YJ Dailynews - шаблон joomla Книги

هه‌واڵ (570)

21
نیسان

نەجمەدین مەلا

نەجمەدین مەلا وەك شاعیرو چیرۆكنووس‌و نووسەر ‌و مامۆستا خزمەتی بەكاروانی روناكبیری‌و خوێندەواری كردووە.
نەجمەدین كوڕی مەلا غەفور كوڕی مەلا عەلی كوڕی مەلا برایم كە بەنەجمەدین مەلا ناسراوە ساڵی 1898 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لەئامێزی خێزانێكی ئاینیی رۆشنبیر‌و زانستپەروەردا گەورە بووە.
لای باوكی فێری خوێندنەوەو نوسین بووە‌و لەسەر دەستی زانای ناودار شێخ مستەفا قازی بڕوانامەی خوێندنی ئاینی بەدەستهێناوە.
ماوەیەك وەك فەرمانبەری میری لە رانیە خزمەتی كردووە.
نەجمەدین مەلا لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای كاری رۆژنامەنووسی بووە‌و وتاری ئەدەبی‌و شیعرو چیرۆكی فۆلكلۆری‌و كەلەپوری لە رۆژنامەی زاری كرمانجی بڵاو كردۆتەوە كە مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لەشاری رواندز دەریكردووە.
هاوكارێكی بەردەوامی رۆژنامەكانی ژین‌و ژیانی سلێمانی بووە‌و وتارو چیرۆك‌و شیعری تێیاندا بڵاو كردۆتەوە.
هەروەها چیرۆكی لە زمانەكانی عەرەبی‌و فارسیشەوە وەرگێڕاوە‌و لەو دوو رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە.
هەروەها ژیاننامە‌و شیعری چەند شاعیرێكی بەدەست نوسیوەتەوە‌و بڵاوی كردونەتەوە‌و لەفەوتان رزگاری كردوون.
نەجمەدین مەلا خەمخۆری پەروەردە‌و خوێندن بووە‌و قوتابخانەیەكی تایبەتی بەناوی كەشتی نوح دامەزراندووە‌و مناڵانی فێری خوێندەواری كردووەو نزیكەی حەوت هەزار كەسی فێری خوێندنەوە‌و نووسین كردووە.
لەدوای كۆچی دوایی ژیان‌و بەرهەكانی لەدووتوێی چەند كتێبێكدا چاپ‌و بڵاو كراونەتەوە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە 23ی نیسانی 1962كۆچی دوایی كرد. هەرچەند وەسێتی كردبوو كە لەچیای ئەزمڕ بەخاك بەسپێردرێ‌، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەو كاتەوە لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاك سپێدرا‌و لەدوای مۆركردنی رێكەوتنی ئازاری 1970 وەسێتەكەی جێبەجێ‌ كرا‌و لەرێورەسمێكی شكۆداردا لە سەر شاخی ئەزمڕ بەخاك سپێردرا.
درودی رێز‌و وەفا بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا نەجمەدین مەلای ئەدیب‌و روناكبیر‌و زانستپەروەر

