YJ Dailynews - шаблон joomla Книги

هه‌واڵ (570)

04
ئایار

(مەسروور بارزانی)، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، ده‌ستخۆشی سه‌ركه‌وتنه‌كان و تێكشكاندنی هێرشه‌كانی‌ داعشی لە میحوەری تەلسقۆف، باشیك، ناوەران و گوێڕ لە هێزی پێشمەرگە كرد. ئه‌مه‌ش ده‌قی تویته‌كه‌یه‌:

"پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان به‌ باشترین هیوای جیهان ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ تێکشکاندنی داعش، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هاوپه‌یمانی جیهانی پێشمه‌رگه‌كانمان دڵنیا بكاته‌وه‌، كه‌ له‌ دوژمن پڕ چه‌كتر ده‌بن".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی تویته‌كه‌یدا (مه‌سروور بارزانی)  نووسیویه‌تی"ده‌ستخۆشی له‌ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌م بۆ تێكشكاندنی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی داعش، كه‌ پشانیاندا‌ كوردستان به‌ گۆڕستانی تیرۆریستان ده‌مێنێته‌وه‌‌".

 

هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان و ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌ ده‌كات، كه‌ خۆیان كرده‌ قوربانی كوردستان " پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆم له‌ خانه‌واده‌ی پێش

02
ئایار

كاكه‌مین نه‌جار له‌به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئار تی تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ له‌وانه‌:
- ئه‌گه‌ر بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان نه‌دابوایه‌ دۆخی سیاسی هه‌رێم زۆر ئاڵۆز ده‌بوو و تێك ده‌چوو.
- سه‌رۆك بارزانی هیچ كێشه‌ی شه‌خسی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا نیه‌ ته‌نها ناكۆكیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بووه‌.
- له‌ناو پارتی باڵ باڵێن بوونی نیه‌ ئێمه‌ هه‌موومان باڵی پارتی و بارزانین و سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی هه‌موومانه‌.
- ئێمه‌ وه‌ك پارتی باوه‌ڕی ته‌واومان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دۆخی كوردستان ئاسایی ببێته‌وه‌.
- له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی باسی گه‌رانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌كراوه‌.
- ده‌بێ بۆ تێپه‌راندنی ئه‌و قه‌یرانه‌ سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ین.
- ئایا هه‌ڵوێستی پارتی چیه‌ له‌سه‌ر دۆخی سیاسی هه‌رێم ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی به‌رنامه‌كه‌ بوو.
شرۆڤه‌كردنی به‌رنامه‌كه‌ - ئاری حاجی ره‌مه‌زان:
له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌دا هه‌ڤاڵ كاكه‌مین نه‌جار سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هه‌ولێر و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ و سه‌ره‌تا باسی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارتی كرد كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بوو وله‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ هاتنه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌ هه‌روه‌ها گوتی ئێمه‌ وه‌ك پارتی بۆ تێپه‌راندنی ئه‌و دۆخه‌ پێمان باشه‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كارا بكرێته‌وه‌ و ئێمه‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ وا باشه‌ ناوماڵی كوردی رێكبخرێته‌وه‌ و گیانی ته‌بایی به‌هێزتر بكرێت و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات له‌سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی بێت بۆ باشتركردنی دۆخی كوردستان. وه‌ ده‌بێت به‌ واقعی سه‌یری بابه‌ته‌كان بكه‌ین و لایه‌نه‌كان ته‌نازول بۆ رای یه‌كتر بكه‌ن و به‌رۆحی لێكتێگه‌یشتن كار بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتییان بوێت. ئێمه‌ وه‌ك پارتی بارودۆخی ئه‌منی كوردستان لای ئێمه‌ له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئه‌منی له‌به‌رچاو نه‌گیرێت وه‌ك ده‌زانین دوژمنێكی دڕنده‌ له‌ دووری 40 كیلۆمه‌تر له‌ پایته‌خت دووره‌ بۆیه‌ نابێت ئه‌و مه‌ترسییانه‌ به‌كه‌م سه‌یر بكه‌ین و له‌ ئێستاشدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ئارامی كوردستان بپارێزی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت توانیویه‌تی ئه‌ركی خزمه‌تكردنی ئاواره‌یه‌كی بێ شوومار بگرێته‌ ئه‌ستۆ به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك. له‌باره‌ی قه‌یرانی داراییش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌رانده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی بڕینی بوودجه‌ له‌ به‌غدا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت وایكرد كه‌ دووچاری ئه‌م قه‌یرانه‌ ببینه‌وه‌ به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌ره‌وباشتربوونی باری دارایی ده‌چین به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان. پارتی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی زۆر بڕیاریداوه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی بووه‌ هۆی له‌كارخستنی په‌رله‌مان چونكه‌ ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌دابووایه‌ بارودۆخی په‌رله‌مانی كوردستانیش وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌بوو كه‌ له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا بینیمان. چونكه‌ روون و ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا روویدا شكاندنی شكۆی حكوومه‌ت بوو دوورنیه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌كوردستانیش شتێكی وا روویده‌دا. ئێمه‌ ئومێده‌وارین له‌ كوردستان شتی له‌و بابه‌ته‌ روونه‌دات چونكه‌ حاڵه‌تی ئێمه‌ تایبه‌ته‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شه‌ڕێكی سه‌ختمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دوژمن و داعش. ئێمه‌ ده‌بێت كارێكی وابكه‌ین بارودۆخی ئه‌منی تێك نه‌چێت و نابێت وابكه‌ین پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی شل بێت له‌ پارێزگاریكردن له‌ خاكی كوردستان. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ باسی له‌وه‌كرد تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ هاتنه‌وه‌ی نه‌وشیروان نه‌كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان چونكه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ چاره‌سه‌ر چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هیچ گرنگ نه‌بووه‌ باس له‌ هاتنه‌وه‌ی بكه‌ین. دواتر هیچ كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی نیه‌ له‌ نێوان سه‌رۆك بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا چونكه‌ ئه‌و كێشانه‌ی روویاندا ته‌نها به‌هۆی ره‌فتاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان روویدا. ئێمه‌ وه‌ك پارتی له‌و كرداره‌ ناڕازی بووین كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردی. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی چه‌ند جار داوای له‌ حزبه‌كان كرد كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م به‌شداری كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌چی بزووتنه‌وه‌ی گۆران ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ به‌شداربێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان بوو. 
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ناو پارتی دیموكراتی كوردستان باڵ باڵێن بوونی نیه‌ و ئێمه‌ هه‌موومان باڵی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانین و هیچ ناكۆكی و باڵێك نیه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌نێوان كاك نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی هیچ باڵێك نابینین ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ئێمه‌ باڵی پارتی و بارزانین كه‌واته‌ ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ دورن له‌ راستی و له‌نێو پارتی شتی وا بوونی نیه‌ و ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز هه‌بێت له‌ نێو حزبه‌كه‌مان و ئاراسته‌ی جیاوازمان نیه‌. له‌باری چاكسازییه‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكیش ته‌ئكیدی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی خۆشحاڵن به‌ چاكسازییه‌كانی سه‌رۆك و ئه‌و چاكسازییه‌ش ئێستا قۆناغی باشی تێپه‌ڕاندووه‌ و جێگای خۆشحاڵییه‌ كه‌بێ جیاوازی ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌گه‌نده‌ڵی هه‌بێت دادگایی ده‌كرێت و رووبه‌رووی یاسا ده‌بێته‌وه

