژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی نین، بەڵام سیاسەتی ئەمەریكا زۆر جار هەستان و دابەزینی هەیە (جۆ بایدن) پێش چەند رَۆژێك دەیگوت عێڕاق دەبێ بە سێ دەوڵەت وەك (كورد، شیعە و سوننە)، بەڵام بەو دواییە جارێكی تر و لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت، دەبێت ئێمە پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكەین، ئەوەیش بە بڕوای من بۆ ئەوەیە تاكو پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ جێبەجێ دەكرێت".

 

 

دەشڵێت: "ئێمە تەنیا پێویستمان بەوەیە لە ناوماڵی كوردیدا یەك بین و هیچ كەسێك كۆسپ و تەگەرە بۆ هەوڵەكانی (جەنابی سەرۆك) دروست نەكات، هەوڵدان بۆ سەربەخۆییش، سەروەرییەكی گەورەیە بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان و، لە مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا، هەمیشە درووشمەكان گونجاو بوون، بۆیە پارتی باش دەزانێـت كە ئێستا كاتی ئەوەیە سەربەخۆیی ڕابگەیێنرێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان و گشت هاووڵاتیان پشتگیری لەو هەوڵەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بكەن و، بگەین بە ئامانجی خۆمان."

17
نیسان

 لە دیداریاندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) سه‌رۆكهۆزه‌‌كانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد رایانگەیاند کە، شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی (سەرۆک بارزانی) دەکەن متمانەی تەواویشیان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری پێویست بێت.


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ ١٧ـی٤ـی٢٠١٦ لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانى)، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد كۆبۆوه.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە، هەروەها سوپاسی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانی کەرکووکیان کرد کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری خستۆتە سەر دەست و ڕێگەیان نەداوە مەرامی دوژمنان بۆ تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.

كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە ڕێگەیان پێ بدرێت ئەوان بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان لە ژێر دەستی داعش ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و دەیانەوێ شانبەشانی پێشمەرگە لە بەشداریی شەڕی ئازادکردنی ناوچەکانی دەوری کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
شاندی میوان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەوان شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی دەکەن متمانەی تەواویشیان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری پێویست بێت.

شاندی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کرد کە سەرەڕای دۆخی شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و خەڵکی دەربەدەری ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تیرۆریستان، کردۆتەوە و کوردستان بۆتە ماڵێکی ئارامی لێقەوماوان.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای بەخێرهێنانی سه‌رۆك هۆزه‌‌كانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد، تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕەوشی دەڤەرەکە و باسی ره‌فتاره‌ چه‌په‌ڵه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌کرد و داوای له‌ ئاماده‌بووان كرد كه‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت بۆ برایه‌تى و پێكه‌وەژیان و جه‌ختی له‌ پێوه‌ندیی مێژوویی نێوان كورد و عه‌ره‌ب كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: هەروەک پێشتریش تەئکیدم کردۆتەوە، چارەنووسی کەرکووک لە دەستی خەڵکی کەرکووکە و لە داهاتووشدا خۆیان بە ئازادیی بڕیار دەدەن و دەبێ هەموو لایەکیش ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک بگرن.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەوەی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان هەرگیز ڕێگە نەدراوە شەڕ و بەرخودان لە بەرانبەر حکوومەت بکرێتە شەڕی کورد و عەرەب، تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە ئەو مەرامەی خۆیان و هەندێ کەسی تر کە پێیان وابوو بەو ڕێگەیە دەگەنە ئامانجەکانیان و شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب، هەروەها خۆیان وەک فریادڕەسی عەرەبی سوننە پێشان دا، کەچی دەرکەوت کە داعش جگە له‌ كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد و سووکایەتییان بە زۆر بەهای عەرەبییش کرد. بەداخەوە لە سەرەتادا بەشێک لە عەشایەر ناپاکییان لە بەهاکانی عەرەبی کرد، ئێستا دەبێ ئێوە بە کردەوە دڵنیایی بدەن کە ئەو شتانەی ڕوویان داوە لە ڕەوشتی عەرەبدا نییە. جەختیشی کردەوە کە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت، چارەنووسی وەک داعش دەبێت.

 

سەبارەت بە بەشدارییکردنی خەڵکی ناوچەکانی دەوری کەرکووکیش لە شەڕی ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیند کە ئەوە باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکرێت. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بگیرێتەبەر تا تیرۆریستان نەگەنە ئامانجی خۆیان کە تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەیە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەشێکە لە بەهای بەرزی خەڵکی کوردستان و سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە، تا ئەوکاتە ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت و دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەرچی لە توانادا بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان درێخی ناکرێت.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە تیرۆریستانی هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە و کەرکووکیش دەکەینە شاری برایەتی و پێکەوەژیان.

17
نیسان

 

كاكه‌مین نه‌جار سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌گای ئه‌نجومه‌ن پێشوازی كرد له‌ قوتابیانی خولی 19 ئه‌كادیمیایی پارتی . له‌ ووته‌یه‌كدا كاكه‌مین نه‌جار رۆشنایی خسته‌ سه‌ر رۆڵ و كاریگه‌ری ئه‌كادیمیایی پارتیمان له‌ پێگه‌یاندنی كادیر و نه‌وه‌ی نوێ بۆ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌ رێخسته‌كانی پارتیمان و جه‌ماوه‌ری كوردستان . كاكه‌مین نه‌جار هیوای خواست قوتابیان بتوانن خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌م خوله‌ فێری ده‌بن بیگه‌یه‌نن به‌ هه‌ڤاڵانیان له‌ ناوه‌نده‌ حیزبیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش سود له‌م زانسته‌ سه‌رده‌میه‌ وه‌ربگرن كه‌ له‌م خوله‌ فێری بوون . دواتر قوتابیان خۆشحالی ده‌ربری به‌م سه‌ردانه‌ و سوپاسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هه‌ولێریان كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی به‌رده‌وامی بۆ كادیرانی پارتیمان له‌ هه‌موو ئاسته‌كان ..

پەڕەى 37 لەکۆى 38 پەڕەدا