21
نیسان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی 118ـمین ساڵیادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی(رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی) و هاوكات هه‌ژده‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، پیرۆزبایی له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان و میدیاكار و رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌م.
ڕۆژنامەگەریی كوردی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەماندا لەدژی داگیركاری و دیكتاتۆری وەستاوەتەوە و بەشێک بووە لە بەرخودانی گەلەکەمان.
ئێستایش كە وڵاتەکەمان بە هەستیارترین قۆناخدا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و بەرەنگاریی گەورەدایە، ئەرکی میدیاکارانی کوردستانە بە قەڵەمی خۆیان و ڕوحێکی پێشمەرگانەوە بەرگریی لە گەل و وڵاتەکەیان بکەن و ڕێگە نەدەن مێژووی شۆڕش و بەرخودانی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و بێ ئیرادەیی لەناو خەڵکی کوردستان، سەربگرێت.
هەروەها لە کاتێکدا پێشمه‌رگه‌ی كوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا بەو گیانفیداییە بێ وێنەیەوە بەرگریی لە خاک و گەلەکەمان دەکەن، تیرۆریستان بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای زانیاری و هەموو جۆرەکانی میدیا، شەڕی دەروونی لەدژی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن. پێشمەرگە و خەڵکی خۆڕاگری کورستانیش ئەو چاوەڕوانییەیان لە میدیاكارانی خۆشەویستی كوردستان هەیە كە لەبەرانبەر ئەم هەوڵەی تیرۆریستان بوەستنەوە و ببنە بەشێكی كاریگەر لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.
خۆشبەختانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی گەیاندنی زانیاری، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری لە کوردستانیش پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی و كاری ڕۆژنامەگەری لە كوردستاندا هەنگاوی باشی ناوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە میدیا و ڕۆژنامەنووسی لە دۆخێكی زۆر باشدایە لەڕووی ئازادی و نەبوونی كوسپ و تەگەرە بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی. بۆ گەلێک کە هێشتا لە قۆناخی بەرگریی و پاراستنی ناسنامەکەیدا بێت، ئەرکی یەکەمی میدیاکارانی ئەوەیە کە ڕۆڵیان هەبێ لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێكەوەژیان و خۆشەویستیی نیشتیمان.
دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازیزی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

 

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22/4/2016

21
نیسان

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـ 4ـ 2016 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (كەتی گیلمۆر) جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە؛ هەروەها ستاییشی سەركردایەتیكردنی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی پێكهاتەكان و بە سەرنجڕاكێشی وەسف كرد.

خاتوو (كەتی گیلمۆر) هەروەها ڕاشیگەیاند، كە جیهان ئەو پێشوازییەی گەلی كوردستان لەبیر ناكات، كە سەرباری بوونی تەحەدیاتی ئەمنی و ئابووری لە ئاوارە و لێقەوماوان كردوویەتی.
جێگری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای ئاماژەدان بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و عێراق، هێمای بەوەدا كە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق، كوردستان مەودایەكی بەرینە بۆ ئومێد و كەرامەتی مرۆڤ. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەوەی كوردستان لەسەر بنەمای لێبوردەی و دادپەروەری و پاراستنی یاسا و مافی مرۆڤ بنیات نراوە و، جێگەی خۆشحاڵیی كۆمەڵگەی جیهانییە كە كوردستان تەنانەت لە چركەساتەكانی شەڕ و تاریكی و سەختییشدا، پابەندی پڕەنسیپە مرۆڤییەكانە، هەر ئەو ڕەفتارەیش خۆی لەخۆیدا وەڵامێكی كاریگەرە بۆ ئەوانەی زوڵم و كارەساتیان دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام داوە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و، باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە مێژووی عێراق و لە كاتی پەلاماری تیرۆریستان بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە، هاوكات ڕایگەیاند، كە گەلەكەمان مافی پێشێل كراوە بۆیە زۆر بە باشی لە مانای ماف و پاراستنی مرۆڤ دەكات. جەختیشی كردەوە، كە نەهجی كوردستان لە كاتی شەڕ و ئاشتی و ململانێكاندا پاراستنی مافەكانی مرۆڤە.
(سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە تیمە نێودەوڵەتییەكانی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ كرد و بە پێویستی زانی، ئامۆژگاری و بیروبۆچوون و تێبینییەكانیان لەبارەی پێشێلكارییەكان بەهەند وەربگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هەروەها ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە كوردستان ئومێدی بە كار و چالاكیی ئەوان هەیە و، ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكاریی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە و، داوایشی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ ئاگادار بكەنەوە.

 

بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و چۆنییەتی یارمەتیدان و هاوكاریكردنیان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و، تێیدا (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی زۆر یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارەی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی زانیوە و، حكوومەتی عێراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەك پێویست هاوكاریی هەرێمیان نەكردووە لە یارمەتیدانی ئاوارەكاندا.