02
ئایار

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2/5/2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆكوه‌زیران  نێچیرڤان بارزانى و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران  قوباد تاڵه‌بانى، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ئازادكردنى گوندى به‌شیر له‌ كه‌ركووك و پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ تیرۆرستانى داعش، سوپاس و ده‌ستخۆشى سه‌ركه‌وتنه‌كانى شه‌وى ڕابردووى له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان كرد و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.
سه‌رۆكوه‌زیران تیشكى خسته‌ سه‌ر دۆخى عیراق و ڕووداوه‌كانى به‌غدا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ دۆخى سیاسیى عیراق ئاڵۆزه‌ و پێناچێت وا به‌ ئاسانى ئارام ببێته‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. یه‌كگرتوویى و هاوهه‌ڵوێستیى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستانیشى له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عیراق له‌ دوایین ڕووداوه‌كانى به‌غدادا، به‌ مایه‌ى خۆشحاڵى و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها باسى له‌ دوایین سه‌ردانى شاندى حكوومه‌ت بۆ به‌غدا و چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ  وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانى عیراق كرد. دووپاتیشى كرده‌وه كه‌ ڕاشكاوانه‌ به‌ لایه‌نى عیراقییان گوتووه‌ كورد هه‌ستى نه‌كردووه‌ هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق. له‌ دیداریشیاندا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، جۆن كیرى جه‌ختى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى سه‌ربازى و دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وام ده‌بێت.

پاشان جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران قوباد تاڵه‌بانى، پو‌خته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین سه‌ردانى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌ش كرد و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانى بانكى نێوده‌وڵه‌تیش، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تیان بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى و چاكسازییه‌كان خستووه‌ته‌‌ ڕوو، ئه‌وانیش ئاماده‌ییى خۆیان بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه‌.

جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا پێزانینیان بۆ هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى ڕێكخستنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پرۆژه‌كانى چاكسازى له‌ كه‌رتى داراییى گشتى و بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌تدا هه‌بوو، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ بڕواهێنان به‌ حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌سپێشخه‌ریى هاوكاریكردنى دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش پێشمه‌رگه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگیى ئه‌م سه‌ردانانه‌ و سه‌ردانى وڵاتانى دیكه‌ش بۆ  ڕوونكردنه‌وه‌ و گه‌یاندنى ڕاستیى دۆخه‌كه‌ و داواكردنى پشتگیرى و هاوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و گوتى: ئه‌وان ئاگایان له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام ورده‌كاریى زیاترمان خسته‌ ڕوو و دڵنیا بوونه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ ده‌ربازكردنى قه‌یرانى دارایى و چاكسازى جددیه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى ده‌ستخۆشى و خۆشحاڵییان بوو.

به‌پێى كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌  بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌كاله‌ت باسى له‌ خشته‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ كرد و ڕایگه‌یاند دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى ئازار له‌ 17 ڕۆژدا بووه‌. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ بۆ مانگى نیسانیش به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستپێده‌كات و دواتر به‌پێى ڕێژه‌ى داهات و ڕێژه‌ى مووچه‌، دابه‌شى سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌پێى ئه‌و داهاته‌یه‌ كه‌ ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و پابه‌ندبوونى وه‌زاره‌تیشى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌دات مانگانه‌ مووچه‌ له‌ كاتێكى دیاریكراودا دابه‌ش بكات.

له‌باره‌ى ئه‌و هه‌نگاوانه‌شه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى زیاترى شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتى نه‌وت و خه‌رجییه‌كانى ده‌نێت، سه‌رۆكوه‌زیران ڕایگه‌یاند حكوومه‌ت له‌ دوا قۆناغه‌كانى ده‌ستنیشانكردنى لایه‌نێكى سێیه‌مى سه‌ربه‌خۆى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ وردبینكردنى داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان، به‌ به‌شداریپێكردنى چوار كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌ ناسراوه‌كه‌ى بوارى وردبینى نه‌وت و گاز له‌ جیهان و به‌ پشتیوانى و هاوكاریى دیوانى چاودێریى دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و خه‌رجییه‌كانى داهاتى نه‌وت و له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى به چاوێكى ئه‌رێنى سه‌یرى ده‌كرێت.

سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى بڕیاره‌كانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و بڕیاره‌كانى لیژنه‌ى باڵاى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى به‌مه‌به‌ستى ئاگاداریى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ قۆناغه‌كانى جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیارانه‌ و خستنه‌ڕووى به‌ره‌وپێشچوون و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنیان، پێشكه‌ش كرد و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر قۆناغه‌كانى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كان كرد. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ گرنگیى بڕیاره‌كان، له‌ جێبه‌جێكردنیاندایه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ته‌كان ڕاسپێردران تا گرفته‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كان، لابه‌رن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ تاوتوێ كران، وه‌ك خستنه‌ڕووى پرۆژه‌ى زیادكردنى داهاتى گشتیى چه‌ند وه‌زاره‌تێك و فڕۆكه‌خانه‌كان، پابه‌ندبوونى هه‌موو وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌كانى نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ به‌ ناردنى زانیاریى دروست سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ى له‌ بودجه‌ى گشتى سوودمه‌ندن به‌ وه‌رگرتنى هه‌ر جۆره‌ مووچه‌ و هاوكارى و به‌خشینێك بۆ تۆماركردنیان به‌ سیسته‌مێكى ئه‌له‌كترۆنیى ناوه‌ندى. ئه‌نجومه‌ن هه‌روه‌ها بڕیار دا پێدانى مۆڵه‌تى بێموچه‌ پزیشكانى ڤێتێرنه‌ریش بگرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى له‌ بابه‌تى به‌جینۆسایدناساندنى كه‌یسى كوردانى ئێزدى و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینه‌كانى دیكه‌دا نراون، به‌ مایه‌ى ده‌ستخۆشى و خۆشحاڵى له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌وڵدان و كاركردن بۆ سه‌رخستنى ئه‌و كه‌یسه‌ و ناساندنى وه‌ك جینۆساید له‌ جیهان به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ هه‌رچى پێویست بێت درێغى ناكات، له‌ كاتێكى نزیكیشدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ل لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ساز ده‌كرێت، بۆ تاوتوێكردنى بژارده‌كانى به‌رده‌م حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو به‌جینۆسایدناسانى تاوانه‌كانى تیرۆرستانى داعش و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانیانى ئه‌م تاوانانه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌ربڕى كه‌ چ له‌ ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌كانیان، یان ناوه‌نده‌كانى دیكه‌ى بڕیاره‌وه‌، پشتیوانییان له‌ به‌جینۆسایدناسانى تاوانه‌كانى تیرۆرستانى داعش له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرۆسه‌ى ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه‌ سوودمه‌ند نه‌بوون تاوتوێ كرا و بڕیار درا كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گفتوگۆى زیاترى له‌سه‌ر بكرێت. ‌له‌ كۆتاییدا وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌وه‌كاله‌ت، پرێزنته‌یشنێكى ده‌رباره‌ى خزمه‌تگوزاریى ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت له‌ هه‌رێمى كوردستان و پلان و هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌ت بۆ باشتركردنى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ پێشكه‌ش كرد.

 

 

02
ئایار

  لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، شاندێکی كۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا بە سەرۆكایەتیی خاتوو (ئەنجلین ئیجسنك) دووپاتیان کردەوە کە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و، پشتگیری وڵاتەکەیشیان بۆ هەرێم راگەیاند.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 2 - 5 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە شاندێكی كۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا بە سەرۆكایەتیی خاتوو ئەنجلین ئیجسنك سەرۆكی كۆمسیۆن و نوێنەرانی ژمارەیەك پارت و لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی هۆڵەندا كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشییان لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كرد كە توانیویانە لەو بارودۆخە سەختەدا ڕووبەڕووی مەترسی و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش ببنەوە و بەرگری لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و جیهانی ئازاد بكەن و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان كە نموونەیەكی سەركەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بپارێزن و پشتگیریی خۆیشیان لە ڕووی سەربازی و سیاسی و مرۆییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا.

ئەوەشیان خستە ڕوو كە لە دیدارەكانیان لەگەڵ ئاوارە كرستیانەكان بۆیان دەركەوتووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە پێشوازی لێ كردوون و جێگەی حەوانەوەی بۆ هەموو ئاوارە و پەنابەران بێ جیاوازی دابین كردووە. هەروەك باسیان لە بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە كرد و پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵ و چاكسازییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی هۆڵەندا و هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات. جەختی لەوەش كردەوە كە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەنگاوەكان و بەرنامەی چاكسازیی خۆی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام دەبێت و لەمبارەیەشەوە پێویستییان بە هاوكاریی وڵاتانی دۆستە.

سەبارەت بە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستانیش، بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان شانازی بەو كلتوورەوە دەكەن و بە هەموو شێوەیەكیش دەیپارێزن. دەربارەی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ بەغدا، دووپاتی كردەوە كە هەرچەند دوای ساڵی 2003 هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەری لە عێراقدا هەبووە، بەڵام بەداخەوە ڕەوشی سیاسیی عێراق وایكردووە كە هەرێمی كوردستان دووچاری كۆمەڵێگ گرفت ببێتەوە و هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان هەبێت و بەردەوامیش دەبن لە بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پەیوەندییەكان و ئابوورییەوە.

 

هەر لە دیدارەكەدا ئەندامانی شاندی كۆمسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا چەند پرسیارێكیان دەربارەی پەیوەندییەكان و ئاسایش و ئارامی و داهاتووی هەرێمی كوردستان ئاراستەی بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم كرد بەتایبەتی لەبارەی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستانەوە، لە وەڵامدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە پرسی سەربەخۆیی كوردستان مافێكی سروشتیی خەڵكی كوردستانە، بەڵام پێویستە بە دیالۆگ و لێكگەیشتن و دوور لە توندوتیژی لەگەڵ بەغدا بێت.

01
ئایار

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی ئازادكردنی گوندی بەشیری لە گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان كرد و دەستخۆشی لە فەرماندە و پێشمەرگە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی گوندی بەشیر كرد.