21
نیسان

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـ 4ـ 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی9 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئیڤێز ڕۆسیێ) جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق و سووریا و، هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و، جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا باسی لە بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی و وڵاتانی دۆست كرد و، ستاییشی قوربانیدان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و، هەروەها پاراستنی پێكهاتەكان و حەواندنەوەی ئاوارەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیانه‌ و، ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەناو كوردستاندا پێ بگرێ و گەشە بكات.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران ئاڵوگۆڕ كرا و، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەستوور و مەسەلەی شەراكەت و مێژووی عێراق كرا؛ (سەرۆك بارزانی)یش بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی میوان شیی كردەوە.

21
نیسان

دەقی پەیامەکە:


    (٢٢/٤)رێككەوتى دەرچوونى یەكەم رۆژنامەى كوردیە بەناوى كوردستان، كە لە (٢٢/٤/١٨٩٨) لەسەر دەستى مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم ژمارەى لە (قاهیرە)دەرچوو، ئەو هەنگاوە مێژووییە دواتر بەردى بناغەى رۆژنامەگەریی كوردیی داناووەرچەرخانێكى مێژوویی گرنگیش بوو لە مێژووى هاوچەرخى گەلى كورددا، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسانى كوردستان لە ناوەوەودەرەوەى وڵات دەكەین، ئومێدەوارین هەردەم لە پێشوەچوون و سەركەوتن دابن لەخزمەتگەیاندن بە بوارى رۆژنامەوانیی و كولتووریی و رۆشنبیریی دا.

   لە(١١٨)هەمین ساڵوەگەڕیی جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیدا هەست بە شانازی و گەورەیی هزروقەڵەمى بیرمەندورۆشنفكرانى كورد دەكەین، ئەوانەى قۆناغ بە قۆناغ بنەمایەكی راستەقینەو پڕبەخششیان لە بوارى رۆژنامەوانی و كوولتوورى داڕشت و پەرەیان پێداو دركیان بەرۆڵ و گرنگى بوارى رۆژنامەوانى كرد لە شۆڕش وسەرهەڵدان و رابوونى شارستانێتی و بڵاوكردنەوەى هۆشیاریی رۆشنبیریی و كولتوورى پێكەوەژیان دا، هەروەها شوناسی نەتەوەیی وكێشەى كوردوئامانجەكانیان بە دەوروبەروجیهان گەیاند.
رۆژنامەوانانى بەڕێز....

  كاروانى نەسرەوتووى رۆژنامەوانی كوردیمان رێگایەكی سەخت و دژوارى بڕیوە لەپێناو بەدیهێنانى ئامانجە فەرهەنگیی و رۆژنامەوانیەكانیدا، رووبەڕووى جۆرەها كۆسپ و بەربەست بووەتەوەوكۆڵی نەداوەو هەر بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەى شانازیمانە كە ئەو كاروانە رۆشنبیرییە خاوەنى دەسكەوتێكى زۆرەو بە قوربانیدانێكى مەزنیشەوە بەردەوام بووە،  هاوزەمان رەوتى رۆژنامەگەریی كوردى شانبەشانى بزووتنەوەى رزگاریخوازیماندا زەوینەیەكى لەبارى رەخساند بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنى بیری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەریدا، لە قۆناغە جیاجیاكانى خەبات داو هەردەم سەنگەرى رۆژنامەگەریی چەكی بەرگرى و هۆشیاریی و جۆشدانى گیانى بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەكی راستەقینەو بوێری شۆڕش وراپەڕینەكان بووە.

  رۆژنامەى(كوردستان) وەك یەكەمین رۆژنامەى كوردیی، لەرووى دەوڵەمەندكردنى بیری نەتەوەیی و سیاسیدا رۆڵێكى پێشەنگى هەبوو، بەو پێیەى كەسانى پێشەنگى رۆژنامەگەریی كوردى، رۆشنبیرومیدیاكار بوون، هەروەها رۆژنامەكە گرنگى دەدا بە بوارى رۆشنبیریی و ئەدەبی و زمان و مێژوو، مایەى شانازى نەتەوەییەمانە، كە بەسەر لاپەرەكانیدا سەردەمێكى تازەى لە كرانەوەوگەشانەوە خستەسەر پشت،  گوزارشتی لە كێشەى گەلێكى بەشمەینەت دەكرد.
ئەو هەوڵە مەزنە بناغەیەكى مێژوویی بۆ تەلارى رۆژنامەگەریی كوردیی داناو وەك پردێكى رۆشنبیریی وابوو لە نێوان كوردستان و وڵاتانى دیكە، رۆژنامەى كوردستان هەر لەسەرەتاى دەرچوونیەوە گرنگى دابوو بە كێشە چارەنووسازەكان و رۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیاودیارەى رۆشنبیرانى كورد بۆ دەرخستنى خواست وویست ودەردەسەری رۆڵەكانى گەلەكەیان، هەروەها هێزێكى تازەیشی بەخشیە ژیانى رۆشنبیریی كوردیمان، بۆیەش پاشان بووە هۆكارێكى بنەڕەتى گەشەكردن ونوێبوونەوەوسیستمازەكردنى بوارى پیشەیی و ئەدەبی و فەرهەنگی.

  ئەمڕۆش لەسایەى راپەڕین و دەسكەوتەكانى گەلەكەمان و حوكمڕانیی هەرێم و ئازادى و دیموكراسی و فرەرەنگی لەهەموو بوارەكاندا، جارێكى دیكەو بە سیستماتیزەكردنى لەرووى یاسایی و دەستووریەوە، رۆژنامەگەریی كوردیی بە گوڕوتینێكى زۆروبەربڵاوانەتر لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا لە مەیدانەو رۆڵى شیاووئەرێنى خۆى دەگێڕێت، كە زەوینەودەرفەتى ئازادى بیروڕاورادەربڕین و ئازادى رۆژنامەگەریی فەراهەم كراوەو بە دەیان و سەدان دەزگاوكەناڵ و بڵاوكراوەى هەمە جۆروهەمەرەنگ هەن لەسەر گۆڕەپانەكە كارى خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش وادەخوازێ رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەریی كوردیی پەیامى راستەقینەى خۆیان هەمیشە لەبەرچاو و بیر بێ، رۆژنامەوانان بەرپرسیارانە لە هەمان سەنگەرى نیشتیمانپەروەریدا بجەنگن و رۆڵى زێدە كاریگەرى خۆیان بگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەى بیروباوەڕ و رەوتى توندڕۆیی و توندوتیژى و تیرۆر بە گشتى، هەروەها بۆ پیادەكردنى ئیتیكى كارى رۆژنامەوانی و داكۆكیكردن لە كێشە رەواكان و دیاردە ئەرێیەكان و  رەچاوكردنى راستییەكان و مسداقیەتى كاروچالاكیەكانیان.

راستیەكى حاشاهەڵنەگرە، كە ئێستا رۆژنامەگەریی كوردیی سەبارەت بە ساڵانى پێشتر پێشكەوتنى زیاتروچاكترى بەخۆوە بینیوەوكاریگەرى باشترى هەیە بەسەر سەرجەم بوارەكاندا ئەمەش بۆ بارودۆخى سەقامگیریی سیاسی هەرێم و ئەو فەزا كراوەیەى كاریی میدیایی و پێشكەوتنى تەكنەلۆجیاوئامرازەكانى دیكەى گەیاندن و پەیوەندیكردن لەوانەش تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، دەگەڕێتەوە، بۆیەش پێویستە بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت و بەرفراوانتر كاریگەرى زیاتر وئەرێیانەتر بێت و زیاتر ئەو دەسكەوتانە بپارێزرێن و بنەماو بناغەكانى ئەو ئەزموونە پتەوتربكرێن. 

لە یادى رۆژنامەگەریی كوردیدا وێراى پاڵپشتى تەواومان بۆ پرەنسیپ و ئەخلاقیاتى راست و دروستى رۆژنامەوانیی و ئازادی رادەربڕین و ئازادى رۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە پێویستە دەسەڵاتى رۆژنامەوانیی بەرپرسیارانە و زیاترو چاكتر ئەركى راستەقینەى خۆى ئەنجام بدات و دەروازەى ئازادی رادەڕین واڵاتر بكرێ بۆ رەخساندنى بوارى كارى رۆژنامەوانیی بەپێی بنەماوپرەنسیپە گونجاووهەرەپێشكەوتووەكانى دنیا و  كەمكردنەوەى گیروگرفت وكەموكوڕیەكان و نەهێشتنى دیارە دزێو و پێشێلكاریەكان. 
  لە جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیدا، سڵاوورێز بۆ خانەوادەى بەدرخانییەكان و گشت ئەو پێشەنگە ماندوونەناس و خەباتكارە نادیارانەى رێگەی رەسەنى كوولتوریی و رۆژنامەوانیی و وشەى شیرینى كوردى...