 

ڕۆژی یەكشەممە 1ـ 5ـ 2016 (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی یەكەی حەفتای هێزی پێشمەرگەی كوردستان پیرۆزبایی ئازادكردنی گوندی بەشیری لە گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان كرد و دەستخۆشی لە فەرماندە و پێشمەرگە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی گوندی بەشیر كرد كە ئازایانە سەركەوتنیان تۆمار كردووە و گوندی بەشیریان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد كردووە.

 

 هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا (سەرۆك بارزانی) سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست و هەروەها ئومێدی سەركەوتنی بەردەوامی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان خواست.

 

 

30
نیسان

بە بۆنەی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشكەشی سه‌رجه‌م كرێكارانی جیهان وكرێكارانی عێراق و كوردستان ده‌كه‌م

لەم جەژنەدا، هاوخه‌باتتانین  بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییەوە لە رێڕەوی خەبات و تێكۆشانی ئەم چینە تێكۆشەر و خەباتگێڕە لە دژی زۆرداری و قۆرخكاری.

یادكردنەوەی ئەم رۆژە، بیرخستنەوەیە بۆ خەباتی بێوچانتان لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و یەكسانیدا، دوور لە شەڕ و هەژموون و پاوانخوازی.

ئەم رۆژە، هەردەم دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەی هاوسۆزی لەگەڵ ئێوەدا، لەگەڵ خەبات و تێكۆشانتان بۆ ئەو پرەنسیپانەی خەباتتان لە پێناویدا كرد و هەر لەم رێگایەیشدا هەوڵی باشتركردنی باری گوزەرانی خۆتان دەدەن بە ژیانێكی ئاشتیانە و هێنانەدیی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی.

سڵاو و رێز بۆ هەموو كرێكارانی كوردستان

كاكه‌مین نه‌جار

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی

پارێزگای هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان

 

 

29
نیسان

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعوود بارزانی و جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆو بایدن، دوو قۆڵی كۆ بوونه‌وه‌. تێیدا سەرۆك بارزانی بە ناوی گەلی كوردستان سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمەریكایی كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 4ـی 2016 لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و، ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كۆلین كاڵ ڕاوێژكاری جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاساییشی نەتەوەیی، جەنەڕاڵ سەن مەكفارلەند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ڕاوێژكاری سیاسی..

دوای پێشوازیكردن و بەخێرهێنانی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و شاندی یاوەری، كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی لەنێوان سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوە چوو. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە ناوی گەلی كوردستان سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە ڕووخاندنی دیكتاتۆرییەت و هەروەها شەڕی تیرۆریستان پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمەریكایی كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

هەروەها جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو و سوپاسی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی سیاسی.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە دواپێشهات و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا كرا و چۆنییەتی هەماهەنگی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پێویستییەكانی ئەو قۆناغە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرد.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە لەبارەی پەیوەندییەكان و فراوانتركردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا بوو و باسی ئەوەیش كرا كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.

 

جێگەی ئاماژەكردنە لە پێشوازیكردنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

28
نیسان

 لە دوو پەیامی جیادا، مەكتەبی سیاسی و دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (49)ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (التأخی)، پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەر و ستافی نووسین و هونەریی و تێكڕای كارمەندانی رۆژنامەكە دەكەن.

ئەمەیش دەقی پەیامەكانە:   

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە بۆنەی (49)مین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (التأخی)

هەڤاڵی بەڕێز (ئەحمەد ناسر فەیلی) سەرنووسەری رۆژنامەی (التأخی)

هەڤاڵان، ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی و سەرجەم كارمەندانی رۆژنامەی (التأخی)

  بە بۆنەی(49)مین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (التأخی) پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و خوێنەرانتان دەكەین، هیوای بەردەوام بوون و پێشكەوتنتان بۆ دەخوازین لە پێناو خزمەتگەیاندن بە بواری رۆژنامەوانیی و دۆزی رەوای گەلەكەمان، بۆیە شایانی رێزوسوپاسن بۆ ئەو كاروخزمەتە راستەقینەی خۆتان بۆ تەرخان كردووە و پێشكەشی دەكەن.

   رۆژنامەی (التأخی) وەك زمانحاڵی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بە زمانی عەرەبی دەردەچێت خاوەن كاروانێكی پڕبەخشش و داهێنانە و توانیویەتی لەو ماوەیەی تەمەنی كاركردن و دەرچوونیدا برەو بە كوولتوور و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بدات و شوناس و ئەو دیفاكتۆیەی ئێستا بۆ خوێنەرانی روون و شیبكاتەوە، هەروەها ببێتە سەكۆیەكی راستەقینەی دیالۆگی فرە رەنگ و دەنگ و زمانی رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ئیراق و دەروربەر.

  رۆژنامەی (التأخی) كە بە بڕیار و رێنوێنیی سەرۆك و رابەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) لە شەستەكانی سەدەی رابردوو لە بارودۆخێكی دژوار و پڕململانێدا دەرچوو، توانیویەتی لێبڕاوانە و بوێرانە وێرای كێشە و كۆسپ وتەگەرەكانی بەردەمی بەردەوام بێت و دەنگی رەوای گەلەكەمان و كێشە چارەنووسسازەكەی بە دەوروبەروجیهان بگەیەنێ و ئەو ئەزموونەودەسكەوتانەی هەرێمی كوردستان بەرجەستە بكات.

هەڤاڵانی بەڕێز..

 رۆژنامەی (التأخی) بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە بەو پێیەی بە زمانی عەرەبی و لە پایتەختی ئیراقی فیدراڵ دەردەچێت بە تایبەتی لەو هەلومەرجە نالەبارەی ئەمڕۆی عیراق و ناتەبایی و كێشە و گیروگرفتەكانی دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی، بۆیە گرنگە واقیع و راست و رەوایی كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بە روونی بە خوێنەرانی بناسێنێ و ببێت بە مینبەری برەودان بە دیموكراسییەت و فرەیی و ئاشتەوایی و هاوژیانی ولێحاڵیبوون لەسەر ئاستی هەرێم و ئێراقدا.