بەرزو شكۆدار بێت رۆژنامەى(كوردستان)و ساڵیادو جەژنى رۆژنامەگەریی كوردیی...  

 

 دەزگاى رۆشنبیریی و راگەیاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان 
  

21
نیسان

به‌ مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ره‌وش و بارو گوزه‌رانى بنه‌ماله‌ى شه‌هيد شاخه‌وان كۆيى كاكه‌من نه‌جار ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارێزگاى هه‌ولێر سه‌ردانى ماڵى شه‌هيد شاخه‌وان ى كرد و له‌لاه‌ين باوك و برا و بنه‌ماله‌كه‌ى به‌ گه‌رمى پێشوازى كران . دواتر كاكه‌مين نه‌جار سه‌ردانى سه‌ردانى كه‌سايه‌تى شێخ عبدالقادر حاجى محمد لۆلانى كرد و له‌ نزيكه‌وه‌ له‌ بارى ته‌ندرووستى به‌رێزيانى پرسى و هيواى ساغ و سه‌لامه‌تى بۆ خواست

20
نیسان

سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە گوتاریدا لە مەڕاسیمی راگەیاندنی پلانی ستراتیژی پەرەپێدانی هەولێر بۆ سێ ساڵی دابێ، رایگەیاند کە هەولێر شایستەی زیاتری پەرەپێدانە و ئاماژەیشی کرد کە شەڕی دژ بە داعش و قەیرانی دارایی لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین.

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەناوی هەولێر پایتەختی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانە پارێزگای هەولێر پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی هەولێر بۆ سێ ساڵی داهاتوو (٢٠١٦ تا ٢٠١٨ راگەیاند.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی بیانی و ناوخۆیی کرد، راشگەیاند کە لە بۆنەیەکی گرینگدا لە گشت پێکەوە نەتەوەیی و ئایینی کە پێکەوەین هیوادارم ئەو پلانە لەکاتی خۆی بەپێی خشتەکە جێبەجێ بکرێ و هەولێر بگوازێتەوە قۆناخێکی دیکەی پێشکەوتن؛ حکوومەتی هەرێم پلانی بۆ پەرەپێدانی هەرێم داڕشتووە و تا ساڵی ٢٠٢٠ جێبەجێیی دەکات.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە بەرفراوانی ئەم پلانە کرد وێڕای ئەوەی کە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر ئەم جۆرە بەرنامانە هەیە، بەڵام هەرێم لەسەر ئەم بەرنامانەدا وەک پێشکەوتنی کوردستان و پەرەپێدانی کوردستان سارد ناکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، هیوادارین وەک ئەوەی لە هەولێر دەکرێ لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێ. سەرۆکوەزیرانی کوردستان باسێکی مێژووی لەسەر پێکەوەژیانی دێرینی هەولێر پێشکەش کرد و باسی لەو پێکەوە ژیان و ئایینییە کرد کە لە هەولێر هەیە و ئەمەیش وای لێکردووە کە ببێ بە شارێکی پێکەوەژیانی نمونەیی و هەروەها شایشتەی بایەخ و گرینگی پێدانی زیاترە.
باسیشی لە خەونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پێشخستنی کوردستان کە ئەگەر لە هەندێ حاڵەتیش بەرنامەکان سست بووبێ، بەڵام حکوومەت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بەردەوام دەبێ.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە، ئەم پلانە بۆ حزمەتی هەولێرە بۆ سێ ساڵی دابێ بۆ زیاتر پێشکەوتنی شارستانی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان دانراوە..ئاماژەیشی دا کە بە ئیرادەی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم ئەو قەیرانەی کە هەیە تێیدەپەڕێنین.