   

  بەو بۆنەیەوە جارێكی دیكە پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ رۆژنامە تێكۆشەرەكەتان دووپات دەكەینەوە و هیوادارین زیاتر بەرەوپێش بچێ و لە رووی چەندایەتی و چۆنیەتییەوە دەوڵەمەندتر بكرێ بۆ خزمەتكردنی كوولتوور و گوتاری رۆشنبیریی كوردی و زەوینە و پانتایی دەرچوون و بڵاوكردنەوە و خوێنەرانی بەرفراوانتر ببێت. 

    هەمدیسان پیرۆزبایی لە ئێوە و لە خوێنەرانتان دەكەین و هەر سەركەوتووبن...

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

29/4/2016

 

پیرۆزبایینامەی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (49)ـیەمین ساڵیادی رۆژنامەی (التأخی)

هەڤاڵی بەڕێز (ئەحمەد ناسر فەیلی) سەرنووسەری رۆژنامەی (التأخی)

هەڤاڵان، ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی و تێكڕای كارمەندانی رۆژنامەی (التأخی)

  بە بۆنەی(49)مین ساڵیادی رۆژنامەی (التأخی) گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و خوێنەرانتان دەكەین، ئومێدەدەكەین هەردەم لە پێشكەوتندا بن و هەنگاوی چاكتر بنێن لەو كاروخزمەتەی  پێشكەش بە بواری رۆژنامەوانیی و كولتووریی نەتەوەییمان دەكەن.

    رۆژنامەی (التأخی) وەك زمانحاڵی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بە زمانی عەرەبی دەردەچێت جێگەورێگەی شیاوی خۆی لەو كاروانەدا گرتووە و جێپەنجەی بەسەر بواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیریدا دیار و گرنگە و نكۆڵی لێ ناكرێ لەوەی بۆتە مینبەرێكی راستودروستی دیالۆگی فرە رەنگی و فرە فەرهەنگیی سەرتاسەری.

  رۆژنامەی (التأخی) كە بەبڕیاری رابەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) لە شەستەكانی سەدەی رابردوو هاتە كایەوە و دەرچوو، توانیویەتی وەك رۆژنامەیەك شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی بەرپرسانە و دڵسۆزانە داكۆكی لە پرسە رەواكانی گەلەكەمان و كێشە چارەنووسسازەكەی بكات.

  بەو بۆنەیەوە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵ و كۆششتان، جارێكی دیكە پشتیوانیی خۆمان بۆ رۆژنامەی ئازیز و كۆڵنەدەری (التأخی) دووپات دەكەینەوە و هیوای زیاتر بەرەوپێشچوونی بۆ دەخوازین....هەر سەركەوتوو بن...

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

29/4/2016

28
نیسان

 سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەولەوییەتی كارەكانی هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشە و، بە هیچ شێوەیەك نابێت ناكۆكی و شەڕ لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق لەو شوێنانەدا دروست ببێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 - 4 - 2016 دوای بەكۆتاهاتنی ڕێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستی پارەداركردنی پڕۆژی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی لە نێوان دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFCو كۆمپانیای ماس گڵۆباڵی ناوخۆیی، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بۆ كەنالەكانی ڕاگەیاندن دا و تێیدا لەسەر چەند پرسێك وەڵامی ڕۆژنامەوانانی دایەوە.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرەتا باسی بارودۆخی خورماتووی كرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی لە خورماتوو ڕووی داوە، شتێكی ناخۆش بوو و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بە جیددی لە هەوڵدایە كۆتایی بەو بارودۆخەی دووزخورماتوو بهێندرێت و، هیوای خواست بە هەردوولا بتوانن سنوورێك بۆ ئەو بارودۆخە دابنێن، چونكە ئەولەوییەتی كارەكانی هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشە و بە هیچ شێوەیەك نابێت ناكۆكی و شەڕ لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق لەو شوێنانەدا دروست ببێت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی (نەوشێروان مستەفا) ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كوردستان كە ماوەی چەند مانگێكە بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵات بوو، سەرۆكوەزیران بەخێرهاتنەوەی كرد و دڵخۆشیی خۆیشی پیشان دا كە بە تەندروستییەكی باشەوە گەڕاوەتەوە كوردستان. دەربارەی كۆبوونەوە و گفتوگۆیش لەگەڵ (نەوشێروان مستەفا) بۆ چارەكردنی كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە، تا ئێستا بڕیاری وا نەدراوە كە كۆبوونەوەی لەگەڵ بكەن، بەڵام وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەییان بۆ هەر گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستان دەربڕیوە.

دەربارەی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە و دابینكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە، (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە كە هەوڵەكانیان لەم نێوەندەدا بەردەوامە و ماوەیەك لەمەوبەریش شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەست لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا كە دانوستانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق بەردەوامە و تا ئێستا شتێكی بەرچاو لەمبارەیەوە نەبووە و هیوای خواست ئەم هەنگاوانە ئەنجامیان هەبێت.

لەبارەی دانی مووچەی كارمەندانیشەوە، جەختی لەوە كردەوە كە، گەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان باش ببێت، حكوومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ باشتركردنی مووچە، بەڵام ئێستا ئەوان نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی ئەم هەنگاوە جێبەجێی بكەن.

 

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی ئێستا لە بەغدا هەیە، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە ئەوان لەو باوەڕەدان ئەولەویەتی ئەمڕۆی عێراق بە شێوەیەكی گشتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چۆنییەتی ڕێكخستنەوەی باری ئابووری عێراقە و لە ڕەوشی ئێستادا ئەوان بە پێویستی دەزانن پشتگیریی سەرۆكوەزیران و عێراق بە شێوەیەكی گشتی بكەن بۆ ئەوەی لەم قەیرانە دەربچن، چونكە لەو بارودۆخەدا كاتی ئەوە نییە بەم شێوەیە شەڕ و نائارامی بكەوێتە ناو پەرلەمانی عێراق كە ببێتە هۆكاری ئاڵۆزبوونی ڕەوشی كۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق و هیوای خواست هەموولایەك لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و یارمەتیی سەرۆكوەزیران بدەن بۆ ئەوەی عێراق ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت.

28
نیسان

 (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمەودوا زۆربەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەداتە كەرتی تایبەت و، گوتیشی كە پێدانی قەرز لەلایەن دامەزراوەی IFCـیەوە بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، جگە لەوەی هاندان و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ وەبەرهێنان، لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییشەوە، پشتگیرییەكی گەورەیە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 - 4 - 2016 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و ڕێكخراوەكانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، ڕێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستێك لە نێوان دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFCكە ئەندامێكی گرنگیی گرووپی بانكی نێودەوڵەتییە، لەگەڵ كۆمپانیای ماس گڵۆباڵی كەرتی تایبەت بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی، بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، دوای پێشكەشكردنی چەند گوتەیەك، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستی نێوان دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFCو كۆمپانیای ماس گڵۆباڵی كەرتی تایبەتی بۆ پرۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا كە IFCبە بڕی 375 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی پارەدار دەكات و 500 مێگاوات لە وێستگەی كارەبای سلێمانی زیاد دەكات و‌ توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 1500 مێگاوات.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە، ئەم بڕە پارەیە هەندێكی بە قەرز دەدرێتە كۆمپانی ماس گڵۆباڵ‌ و هەندێكی دیكەشی وەك هاوبەشییەكی IFCـیە، كە دەبێتە هاوبەشێكی ئەو پڕۆژەیە و بانكی "عەودە"ـیش هاوبەشیی ئەم پڕۆژەیە دەكات و بە دابینكردنی بڕێكی پارەكە، دەبێتە یەكێك لە هاوبەشەكان. هەروەها دووپاتی كردەوە كە، پێدانی قەرز لەلایەن دامەزراوەیەكی گرینگ و دیاری نێودەوڵەتیی وەك IFCبە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، جگە لەوەی هاندان و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییشەوە، پشتگیرییەكی گەورەیە.

جەختی لەوەیش كردەوە كە، ئەم هەنگاوەی IFCمانایەكی گرینگی بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی كوردستان هەیە و نیشانەی متمانەكردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەمەیش مایەی خۆشحاڵی و شانازیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیشە كە سیاسەتی پشتگیریكردن و ئاسانكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان، تێگەییشتنێكی ژیرانە و دیدگایەكی دووری ستراتیژی و سیاسەتێكی گرینگ و سەركەوتووی بەرهەمدار بووە.

لە بارەی كێشەی كارەباوە لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران ئەوەی بیرهێنایەوە كە ماوەیەكی درێژە دەستیان بە چارەكردنی كێشەی كارەبا كردووە، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی زیادبوونی خواست لەسەر وزەی كارەبا، كە ئەمەیش لە هەموو كۆمەڵگایەكی گەشەكردوودا شتێكی ئاسایییە، هێشتا كێشەی كەمیی كارەبا هەیە و ئەمەیش تەنیا كاریگەری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیان نییە، بەڵكو بەرهەمی كاریش سست دەكات و ئەنجام كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و ڕێژەی كار دروست دەكات، بۆیە ئەم بڕەپارەیە لە لایەك یارمەتیی زیاتركردنی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا دەدات، لەلایەكی دیكەیشەوە بڕەپارەیەكی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات.

دەربارەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانی وزەی كارەبا، بەڕێزیان ئاشكرای كرد كە بۆ‌ چارەكردنی كێشە و كەموكوڕییەكانی ئەم كەرتە، بە ڕێژەیەكی زۆر و تا ئەو شوێنەی دەكرێت، پشت بە ‌كەرتی تایبەت دەبەستتن. هەروەها دووپاتی كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەك ‌تەنیا لە كەرتی كارەبادا، بەڵكوو دەیەوێت لە هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاریی گشتیدا، پشت بە كەرتی تایبەت ببەستێت بۆ ئەوەی وەك وڵاتە پێشكەوتووەكان كەرتی تایبەت بتوانێت زۆرترین ڕێژەی خزمەتگوزارییەكان بگرێتە ئەستۆ و سیاسەتی گەشەپێدانی كەرتی تایبەت پەیڕەو بكەن، چونكە ئەوان زۆر بە باشی گرینگیی كەرتی تایبەتیان زانیوە و بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان كردووە.

لە بەردەوامیی قسەكانیدا، سەرۆكوەزیران ئاشكرای كرد كە ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە چوارچێوەی بەرنامەی چاكسازی و، بۆ ئەم مەبەستەیش نزیكەی 30 بڕیاری دەركردووە، كە یەكێكیان بڕیاری ژمارە 69ـیە و بەپێی ئەم بڕیارە هەموو دامەزراوە و دامودەزگاكانی حكوومەت هەوڵ دەدەن ئەوەی لە توانادا بێت، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە كەرتی گشتییەوە بگوازنەوە كەرتی تایبەت و تەنیا ئەو خزمەتگوزارییانە لە ‌دەستیدا بمێننەوە، كە ناكرێت لە دەستی كەرتی حكوومیدا نەبن.

سەبارەت بە ئاسانكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ كەرتی تایبەت، بەڕێزیان ئاشكرای كرد كە حكوومەتی هەرێم هەر لە كابینەی پێنجەمەوە دەرگای بۆ كەرتی تایبەت واڵا كردووە و دەرفەتی گەورەی بۆ ڕەخساندووە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی شیاوی خۆی لە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان و گەشەپێدانی كوردستاندا بگێڕێت و پشتگیری و ئاسانكاریی زۆری پێشكەش كردووە و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەیشدا كەرتی تایبەت بووە داینەمۆیەكی گەورەی بنیاتنان و گەشەپێدانی كوردستان و بە سەدان هەزار دەرفەتی كاری لە هەموو بوارەكاندا، دەستەبەر كرد.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە، واژۆكردنی ئەم گرێبەستە ئەنجام و بەرهەمی سوودبەخش و بنیاتنەرانەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ وەبەرهێنان و پشتگیریی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی دەرخست و بەڵگەیەكی ڕوونیشە كە حكوومەتی هەرێم مامەڵەیەكی دروست و سەركەوتووی لەگەڵ ئەم كەرتەدا كردووە و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا، كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەكان چونكە دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFCپێوەر و ستاندارد و هەڵسانگاندنی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێكی لەم جۆرەی پێدانی قەرز و هاوبەشیكردن لە پڕۆژەكان هەیه و بە ئاسانی ناچنە ژێر باری پێدانی قەرز و هاوبەشیكردن لەگەڵ كەرتی تایبەتی وڵاتان.