پاتریک گایزن، نوێنەری هەماهەنگی یەکێتی ئەورووپا لە هەولێر لە گوتارێکیدا دەڵێ، یەکێتی ئەورووپا زیاتر لە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یۆرۆی بۆ پاڵپشتی دارایی ئەم پلانە ستراتیژییە تەرخان کردووە..پاتریک دەیشڵێ، یەکێتی ئەورووپا پاڵپشتی هەرێم و حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات.
خاتوو ئیلیزا نوێنەری رێکخراوی یوئێن دی پی، وێڕای ئاماژەی بەوە کرد کە پلانەکە بۆ داهاتووی هەولێر گرینگی زۆری هەیە هەروەها ئاماژەیشی دا کە پلانەکە لە دهۆک و سلێمانیش جێبەجێ دەکرێ.
ئەم بەرنامەکە لەلایەن یەکێتی ئەورووپا و رێکخراوی یوئێن دی پی و وەزەراتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری کراوە

20
نیسان

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ گوتی، رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەند ھاوەنێکی بە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەوە ناوە، گومان دەکرێت چەکی کیمیاوی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر(جەمال مورتکە) راگەیاند، "هاوەنەکانی داعش بەر گوێڕ و ھەندێکیشی ئاراستەی ناوچەی ئەبوشیت و گامێش تەپە و ئەو ناوچانە کراون، بۆنێک لە پاشماوەی گولـلەکانەوە دێ کە گومان دەکرێت چەکی کیمیاوی تێدا بێت.

(جەمال مورتکە) گوتیشی، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لێکۆڵینەوەیان لەو گولـلە ھاوەنانە دەست پێ کردووە و، ھەرکاتێک لێکۆڵینەوە تەواو بوو، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکرێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، بە هۆی ئەو بۆردوومانەی داعشانەوە چوار پێشمەرگە بریندار بوون و، بەگوێرەی زانیارییەکانی پزیشکی پسپۆڕ بێ وەک ئەوەی قسەی بۆ مێدیاکان کردووە، ئەو ماددەیەی لە لەنێو گولـلەهاوەنەکاندا بووە و دژ بە پێشمەرگە بە کار هێنراوە، گازی خەردەل بووە.

20
نیسان

به‌ بانگهێشتى فه‌رمی و بۆ به‌شدارى له‌ كۆنگره‌ی پارتى عه‌داله‌ى رووسیادا، ئه‌مڕۆ جوارشه‌ممه‌، شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تیى (سه‌رۆك بارزانى) گه‌یشته‌ مۆسكۆ.


ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ى پارتى عه‌داله‌ى رووسیا له‌وانی پێشتری جیا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان به‌شداره‌ تێیدا، ستراتیژى رووسیایه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ناوچه‌كه‌ و، هه‌روه‌ها پێگه‌ی پارتی دیموكراتى كوردستانه‌ له‌ هاوكێشه‌ و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كاندا.
وه‌ك زانراوه‌، شانده‌كه‌ی پارتی له‌ په‌راوێزى كۆنگره‌ و مانه‌وه‌یان له‌ مۆسكۆ، چه‌ندین دیدارى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

 

شانده‌كه‌ی پارتی، به‌رپرسى مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى(هێمن هه‌ورامى)  سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و (د.خۆشه‌وى مه‌لا ئیبراهیم) و (عه‌بدولسه‌لام زێبارى) یاوه‌ری ده‌كه‌ن.
شانده‌كه‌ له‌باره‌ی دۆخی ئێستا و پاشه‌ڕۆژی ناوچه‌كه‌ و، هه‌رێمی كوردستان، په‌یام و ڕوانگای (سه‌رۆك بارزانى) له‌ مۆسكۆ ده‌خاته‌ به‌ر باسه‌وه‌.

19
نیسان

 به‌ناوی خۆم و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بەبۆنەى جەژنى (چوار شەممە سوَر)و سەرى ساڵى نویی ئیزیدیان پیرۆزباییەكى گەرم لە ئەنجوومەنی روحانی كوردانی ئیزدی و سەرجەم ئێزیدیان لە كوردستان وجیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكان لە سایەى ئازادى كوردستان بە خۆشی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە .

پەڕەى 40 لەکۆى 41 پەڕەدا