لە كۆتاییی گوتەكەیدا، سوپاس و دەستخۆشییەكی تایبەت لە (مۆید مخلوف) بەرپرسی دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی IFCلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا ـ مینا ـ كرد كە خەمخۆرانە هەوڵی دا بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە و، هیوای خواست واژۆكردنی ئەم گرێبەستە، دەسپێكی كۆمەڵێك گرێبەست و وەبەرهێنانی دیكەی IFCبێت لە كوردستان. هەروەك سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕۆڵیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرووپی بانكی نێودەوڵەتی لە هەموو بوارە پەیوەندارەكاندا و سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی كارەباش كرد كە هەموو ئاسانكارییەكی بۆ سەرخستنی ئەم گرێبەستە كردووە. هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە (ئەحمەد ئیسماعیل) خاوەنی كۆمپانیای "ماس گڵۆباڵ"یش كرد كە چەندین پڕۆژەی گەورەی هەیە و ڕۆڵێكی دیاری لە گەشەپێدانی كەرتی تایبەتدا لە هەرێمی كوردستان هەبووە، ئەمە جیا لە سوپاسكردنی بانكی (عەودە)ـی لوبنانی بۆ هاوبەشیكردنی لەو پڕۆژە گرینگەدا.

 

دەقی گوتەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان:

 

ئامادەبووانی بەڕێز

بەیانیتان باش، هەموو لایەكتان بەخێر بێن..

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، من و كاك (قوباد) بەشداری لە ڕێوڕەسم و ڕووداوێكی گرینگدا بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئەویش واژۆكردنی گرێبەستێكی نێوان ئەندامێكی گرنگی گرووپی بانكی نێودەوڵەتی و كۆمپانیایەكی دیاری كەرتی تایبەتە لە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی IFCكە ئەندامێكی دیار و كارای گرووپی بانكی نێودەوڵەتییە، بە بڕی 375 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی تەمویل دەكات، كە لەلایەن كۆمپانیای كەرتی تایبەتی "ماس گلۆباڵ"ـەوە ئەنجام دەدرێت و 500 مێگاوات لە وێستگەی كارەبای سلێمانی زیاد دەكات، بەم شێوەیەیش‌ توانای بەرهەمهێنانی دەبێتە 1500 مێگاوات.

ئەم بڕەپارەیە هەندێكی بە قەرز دەدرێتە ئەم كۆمپانیایە و هەندێكی دیكەشی وەك هاوبەشییەكی IFCیە، كە دەبێتە پارتنەرێكی ئەو پڕۆژەیە. هەروەها بانكی "عەودە"ـیش هاوبەشیی ئەم پڕۆژەیە دەكات و بە دابینكردنی بڕێكی پارەكە، دەبێتە یەكێك لە پارتنەرەكانی ئەم پڕۆژەیە.

پێدانی قەرز لەلایەن دامەزراوەیەكی گرینگ و دیاری نێودەوڵەتیی وەك IFCیەوە، بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی لە دۆخی گشتی و بەتایبەتی دۆخی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ پڕكردنەوەی پێویستییەكی گرنگ بۆ كەرتی كارەبا لە شاری خۆشەویستی سلێمانی، جگە لەوەی هاندان و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها كاتێك دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی لەو ئاستە بەرزەدا قەرز دەداتە كەرتی تایبەتی ناوخۆیی و دەبێتە هاوبەشی پڕۆژەكانی، لە ڕووی سیاسی و مەعنەویشەوە، پشتگیرییەكی گەورەیە و مانایەكی گرنگی بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی كوردستان هەیە.

وێڕای ئەمە، ئەم هەنگاوەی IFC، نیشانەی متمانەكردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەیش مایەی خۆشحاڵی و شانازیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. هەروەها ئەو ڕاستییەش دەردەخات كە سیاسەتی پشتگیریكردن و ئاسانكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان، تێگەیشتنێكی ژیرانە و دیدگایەكی دووری ستراتیژی و سیاسەتێكی گرینگ و سەركەوتووی بەرهەمدار بووە لە هەرێمی كوردستاندا‌.

لە هەرێمی كوردستاندا ماوەیەكی درێژە دەستمان بە چارەكردنی كێشەی كارەبا كردووە، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی زیادبوونی خواست لەسەر وزەی كارەبا، كە ئەمەیش لە هەموو كۆمەڵگایەكی گەشەكردوودا شتێكی ئاسایییە، هێشتا كێشەی كەمیی كارەبامان هەیە. كەمیی وزەی كارەبا بە تەنها كاریگەری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیانمان نییە، بەڵكو بەرهەمی كاریش سست دەكات، ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و ڕێژەی كار دروست دەكات، بۆیە ئەم بڕەپارەیە لە لایەك یارمەتیی زیاتركردنی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا دەدات، لەلایەكی دیكەیشەوە بڕە پارەیەكی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات لە ڕووی ئیستسمارەوە.

بەڕێزان..

ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامین لەسەر پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانی وزەی كارەبا و بۆ ئەم مەبەستەیش ستراتیژی حكوومەت ئەوەیە كە لە چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕییەكانی ئەم كەرتەدا، بە ڕێژەیەكی زۆر و تا ئەو شوێنەی دەكرێت، پشت بە ‌كەرتی تایبەت ببەستێت، بۆیە وەك هەمیشە هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش دەكات بۆ كەرتی تایبەت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەك هەر بە تەنیا لە كەرتی كارەبادا، بەڵكوو دەیەوێت لە هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاریی گشتیدا، پشت بە كەرتی تایبەت ببەستێت و ڕۆڵێكی زیاتری بداتێ، بۆ ئەوەی وەك لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا هەیە، كەرتی تایبەت بتوانێت زۆرترین ڕێژەی خزمەتگوزارییەكان بگرێتە ئەستۆی خۆی.

لە ڕابردوودا زۆر بە باشی گرینگیی كەرتی تایبەتمان زانیوە و بە هەموو شێوەیەك پشتگیریمان كردووە، ئێستایش بەم شێوەیە دەمانەوێت سیاسەتی گەشەپێدانی كەرتی تایبەت پەیڕەو بكەین. ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی كورستان دەكەوێتە چوارچێوەی بەرنامەی چاكسازی و بۆ ئەم مەبەستەیش زیاتر لە 30 بڕیاری دەركردووە، كە یەكێكیان بڕیاری ژمارە 69ـیە.

بەپێی ئەم بڕیارە، هەموو دامەزراوە و دامودەزگاكانی حكوومەت هەوڵ دەدەن ئەوەی لە توانادا بێت، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە كەرتی گشتییەوە بگوازنەوە كەرتی تایبەت و تەنیا ئەو خزمەتگوزارییانە لە ‌دەستیدا بمێننەوە، كە ناكرێت لە دەستی كەرتی حكوومیدا نەبن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە كابینەی پێنجەمەوە دەرگای بۆ كەرتی تایبەت واڵا كردووە و دەرفەتی گەورەی بۆ ڕەخساندووە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی شیاوی خۆی لە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان و گەشەپێدانی كوردستاندا بگێڕێت. بۆیە پشتگیری و ئاسانكاریی زۆری پێشكەش كردووە و زەمینەیەكی لەباری ڕەخساندووە تاكو بتوانێت بەشدارییەكی كارا لە پڕۆژەكانی بنیاتنانی ژێرخان و وەبەرهێنان لە هەموو كەرتەكاندا بكات. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەشدا، بینیمان كە چۆن كەرتی تایبەت بووە داینەمۆیەكی گەورەی بنیاتنان و گەشەپێدانی كوردستان و بە سەدان هەزار دەرفەتی كاری لە هەموو بوارەكاندا، دەستەبەر كرد.

ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستەی ئەمڕۆی دامەزراوەیەكی گرینگی نێودەوڵەتی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجام و بەرهەمی سوودبەخش و بنیاتنەرانەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ وەبەرهێنان و پشتگیریی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی دەرخست. ئەمە بەڵگەیەكی ڕوونە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی دروست و سەركەوتووی لەگەڵ ئەم كەرتەدا كردووە و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەدا، كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەكان.

دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی IFCو هاوشێوەكانی لە دەزگا گرینگە نێودەوڵەتییەكان، پێوەر و ستاندارد و هەڵسانگاندنی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێكی لەم جۆرەی پێدانی قەرز و هاوبەشیكردن لە پڕۆژەكان، هەیە. ئەوان هەروا بە ئاسانی ناچنە ژێر باری پێدانی قەرز و پارتنەری و هاوبەشیكردن لەگەڵ كەرتی تایبەتی وڵاتان. بۆ هەنگاوێكی لەم جۆرە، ستراتیژ، لێكۆڵینەوە، لێكدانەوە و خوێندنەوەی تایبەت و هەمەلایەنەیان هەیە.

بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان دەیكەن و هەبوونی وەبەرهێنانی IFCلە هەرێمی كوردستان، مانا و دەلالەت و گرنگییە‌ مەعنەوییەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر لە بڕی ئەو قەرزە و بڕی پارەی هاوبەشیكردنیان لە پڕۆژەكە گەورەترە و، جۆرێكی دیكەی پشتگیری و دڵنیاییی نێودەوڵەتییە بۆ هەرێمی كوردستان و، هاندەرێكی دیكەی كوردستانە بۆ ئەوەی بتوانێت بە بڕوابەخۆبوون و متمانەیەكی زیاترەوە، بەرەو دواڕۆژێكی گەشتر هەنگاو بنێت.

لە كۆتاییی ئەم ڕێوڕەسمەدا، دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشییەكی تایبەت لە بەڕێز "مۆید مخلوف" بەرپرسی دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی IFCلە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا ـ مینا ـ بكەم، كە زۆر خەمخۆرانە هەوڵی دا بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە. ئێمە هەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزیی بەڕێزیان، بەرز و بەڕێزەوە هەڵدەسەنگێنین، هیوای تەمەندرێژی و سەركەوتنی بۆ دەخوازین. هیوداراین ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە، دەسپێكی كۆمەڵێك گرێبەست و وەبەرهێنانی دیكەی IFCبێت لە هەرێمی كوردستاندا.

سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی پلاندانان دەكەم بۆ ڕۆڵیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرووپی بانكی نێودەوڵەتی لە هەموو بوارە پەیوەندارەكاندا. سوپاس و دەستخۆشی بۆ وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموو ئاسانكارییەكی پێویستیان بۆ سەرخستنی ئەم گرێبەستە كردووە. سوپاس و دەستخۆشیی تایبەتیشم بۆ بەڕێز ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كۆمپانیای "ماس گڵۆباڵ" كە چەندین پرۆژەی گەورەی هەیە و ڕۆڵێكی دیاری هەیە لە گەشەپێدانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا‌.

سوپاسی بانكی "عەودە"ـی لوبنانی دەكەم كە ئەوانیش ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە بەشدارن لەم مەراسیمەدا و سوپاسیان دەكەم كە ئەوانیش هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و بەشداریی لەم پڕۆژەیەدا دەكەن. دیسانەوە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكات.

زۆر بەخێر بێن سەرچاو و زۆر سوپاس.

 

 

پەڕەى 38 لەکۆى 41 پەڕەدا